فاروق عه‌لی 06/09/2020 541 جار خوێنراوەتەوە

گروپەکانی کوشتن و ڕفاندن

ڕۆژانە لەهەواڵەکان گوێبیستی کوشتن یان ڕفاندنی هاوڵاتی دەبین لەهەرێمی کوردستان ، هەرجارەو تراژیدیایەک لەگۆشەیەکی ئەم هەرێمەوێرانەیە بەرۆکمان دەگرێ ، زامی سنورێ ساڕێژ نابێ ، لەشوێنێکی تر خێزانێک ڕەشپۆش دەکرێ.

هەندێ جاریش دەبیستین گروپێکی تاوان لەشاروشارۆچکەیەک دەستگیر کراون ، دزی و ڕاوڕوتیان کردووە، بۆری نەوتیان کونتێکردوەو نەوتیان دزیوە، بەناوی دەزگائەمنیەکانەوە زاڵگەیان داناوەو باج و سەرانەیان لەخەڵکی وەرگرتووە .......هتد

گرنگە جارێک بپرسین، کێن ئەم گروپانە؟ کێ پشتیوانیان لێ دەکا؟ سەربەکام حیزب و دەزگاو دەستەن؟ ئایا خەڵکی بێ پشت و پەناو هاوڵاتی ئاسایی دەتوانێ ئەوجۆرەکارانە بکات؟

پاش دەستگیرکردنی یەکێک لەم گروپە مافیائاسانە بۆچی جارێ نەدرانە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سزای توند بدرێن بۆئەوەی بۆخەڵکی تر ببنە دەرس و عبرەت و کەس جارێکی تر بیر لەو جۆرە کارانە نەکاتەوە؟

ئەگەر جارێک گەنجێکی ئەهلی مزگەوت بکەوێتە ژێر کاریگەری گروپێکی پەڕگیرو لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بابەتێکی بڵاو کردەوە، بەیاسای دژەتیرۆر دەستگیر دەکرێ و بەخۆیەوە ناوەستن خزم و کەس و کاریشی ڕاپێچی زیندان دەکرێ و پاش ئەوەی لەژێر ئەشکەنجەدا هەندێ شتی بەناچاری پێدەڵێن و دانپێدانانەکەی لەمیدیاکان بڵاودەکرێتەوە وەک ئەوەی ابوبکر بغدادی دەستگیر کرابێ.

گومانی تێدانیە هیچ کەسێک ناتوانێ بەبێ پشتیوانی و پشتگیری کاری راوڕووت و پەلاماردان و ڕێگری بکات، ئەوانەی ئەوجۆرەکارانە دەکەن یان سەربەدەزگا ئەمنیەکانن یان خەلکانێک لەودەزگایانەوە پشتیوانیان لێ دەکەن ، ئەوکاتەی هێزەئۆپۆزسیۆنەکان داوادەکەن بۆ ئەوەی هێزەسەربازی و ئەمنیەکان سەربەحیزب و شەخس و کەسەکان نەبن و دەزگای نیشتمانی بن ، بۆئەوەیە بەناوی ئەودەزگایانەو لەپەنای ئەوان دا کوشتن و ڕاوڕووت ئەنجام نەدرێ ، بەڕۆژی نیوەڕۆ نەڕۆنەسەر خەڵکی بازرگان و کاسب کارو ڕووتیان بکەنەوەو سەرانەیان لێ بسێنن.

بێگومان یاسای سزادانی عێراقی هەیە کە یاسایەکی زۆر توندە بۆئەوکەسانەی لەچوارچێوەی هێزەسەربازی و ئەمنیەکاندا کار دەکەن و بەشێوەیەک لەشێوەکان سەرێچی دەکەن ، بەڵام بۆ ئەوانەی تاوان ئەنجام دەدەن و لەڕیزی هێزەسەربازیەکان و ئەمنیەکاندان جارێ نەمان بینی ئاشکرا بکرێن ولەدادگاکان سزابدرێن .

جێگەی خۆیەتی داواکاری گشتی گلەیی لێ بکرێ بۆلەم جۆرە بەرەڵایی و کوشتن و بڕین و تاڵان کردنە بێ دەنگە . ئایاڕۆڵی داواکاری گشتی لەم هەموو پاشاگەردانیە چیەو کەی لەمافی هاوڵاتیان دەپرسێتەوە.

بەهەمان شێوەدەستەی مافی مرۆڤ بەداخەوە لەم جۆرە پرسانە نەک بێدەنگە و هیچ جۆرە هەڵوێستێکی نیەو، ئەگەر هەندێ جاریش لەڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانە لەڕاپۆرتەکانیان باس لەپێشێلکاری مافی هاوڵاتیان بکرێ ، ئەوائەم دەستەیە پاساو دەهێنێتەوەو دەبێتەپارێزەری ئەو دەزگاو گروپانەی پێشێلکاریەکەیان ئەنجام داوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا