ئهبوبهكر ههڵهدنی
09/12/2019
578 جار خوێنراوەتەوە
شەن وکەوێکی کابینەی نۆیەم لەژێر ڕۆشنایی ووتارەکەی سەرۆکی حکومەت دا!
وەک ئەرکی پەرلەمانتارکە چاودێری کردنی دەسەڵاتی
جێبەجێ کردنە، دەتوانین ووتارەکەی بەڕێز سەرۆکی حکومەت وەک (بەڵێن) و(پلان) و(بەرنامە)
لێک بدەینەوە،نەک دەسکەوتی وەدی هاتوو.
لەم ماوەیەدا لە میدیاکان سەرۆکی (نیوزیلاند)مان
بینی لەماوەی دوو خولەکدا دەسکەوتەکانی حکومەتەکەی بۆهاوڵاتیانی ووڵاتەکەی بەژمارە
خستەڕوو،لەو وتارەکەی شەوی ڕابردووی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەژمارە پێی نەوتین
کە (داهاتی نەوت وناوخۆ چەندە) و(چەند دۆسیەی گەندەڵی یەکلاکراونەوەو چەند گەندەڵکار
سزادراون) و(چەند کارگەی لەکارکەوتوە خراونەتەوە گەڕ) و(چەند موڵك وماڵیان گێڕاوەتەوە
بۆ خەزێنەی گشتی) و(چەند کۆمپانیایان گێڕاوەتەوە ژێر ڕکێفی باج دان) و(چەند هەلی
کاریان بۆ گەنجان ڕەخساندوە) و(چەندە ڕێژەکانی خۆکوشتن وجیابونەوە ی خێزانیان لەسایەی
سەقامگیری حکومەتدا کەمکردۆتەوە) وچەندین چەندی دی .
هەموان ئەو ڕاستیە دەزانین کە هەڵتەکاندنی (سەرەنوێلکی
هەڵدراوەی گەندەڵی حوکمڕانی هەرێم) ویستێکی شێلگیرانەی دەوێ وئەم کابینەیە کەلە10ی
تەموزی ئەمساڵەوە متمانەی پێدراوە توخنی زۆربەی دۆسیەکانی نەکەوتوە، چونکە بەگوتەی
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم (ئەگەر هەموو هاوڵاتیانی هەرێم دەستەی دەستپاکی بن دەرەقەتی
بنبڕ کردنی گەندەڵی ناکەون) لەبەر ئەوەی گەندەڵی بەسیستماتیک کراوە و گەندەڵکاران
خاوەن پێگە و نفوزن.
ئایا لەم سەد ڕۆژەی حوکمڕانی (کەمشتێک نمونەی خەروارێکە)
وەک بەڕێز سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێدا (قۆناغی باشمان بڕیوە، دەسکەوتی بەرچاو
هاتونەدی، ڕەوتی کارەکان کەوتوەتە سەر ڕاستەڕێ)؟
لەکۆی پرۆسەی چاودێریکردنی ئەم ماوەیەی تەمەنی
ئەم کابینەدا هێشتا هەنگاوی جدی بەپەلە وئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆ پەندوەرگرتن لەڕابردوو
و دەرفەت لەکیس نەدان نابینرێت.لەوانە:
_لەبواری داهات هێشتا پەرلەمانتارانی هەرێم
چ جای هاوڵاتیەکانی نازانن ڕێژە و قەبارەی داهاتی هەرێم چەندە، شەش ساڵە بودجە نەهاتۆتە
پەرلەمان.
_دەستوەردانی حزب لەدادگا،داواکاری گشتی،
زانکۆکان،دام ودەزگاکانی حکومەت زیادی کردوە و تەزکیەی حزبی نەک بنبڕ نەکراوە بەڵکو
گەڕاوینەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان، بە نمونە لەم ماوەیەدا مانگرتنی پانزە دادوەرو
داواکاری گشتی سنووری گەرمیانمان بینی نەک گوێ یان لێ نەگیرا، بگرە هەندێکیان
سزادران.
_هێشتا هاوڵاتی بوون نەبۆتە پێوەری مامەڵەی
دەزگا حکومیەکان، دۆسیەی فەرمانبەرێکی ئەندازیارم لەلایە پێنج وەزیرم تێگەیاندوە لەدۆسیەکەی
هێشتا لەژێر مۆری (لانوافق) دادەناڵێنێ، هەرلەم ماوەیەدا بەجەندین تەکلیف وتەلەفون
ڕێگەدرا بەهاوڵاتیەکی بەشمەینەتی هەرێم بۆدانانی سەمونخانەیەک لەیەکێک لەقەزاکان تەنها
بەپاساوی حزبایەتی!؟
_هەموو پڕۆژەیەک لەهەرێم بەرپرسێک لەپشتیەوەیەتی
عه ره ب گوتەنی(من وراء كل مشروع مسؤول)دەنا هەزاربڕوبیانوو بەهاوڵاتی دەگیرێ تا
ناچار دەبێت کاربەدەستێکی دەستڕۆیشتوو بکاتە هاوبەش وشەریک.
_لەگەڵ ناوەند کوردیش وهک لایەنەکانی
تری عێراقی هاوکارێکی جدی سەرۆک وەزیرانی عێراق نەبون بەئاقاری چارەسەری کێشەکان
تادەرفەت و کات لەکیس دراو هێشتا ڕێكەوتنەکان گرەنتی کراو نین کەجێبەجێ بکرێن.
_هاوڵاتیانی هەرێم بەدەست کەمی وخراپی
خزمەتگوزاریەکانی ڕێگاوبان، تەندروستی، ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا، نەوت دەناڵێنن و واوەیلایانە.
_پاشەکەوتی موچە ودانەوەی قەرزی موچە خۆران
سپێرراوە بە ئایندەیەکی نادیار، کەحکومەت خۆی هۆکاری ئەم بێمتمانەییەی هاوڵاتیانە
نەکاری بەبایۆمەتری کرد، نەحسابی بانکی کردەوە بۆ موچەخۆران، نەخۆی هێشتی بەشێکی ئەو
پاشەکەوتە هاوڵاتیان بەکاری بهێنن لەبری پسوڵەی ئاو و کارەبا و باجەکان بەگشتی.
_پێشمەرگە پێشمەرجی بەنیشتیمانی کردن و خزمەتکردنی
ئەوەیە کوتومت یاسای حزبەکانی ژمارە(١٧)ی ساڵی ١٩٩٣ جێبەجێ بکرێت، قەدەغەی کاری
حزبی لەتەشکیلاتەکانیان بکرێت، دانان ودامەزراندن لەسەربنەمای هاوڵاتی بون بێت نەک
حزبی بوون، کۆلێژەکانی پۆلیس و سەربازی هەژموونی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەیان لەسەرهەڵیگرێت،
ئابونە لەپێشمەرگە وەرنەگیرێت.
_کەسوکاری شەهیدان ئەوکات ئاسودەن کەلیستی
موچەکان پاکسازی تیابکرێت وجاش و ئەنفال چی و مەفرەزە خاسەکانی سەردەمی بەعسی لەناوچوو
لەسەرەی موچەدا هاوشانی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان نەوەستابن.
_کشتوکاڵ و گەشتوگوزار لەهەرێم وەک دووکەرتی
گرنگی پشتگوێ خراون، کەئەگەر قەترەیەک بەنزینمان نەبوایە دەبوایە ئەم میللەتە شەش
ملیۆنیەی هەرێممان بەوخاکە بەپیتە وژینگە جوانەی کوردستان بژیاندایە، بەنمونە
ساردخانەکانی (گردەبۆر)ی سلێمانی کەبڕی چەندین دۆلاری تێ چوە نەخراونەتە گەڕ کە
(٣٢)سارد خانەیە وهەریەکەیان هەزاروپێنج سەد مەترە،جوتیاران هێشتا چاوەڕوانی پارەی
گەنمی ساڵانی ڕابردون بەچ حەماسەتێکەوە لەچاندنی بەرهەمی ساڵی نوێ بنەون.
بۆیە بەمەزندەی ئێمە ئەم کابینەش هێشتا بازنەی
بەڵێن دانی تێنەپەڕاندوە و لەوەناچێت چوارساڵی تەمەنیشی شتی گەورەی پێ بکرێت چونکە
مانگ سەرلەئێوارە دیارە، کەسەرچاوەی ئەم بۆچونانەشمان واقع بینیە نەک ڕەشبینی و ڕەتکردنەوەی
هەمووشتێکی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن. چونکە ڕکابەری دوودەسەڵاتەکەی یاسا دانان وجێبەجێ
کردن دەبێت لەسەر بنەمای یەکتری تەواوکردن و خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیانی
کوردستان بێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی ئهبوبهكر ههڵهدنی