ئهبوبهكر ههڵهدنی
08/05/2020
328 جار خوێنراوەتەوە
هەڵوێستێکی جدی بۆ گێڕانەوەی ڕەوتی شێواوی کاری پهرلەمانی، له پێناو پهرلهمان پێش پهرلهمانتار!
ئهبوبهكر ههڵهدنی
کە مانگی دەی ساڵی ٢٠١٥ رێگری لە سەرۆکی پهرلەمان کرا و بۆ ماوەی دووساڵ پەرلەمان پەکخرا و تەنها بۆ مەبەستی ڕیفراندۆم کارا کرایەوە (ئەو ڕیفراندۆمەی سەری کوردی کرد بەقوڕا و پەنجا ساڵ دۆخی ئێمەی بۆ دواوە گێڕایەوە) بەداخەوە بەگرێی دەروونی و تۆڵەکردنەوە و دەستشکاندنەوەی حزبی، هیچ هەڵوێستێکی کاریگەر دەرنەبڕدرا.
لەساڵی ٢٠١٧ کەخۆپیشاندەران هاتنە ناو حەرەمی پهرلەمان (کە لە هەولێر ڕێگەدان بە خۆپیشاندان ئەستەمە و دەسەڵات مەیلی نەبێت ڕوونادات) و سوکایەتییان بە پەرلەمان و پەرلەمانتار کرد، ئەم جارەش بە سانایی تێپەڕێنرا.
دوێنێش ئەوەی کە روویدا لە پێشهاتێکی ترسناک بۆ ئایندەی کاری پهرلەمانی، بۆیە داواکارم لەو فراکسیۆن و پەرلەمانتارانەی کە دوێنێ بایکۆتیان کرد، گەر ڕێگا نەگرن لەم دەرکەوتە نوێیە، کاری پهرلەمانی هیچ بایەخ و ئەرزشێکی بۆ نامێنێتەوەو ناکرێ دوو رۆژی تر بە مجامەلە و پێکەنین و بە لۆژیکی (ئەمەش تێدەپەڕێ و خەڵک شتی بیر دەچێتەوە)، یان بە (درۆی شاخداری یەکڕیزی و دۆخی ناسک) چاو لەڕاستیەکان بپۆشین و چارەسەری بنبڕو ریشەیی نەکەین، بۆیە پێشنیازدەکەم بەرەی بایکۆتکاران بۆ ئەوەی پەیامیان بگات و ستۆپێ بۆ شکاندنی شکۆی پارلەمان بکەین، ئەم هەنگاوە بگرینە بەر:
١. تا چەندمانگێک بایکۆتی پارلەمان و لیژنەکان بکەین.
٢. دەستلەکارکێشانەوەیەکی بەکۆمەڵ ئەنجام بدەین.
٣. ئەو فراکسیۆنانەی کە حزبەکانیان لە حکومەتن، لەحکومەت بکشێنەوە.
ئەگینا هەر ورە ورو دەنگهەڵبڕین و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هیچ جەدوایەکی نابێت.
ئامانج لەم هەنگاوانە گێڕانەوەی ئابڕوو قورساییە بۆ پهرلەمان، گەر ئەوە نەکەین پێشهاتی تری چاوەڕواننەکراو دێتە ڕێمان و عەرەب وتەنی (القادم اسوأ).
تێکۆشەرە میسریەکانی خەمخۆرانی ئازادی و دیموکراسی وتەیەکی نایابیان هەیە کە دەڵێن (دفاعا عن مصر لا عبدالناصر)، ئێمەیش دەڵێن لەپێناو دامەزراوە و ئەزمون و ئایندە و کەرامەتمان نەک تەنها کەسەکان، هەرچەند کەسەکانیش ڕێزو ئیعتباری خۆیان هەیە.
ئەبوبەکر هەڵەدنی
٨ی٥ی٢٠٢٠
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی ئهبوبهكر ههڵهدنی