هێمن عه‌بدولقادر 27/05/2019 580 جار خوێنراوەتەوە

خەونی منداڵەکانتان مەشێوێنن



لە ساڵی (٢٠١٨)دا نزیکەی (٩٠٠) دۆسیەی خێزانی هاتووه‌تە سەنتەرەکەمان، لە سەدا هەشتاو پێنجی (٨٥%) ئەو دۆسێیانە، یان کێشەی خێزانەکان بە هۆی تەداخولاتی کەس و کارەوە بووە، ئەمە جگە لە هۆکارە لاوەکیەکانی دیكه‌.

بەشی هەرەزۆری ئەو دۆسیانە، یان ئیحالەی کۆتایی ئەبێت بۆ دادگاییکردن، یان ناتوانرێت ئاشتەوایی خێزانی تیا بکرێت، چونکە بابەتەکە چەند ڕەهەندێکی هەیە ..

ڕەهەندی هەرە قوڵ و ترسناکیان (تەداخول کردن)ی خەڵکی ترە (لە رەفیق و دۆستەوە بیگرە هەتا ئەگاتە دایک و باوک و خوشک و برا و خاڵ و مام و ئامۆزا و پورزا .. هتد)

ساتی یەکەمی ئەم تەداخولکردنە، لە رۆژی یەکەمی لە دایکبوونی منداڵ و سکپڕییەوە دەستپێدەکات، خەڵکی هاوسەرگیری کردووە کۆمەڵگا رەگەزی کۆرپەلەی بۆ دیاریدەکات، بۆ نموونە "یاخوا بە باوکی کوڕ بیت"..

هەتا ئەم منداڵە گەورە دەبێت و دەچێتە ماڵی خۆی، تەداخولات هەر بەردەوامە.
  
لە ساتی یەکەمی مارەبڕین و جل هەڵگرتن و ئاڵتوون هەڵگرتنەوە بیگرە، هەتا دەگاتە ئەو لەشکرە کە شوێن کوڕ و کچ دەکەون بۆ ناو بازاڕ بۆ قاپ هەڵگرتن و قەنەفە هەڵگرتن و رەسمگرتن، تەداخولاتی کەس و کار و ماڵە باوان (جا بە مەبەست بێت یاخود لە نەزانیەوە) دەستپێدەکات .. لە سەرەتای زەواج و دیاریکردنی جۆری شەکرا و و هۆڵ (لەبەر پێگە و کەسایەتی) نەک بۆ ژیانێکی دروست، هەتا ئەو ڕۆژەی کە لە یەکتریان جیا دەکەنەوە، درێژە دەکێشێت.


لەو دۆسێیانەشدا زۆرینەی کوڕەکان هەمیشە بە دڵێکی پڕ لە حەسرەت و چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە، (چاوێکی لە سەر داهاتووی نادیاری منداڵەکانییه‌تی و چاوێکی لە سەر ئەو ژیانە ناخۆشەیە کە بەڕێی کردووە)و دواجار کوڕەکە دەڵێت:"من دەمەوێت خێزانم بەرمەوە لای خۆم، هیچ کێشەیەکم لەگەڵیا نییە بەس دایکێکی هەیە ژیانی لەبەر هەڵگرتووین"..

بەپێچەوانەشەوە، زۆرجار کچەکە بە چاوی پڕ لە گریانەوە و ترسی لە ئایبندەی خۆی و منداڵەکانی، دەڵێت:" دەمەوێت بچمەوە لای مێردەکەم (بەڵام برا و باوکی مێردەکەم ناهێڵن پشوویەک بدەین"، تەنانەت تا رۆژی دادگاییکردنەکەشی کەس و کارەکەی هەر لەگەڵی دێن و بەردەوام لە تەداخولات کردن..

دواتریش ئەوانەی کە تەداخولیان کردووە، دەچن بە لای ژیانی خۆیانەوە و بەد بەختیەکانیش بۆ کوڕ و کچ و منداڵەکانیان جێدەهێڵن.
 
کچەکەت شوی کردووە، پێویست ناکات هەموو رۆژێک بانگی بکەیتەوە بۆ (سەیران و میوانداری و فەرش شۆرین و دەعوەت و بازاڕ کردن و جەژنی لە دایکبوون)و کێشەی بۆ دروست بکەیت..

کوڕەکەت ژنی هێناوە، مەڵێ سەردەمی ئێمە ئاوا و ئاوا بووین و ئێوە ئاوا و ئاوان، کوڕەکانتان بۆ توندو تیژی هان مەدەن، (کات و شوێن) دەگۆڕێت ..
هیچ (دە)ساڵێک لە (دە)ساڵی پێش خۆی ناچێت، لەبەر ئەوە بەهاکانیش لەیەک ناچن و دەگۆڕێن، ئەوەی بۆ (کات)ی تۆ راست بووە (ئێستا) هەڵەیە، ئەوەی لە (شوێن)ێکی تر و لە خێزانێکی تر راست بووە، لێرەو لە (ئێستا)و لەم جۆرە خێزانەدا هەڵەیە ..

(کات)و (تۆبۆگرافیا)و (ئاو هەواو) و (شوێن) کاریگەری لەسەر تاوێر و بەرد و شاخ دروست دەکات، ئێستا کات و شوێن چۆن مامەڵە و سلوکی دەستە جەمعی (group behavior) خەڵکی و مندالەکانت ناگۆڕێت؟ هەموو شتەکان بەخێرایی دەگۆڕێن، لە راستیدا ئەوە ئێمەین کە نامانەوێت بگۆڕێین.
 
بە حەزرەتی عیسایان وت:" شتێکمان فێر بکە بمانباتە بەهەشت"..
فەرمووی:" زۆر قسە مەکەن".
وتیان:" ناتوانین".
فەرمووی:"دەی کە قسەتان کرد هەمیشە بە باشە قسە بکەن، چونکە عیبادەت دە بەشە، نۆ بەشی بێدەنگییەو ئەو بەشەی دیكه‌یش بریتیە لە دوورکەوتنەوە لە ژیانی خەڵکی".

نوقتە سەری دێڕ..



 کورد دەڵێ: شەڕی ژن و مێرد تا سەر جێگەی نوستنە، شەڕ ئەگەر هەر لە نێوان هاوسەرەکان خۆیان بێت هەر چەند ڕۆژێکە، بەڵام کە خەڵکی کەوتە نێوانیان تا جیابوونەوەشیان دەبەن..

لە ژیانی خەڵکی بەگشتیی و ژیانی منداڵەکانت بە تایبەتی وەرەنە دەرەوە، ئەگەر ئارامی خۆتان و منداڵەکانتان دەوێت، کەمێک بواریان بدەن، فۆرمی ژیانتان بگۆڕن  منداڵەکانتان ڕۆژ بەڕۆژ گەورە دەبن شاهیدی کێشە و دەنگە دەنگەکانتان دەبن، دۆخی شلی هەمیشە شێوەی ئەو دەفرە وەردەگرێت کە تێیدەکرێت، بۆیە مامەڵە کردن لەگەڵیدا ئاسانترە، بەڵام ڕەقی دەشکێت، بڕێک هێمن و شل بە، بەرگەی گۆڕانکارییەکان بگرە، هەندێک لە رەفتار و بیرکردنەوەکانت بگۆڕە، چونکە هەموو شتەکان زۆر بەخێرای دەگۆڕێن..

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا