هێمن عهبدولقادر
17/10/2019
854 جار خوێنراوەتەوە
بەناوی دیموکراسیەوە چیان نەکرد ؟
هەرچی دارستانە سوتاندیان
و ناویان لێنا (کشتوکاڵی مۆدێرن)، دۆلفین و شەمپازیان لە ژینگەکەی خۆی جیاکردەوە و ناویان لێنا نمایش و سێرک و
سەرگەرمی و کۆبونەوەی شەوانە)، عاجی فیلیان لە ئەفریقا نەهێشت و ناویان لێنا (بازرگانی) ، شاخی کەرکەدەنیان
بڕیەوە و ناویان لێنا (زانستی پزیشکی) ، ڕم و تیریان کرد بەسەر پشتی (گا) کاندا و ناویان
لێنا (وەرزش)، تەوقی کۆیلایەتیان کردە ملی ملیۆنان ئینسانی ئەفریکی و ناویان لێنا (هەلی کار)، بەسەدان هەزار
تەن لە قرژاڵی بەدبەخت و ئەختەبوت و ڕۆبیانی بنی بنەوەی دەریا ساردەکانیان دەرهێنا
و لە رێستۆرانتەکانیان بە شەرابی سورەوە دەیخۆن و ناویان لێناوە (پیشەسازی).
ملیۆنان تەن باڵندە و ئاژەڵ
سەردەبڕن و لە خواردەنەکانی وەک (کەی ئێف سی) و (هۆت دۆگ) و (پیزا) بەکاری دەهێنن کەچی
ناویان لێناوە مارکە و براندی جیهانی، پەلاماری بۆشایی ئاسمانیشیان داوە و تەنانەت
ناهێڵن بونەوەری ئاسمانیش ئیسراحەت بکات کەچی ناویان ناوە (زانست و دۆزینەوە و ئیکتیشاف)، پێستی مار و تیمساح
و هەرچی خشۆکی دنیا هەیە لێیان کردەوە و کردیان بەجانتا و پێڵا و قایش و ناویان لێناوە(مارکێتین).
ئێستاش، هەرچی بێڕەوشتی
هەیە بەرامبەر بە مرۆڤی ئەم سەردەمە و ئێمەی ئەکەن و بە لەیزەر ئەیانسوتێنن و بۆمبیان
بەسەر دەبارێنن و دڕکە پەتکی مناڵەکانیان وەک دڕکی ماسی لە گۆشتەکەی جیا ئەکەنەوە و
کەچی وەک ھەموو بێ رەوشتیەکانی تریان ناویان لێناوە (سیاسەت)، کە خزمەتی سەربازی
خۆیان تەواو دەکەن لە ووڵاتێکی تر هەرچی (سەگ و پشیلە و گوێدرێژێک کە بەقەولی خۆیان
یارمەتیان داون) وەک رێزلێنانێک لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە ، بەڵام سەدان و هەزاران مرۆڤ
لەبەر دەم دوژمنەکانیان جێ دەهێڵن تا بەقەمە و چەقۆ کەوڵ بکرێن و پێستیان لە گۆشتیان
جیابکرێتەوە.
هەر پێشکەوتنێک، هەر ئارامیەک
هەر ماچێک لە تەنیشت سەعاتەکەی لەندەن دەکرێت، هەر ژوانێک بە
ئارامی لە تایم سکوێر دەبەسترێت، هەر پێکێک شەراب لە کریملن و پاریس و سیدنی و تۆرینتۆ و بەرلین هەڵئەدرێت، لەسەر خوێن و گۆشت
و ئێسکی ئەو منداڵانەیە کە لە هەڵەبجە و عەفرین و حەلەب و گەرمیان و یەمەن و هێرۆشیما
هەتا ئێستاش بەھۆی بۆمبەکانی ئەوان بە کەمئەندامی لەدایک دەبن.
نوقتە سەری دێڕ ...
تێبینی:-
*سەد جار لە دەست ئازار و پۆخڵەواتی کورد بوون
ناڵاندومانە و تا ئەوسەری دنیا رامانکردووە ، وەلێ کورد بوون لە سەد و یەک شوێنەوە
بانگمان دەکات و دەڵێت (بە تەنھا جێم مەھێڵن)
مادام دنیا ئەوەندە بێ
رەوشتە بە رامبەر بە ئێمە ، ئێمەش ھەرگیز ناتوانین کورد بوون جێبھێڵین بە ھەموو ئازار
و برین و پۆخڵەواتەکانیشیەوە
*پرد و رێگاو بان و وێستگەی کارەباکان بە (ئێف
١٦) وێران دەکەن و دواتر رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی دەنێرن لایت شەحن و مۆلیدە تەوزیع
ئەکەن بۆ رۆشنبوونەی فیکرمان ھاھاھاھاھاھا
ھێمنی موکریانی دەڵێ (کار
لە شیوەن تێپەریوە پێکەنینە دەمگرێنێ)
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی هێمن عهبدولقادر