هێمن عه‌بدولقادر 03/12/2021 280 جار خوێنراوەتەوە

زمانی ناو ماڵ

زۆرینەی دایکان و باوکان، لە گەڵ منداڵەکانیان لە هەمان ماڵدا دەژین، کەچی وەکو پێویست یەکدی نادوێنن، ڕێک وەکو ئەوە وایە زمانی یەکدی نەزانن، یاخود کاتیان نییە بۆ گوێگرتن لە یەکدی ئەمەش مانای مەرگی دیالۆگە، زۆرینەی منداڵەکان لە کاتێکدا دێنەگۆ، کە ناچار بکرێن بە وەڵامدانەوە.
 
ئەگەرنا، بەکەمی روودەدات منداڵ هەست بکات دایک و باوک دەتوانێت یارمەتیدەری هەڵەو کەم و کورتییەکانی بێت، زۆرینەی منداڵەکان پێیان باشە لەلای کەسانی دیكه‌ باسی کێشەکانیان بکەن جگە لە (دایک و باوک و  مامۆستا)کانیان.

لە راستیدا دەبێت منداڵ و نەوجەوان، هان بدرێت بای ئەوەندە ئازابن، کە هەموو راز و نهێنییەکانی ژیانی خۆیان، بۆ دایکان و باوکان و مامۆستاکانیان بدرکێنن و، بەهیچ شێوەیەک سڵ نەکەنەوە و نەترسن، ئەوە تەنها کۆمەک بە منداڵەکانمان ناکات، بەڵکو زۆرجار کۆمەک بە دایکان و باوکان و مامۆستایان خۆشیان دەکات.

چونکە ئەوانیش سەدان و هەزارەها ڕاز و نهێنی لە دڵیاندایە وەک منداڵەکانیان، وەک خوێندکارەکانیان، کە ئارەزوو دەکەن گوزارشتی لێبکەن، کە بۆ چەندین ساڵە بووه‌تە بار بەسەر دڵ و دەرونیانەوە.
منداڵێک چۆن دەتوانێت فێر ببێت کە هەڵەکانی بەدایک و باوکی بڵێت، لە کاتێکدا لەسەر شکانی پەرداخێک، یاخود دەست خستنە ئینجانەیەکەوە، یاخود گواستنەوەی کتێبێک، یان شاردنەوەی سویچی ئۆتۆمبێلەکەی باوکی، توشی یەک دونیا لۆمەو سەرزەنشت و سوکایەتی و هەندێکجار هاوار و لێدانیش دەبێتەوە.

منداڵێک هەرزەکارێک لە قوتابخانەدا،  چۆن دەتوانێت متمانە بە مامۆستاکەی بکات و کێشەی خۆی و خێزانەکەی بۆ باس بکات و داوای یارمەتی لێبکات، لەکاتێکدا  لەسەر بیرچونی وانەیەک، رووبەڕووی دنیایەک تانەو توانج ببێتەوە.
 
فەرمانبەر و بەرپرسێک، چۆن دەتوانن منتمانە بەیەکدی بکەن و کێشەخێزانیەکانیان بۆیەکدی باس بکەن، بەرهەم زیاد بکەن، رەزامەندی هاوڵاتی بەدەستبهێنن، لە کاتێکدا هەموو بەیانی و نیوەڕۆیەک لە فەرمانگە و لەناو کاغەز و ڕاستەو حیبر و پرینتەردا، سفرە رادەخەن و نان دەخۆن، لەباتی ئەوەی لەماڵەوە لەگەڵ منداڵ و هاوسەرەکانیان پێکەوە کۆببنەوە.

دیاردەی کۆنەبوونەوەو گفتووگۆنەکردن و (هاودڵ) نەبوون، لە نێوان تاکەکانی خێزان و قوتابخانە، یەکێکە لە مەترسیدارترین ئەو دیاردانەی کە لێکەوتەکانی بەڕوداوی ناخۆش دەکەونەوە.
 
"نالی عەجەب بە قووەتی حیکمەت ئەدا ئەکا
مەعنایی زۆرو گەورە بە لەفزی کەم و بچوک"

لە ژیاندا زۆر شتی بچوک بچوک و نەبینراو هەیە، کە شتگەلێکی گەورە و گرانیان راگرتووە، هەروەکو چۆن ئەو بزمارە بچوکانەی کە تابلۆیەکی گەورەیان ڕاگرتووە، یان ئەو لمە وردانەی هەزاران دیوار و باڵەخانەیان راگرتووە.

کورد دەڵێت:" گوێ عەزیز بوو گوارەش عەزیزە".. 
ئیش و کارو ماڵ و خوێندن و لێپرسینەوەو پارە و بروانامەو کۆمپانیا و سەیارە و بەرپرسیارێتی عەزیزن، بەڵام خێزان و مناڵ و خوێندکارەکانتان عەزیز ترن ..

* ئەمڕۆ شتگەلێکی ترسناک لە نێوان ئەندامەکانی خێزاندا روودەدات، تا رادەی تاوان و مەترسی گەورە، کەچی کەسیان ئاگایان لەوی تریان نییە.
** ئەوەی لە زۆربەی زمانەکانی دنیا گرنگترە، زمانی خێزانە، زۆرینەمان نایزانین و کەچی شەرمیش ناکەین.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا