هێمن عهبدولقادر
03/12/2020
364 جار خوێنراوەتەوە
ماڵ وەکو (مەنفا)و مرۆڤ وەکو (نەفی)کراو
نەفیکردن جۆرێکە لە
سزا، سزایەک کە ئەوەندەی رۆحریە ئەوەندە جەستەیی نییە، یەکەمین کەسێک کە رەنگە بەر
ئەم سزایە کەوتبێت باوکە (ئادەم) بوبێت، دەرهاویشتنی (ئادەم) لە بەهەشتەوە بۆ زەوی جۆرێکە لە نەفیکردن، زەویش بەگشتيی هیچ
نیيە جگە لە (مەنفا)یەکی روت، مەنفاش خۆی هیچ نيیە جگە لە تاریکی و ترس، هەر ئەمەیە
کە مرۆڤ سەراسیم و نائارامەو هەمیشە چاوەرێی گەڕانەوەیەکی ئەبەدیە بۆ ئەو شوێنەی کە
لێوەی هاتووة.
مرۆڤی نەفیکراو وەکو ئەو
درەختە وایە کە لە رەگەوە هەڵدەکەنرێت، هەردوو ئەگەرەکە لەبەر دەمیدا کراوەن، رەنگە
لە خاک و ئاوێکی باشتردا بڕوێت و رەنیشگە هەرگیز جێگەی خۆی نەگرێتەوە و بۆ ئەبەد
وشک بێتەوە (بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مرۆڤ درەخت نیيە) کەواتە چەندێک نیگەرانی
شوێنە، ئەوەندەش نیگەرانی کەس و یادگاریيەکانێتی .
نەفیکردن ناردنی مرۆڤە بۆ شوێنێک کە زمان تیایدا ونە، مرۆڤی نەفیکراو ئەوەندەی
لە خەیاڵی رابردودایە، ئەوەندە لە بیری داهاتودا نیە، چونکە هەمیشە بە هەڵواسراوی لە نێوان دوو دنیادا دەمێنێتەوە، مرۆڤی نەفیکراو
نە دەتوانێت کارلێک لەگەڵ ژینگە نوێکەی بکات و نە دەتوانێت بگەرێتەوە بۆ ژینگە کۆنەکەی،
سزای نەفیکردن رەنگە جۆرێکی نوێی کوشتنی مرۆڤ بێت پێش مردنی راستەقینەی، لە شوێنێکدا
کە مەئمور، ئەوەی کە فەرمان دەکات (کات) و (زمان) و (شوێن) و (یادەوەری) و (یادگاری)ت
لێوەربگیرێتەوە، ئیتر تۆ وەزیفەکەت لە دەستداوە، ئەستۆپاکی دنیاییت بۆکراوە و
ئامادەیت بۆ گواستنەوەی خزمەتەکەت بۆ شوێنێکی دیکە، کە پێیدەوترێت: مەنفا، مەنفای ماڵ، مەنفای
شوێن، مەنفای دنیایەکی دیکە ..
هەر بۆیە کاتێک مرۆڤ لە
جەنگەڵ دێتە دەرەوە و (پەیمانی کۆمەڵایەتی) دەنووسێتەوە، زیندانیکردن و دورخستنەوە
وەک دوو سزای کاریگەر بەسەر ئەوانی تردا دەسەپێنێت، لە راستیشدا کەمنین ژمارەی ئەو مرۆڤانەی کە بە سزای نەفیکردن مەحکوم کراون
و کەمیش نین هاوار و ناڵەی نەفیکراو بۆ شوێنی خۆی ئەدەبیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیهان
پڕە لەو نمونانە.
گەرچی لەسەر دەمی (گڵۆباڵ)
و بەجیهانیبووندا ناتوانین وەک جاران (شوێن و ناشوێن) دیاری بکەین بەهۆ ئەو سیستەمە
فراوانە لە پەیوەندیگرتن، بەڵام هیچ شتێک لەو ترسە کەمی نەکردووە، کە مرۆڤی نەفی کراو لە مەنفا هەیبوە، تەنها ئەوەیە
فۆرم و شێوازەکەی گۆڕاوە.
ڕەنگە هیچ سەردەمێک بەقەد
ئەم سەردەمە، مرۆڤ تیایدا نەفی کراو نەبوبێت، نەفیکردنێک کە لەئاستە تاکە کەسیەکەیەوە
گواسترابێتەوە بۆ ئاستە گشتی و دەستە جەمعیەکەی .
ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا بەتەنها
خەریکی دەستکاریکردنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی نییە، بەڵکو بە تەواوی خەریکی دەستکاریکردن
و گۆڕێنی مێژوو چارەنوسی جیهانە، کێ لەو مرۆڤە نەفیکراوترە، کە لەم سەردەمەدا بە هۆی ڕاکە ڕاک و ماندوبونییەوە
بە مانگ برا و خوشک و دایک و باوکی خۆی نابینێت !
کوێ لەو شوێنە، کوێ لە
و ماڵە مەنفا تر و تاریکترە، کە نە دایک نە باوک ئاگایان لە منداڵەکانیانە و هەر یەکەو
لە ژورێک تێدەپەڕێنن، هەتا ئەو کاتەی منداڵ
دەبێتە تاوانبار و دەکەوێتە کونجی زیندان!
کێ لەو هاوسەرانە نەفی
کراوترە، کە (ماڵ) بووەتە ئوتێلی خەو و هەموو ژەمە خواردن و پێکەنینیان لەگەڵ ئەوانی
ترە!
کوێ لەو شوێنە مەنفا
ترە کە ژوری ماڵەکانمان ڕازوە و کەچی میوانێک، ئازیزێک کەسێک رووی تێناکات!
چ مرۆڤێک هێندە بە قوڵی نەفیکراوە، کە زمانێک خودا پێیداوە تا گفتوگۆی پێبکەن،
کەچی جیا دەبنەوە، وەلێ دوو حیواری جدی لە نێوانیان روو نادات!
کوێ لەو شوێنانە مەنفا ترە، کە بەلای ماڵ و دوکان و باخ و ئەکاونت و کۆمێنتی
یەکدیدا دەرۆین لەبری پێکەنین لەیەکتری مۆڕ دەبینەوە!
ئێستا تۆ بیڵێ کێ لە ئێمە
نەفیکراو تر و کوێ لە ئێرە مەنفا ترە؟
بەختیار عەلی لە کتێبی
(ناشوێن) دا دەڵێت: نالی یەکەم کەسێک بووە ئەم هەستەی نەشاردبێتەوە..
چونکە لە چامەکەیدا کە
بۆ (سالم)ی دەنووسێت، نالی ئەوەندەی لە شوێن دەپرسێت وەک (پردی سەرشەقام) و (داری
پیرمەنسور)و (ئاوی سەرچنار) و (کانی با)و (شێخ هەباس)و (تانجەرۆ) و (خانەقا) و .. هتد،
ئەوەندەش لە رەفتاری (سەلم و تور و مەعرەزەی نفور) یش نیگەرانە..
جاران ئەگەر مرۆڤ نەفیبکرایە
دەنێردرا بۆ هیندستان یان بۆ ئەفریکا یان شارەکانی باشور، ئێستا بەرامبەر شاشەی مۆبایلکەنامان
و لەناو شەقامەکانی شار و لەناو ماڵەکاندا، وەک نەفیکراوێک دێین و دەچین و کەسمان
لە کەسمان تێناگەین.
نالی لە کۆتای نامەکەیدا
بۆ سالم دەنووسێت :
زارم وەکو هیلال و نەحیفم
وەکو خەیاڵ
ئایا دەکەومە زار و بەدڵدا
دەکەم ختوور..
ترسی لە بیرچونەوە لەو
ترسانەیە کە مرۆڤ سەدان ساڵە بە دوای ئاوی بەقادا گەڕاوە تا بەنەمری بمێنێتەوە، وێنەو
پەیکەرو پۆترێتەکان با لەشەقام و کتێبخانە و شوێنەکانیشدا هەڵبواسرێن، ئەگەر لە دڵی
کەسێکدا گوزەر نەکەیت مردویت ..
جا ئێستا بزانە کێ وەک ئێمە لە دڵدا لە بیر کراو و کێ وەکو ئێمە لە یاد چووە،
کە مردنەکەشمان تەنها مانشێتی یەک رۆژە و نەک بەدڵدا ناکەین ختور، بەڵکو بۆ ئەبەد
بیر دەچینەوە.
ئێستا تۆ بیڵێ کێ وەکو
ئێمە نەفیکراوە و کوێ وەکو ئێرە مەنفایە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی هێمن عهبدولقادر