هێمن عه‌بدولقادر 10/04/2020 1055 جار خوێنراوەتەوە

خێزان لە سەردەمی "کەرەنتین"ەدا

بە حوکمی پسپۆڕیەکەم و پیشەکەشم سەدان جار شاهیدی ئەو دیمەنە بووم لە نێوان ژن و پیاودا ، کە پیاوەکە بە ژنەکەی وتوە بە مەرجێک وەرت ئەگرمەوە (دایک و باوکت) هامۆشۆمان نەکەن ، یان بە پێچەوانەوە ژنەکە بە پیاوەکەی وتووە بە مەرجێک ئەگەڕێمەوە بۆلات کە (دایک و باوکت) هامۆشۆمان نەکەن .

مرۆڤ لە دۆخێکی لەم چەشنەدا نازانێ منداڵ و هاوسەرەکەی هەڵبژێرێت ، کە تەمەنێکە پێکەوە لە ماڵێکدا دەژین ، یان دایک و باوکێک کە تەمەنێک گەورەیان کردووە ، ئەوە یەکێکە لە بێ رەحمانەترین ئەو بژاردانەی کە مرۆڤ لە کلتوری کۆمەڵایەتی ئێمەدا زۆرجار توشی دەبێتەوە و دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرێ.

ئێستا بەهۆی ئەم کەرەنتینەیەوە خەڵکێکی زۆر دەبینی بە ناو دەیان خاڵی پشکنین و بە دزی پۆلیس و چاودێرەوە سەردانی ماڵی دایک و باوکی دەکات ، یان لە دورەوە شانامە بە کەسوکاریدا دەبێژێ ، باشتر ئەو دۆخە ڕون دەکاتەوە ، و یارمەتیمان دەدات بۆ تێگەیشتن

ئەو کۆچبەرەی کە بە ناو ئەڵغام تەلی دڕکاوی و یەختی شکاو و شەپۆلی دەریادا موجازەفە دەکات تا بگاتە بەهەشتی خەونەکانی ، هەر ئەو مرۆڤەیە کە دەیان هۆکار و ناسنامەی ساختە بەکار دەهێنێ تا لە شەوانێکی درەنگدا بگاتە لای کەس و کاری ، مرۆڤی دابراو لەکەس و کار هەمیشە مرۆڤێکی کۆچبەرە ، ڕەنگە ڕۆژێک خراپتر لە ئاوارەیی هەڵبژێرێت ، کە خێزانەکانی ئێمە هەرگیز بیریان لێنەکردبێتەوە.

هاوسەرەکان دەبێت ئەوە بزانن ، ئەگەر تەنها پارچە کاغەزێک کە پێی دەوترێ (عقد الزواج) ئێوەی بە یەکەوە بەستبێ ، ئەوا منداڵ لە گۆشت و خوێن و وێڵاشی دایک و باوکەوە دروست بووە ، بڕینی ئەم خوێن و گۆشت و وێڵاشە خێزان دەکوژێت، مەنعی هاتو چۆی ماڵە باوان هەم لە رووی یاساییەوە تاوانە و هەم لە روی ئاکاری و ویژدانی و شەرعیشەوە کارێکی گوناهە، بەڵام بۆ ئەوەی گرفتیشت زۆر نەبێ ، کورد دەڵێ ئەوەندە بچۆ بۆ شوێنێک کە (پارچەیەک حەسیرت بۆ ڕاخەن).

نوقتە سەری دێڕ ....

 تێبینی
١-پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خیزانی لە کلتوری ئێمەدا بە خێرایی و بە گەرمی دەست پێدەکات و بە شەڕ و بە ساردبونەوە کۆتایی دێت ، هەر وەکو چۆن لە فەیسبوکدا ڕێکوێستت بۆ ئەنێرێ ، پاشان ڕێ بەخۆی ئەدات ، نامەت بۆ بنێرێ ، بە بێ پرس لەوەخت و ناوەختدا تەلەفۆنت بۆ بکات ، پاشان بەبێ ئەوەی پرس بە تۆ بکات تاگت ئەکات ، یان بە بێ پرسی خۆت بابەتت کۆپی ئەکات و بڵاوی ئەکاتەوە ، پاشان لینکی ڤیدیۆت بۆ ئەنێرێ و بەشان و باڵتدا هەڵئەدا و دواتر بە بێ هیچ هۆیەک نەک مەرحەبایت ناکات ئەسڵەن کەوێتە زەم کردن و بەهانە پێگرتنت ،

هەر بەو چەشنە یەکەمجار ئەچێت بۆ داوای ژن ، پاشان خۆی ئەکات بە ڕیشسپی و دەمڕاستی خێزان ، پاشان بە بێ پرس مەوعید دائەنێ و سەیران ڕێکئەخات و خەڵک کۆ ئەکاتەوە ، دوای دیژلەمە خواردن ئەکەوێتە زەم و زەمکاری ، لە دەکتی موبەڕیدەوە مەعلوماتی هەیە تا ئەگاتە شەرع و قانونی ئەحوال شەخسی ، پاشان لە خۆوە لە براژن و خەسو و ئاوەڵزاوا دەکەوێتە تەقە و دەمەبۆڵە و دەبێتە دوژمن
...............
 2- (فهل عسيتم إن توليتم أن تفسدوا في الأرض وتقطعوا أرحامكم)
خوای گەورە خراپەکاری مرۆڤی بەستووە بە (پچڕانی پەیوەندی) کەس و کارەوە، بەڵام پەیوەندیەکی لە چوار چێوە و سنوردا ,، نەک بەو چەشنەی ئێمە بە گەرمی و پاشان کۆتاییەکی سارد

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا