به‌هرۆز جه‌عفه‌ر 09/12/2021 252 جار خوێنراوەتەوە

هیچ ڕوونادات !!


بەهرۆز جەعفەر
بەم ڕۆژگارە بێنەوبەرەو هۆنینەوەیە، ئایا کۆمەڵگەی مرۆیی تیا دەچێت؟ ئایا ئەمریکاو چین، ئەمریکاو رووسیا لە ئۆکرانیا، لە دوورگەی کریمیا، لە هەر شوێنێک لە بۆشایی ئاسمان بەیەکدا دەکێشن؟ ئایا دۆخی عێراق و کوردوستان خراپتر- باشتر دەبێت؟

 ئێران ڕێکدەکەوێت - ناکەوێت؟ شەڕی عەرەب ئیسرائیل، نرخی تمەن، دۆلار، دینار، ڕیاڵ دەگات بە کوێ و ناگات بە کوێ!؟ چی روودەدات؟
 
باوکم، هەموو جار دەڵێت: باپیرەت سەردارو دێوەخانی شۆڕشی لە کۆڵ گرتووە، ئەوە خۆشم بەو ڕێگایەدا ڕۆیشتم، هەروا بووەو هەرواش دەبێت، پەنجا ساڵ پێش ئێستا چۆن بووە ئێستاش هەروایە: 
پڕۆفیسۆر سوسەن کرەین-SUSAN A. CRANE لەزانکۆی ئەریزۆنا سەرەتای (٢٠٢١) کتێبێکی بڵاوکردەوە بەناونیشانی هیچ ڕووی نەدا (نادات)-Nothing Happened. کرەین  تێزەکەی لەسەر بناخەی (شتێک نییە-لا شىء-Nothing) داڕشتووە، لە نێوان ئەوەی ئەیبینین و ئەوەی لە کەلتوری هەموو لایەکدا هەیە پێویستمان بە ڕەچەتەیەکی تر هەیە بۆ بینینی مێژوو، هەندێ شت هەیە ئێمە دەزانین، وە بەردەوام بیری خۆمانی دەهێنینەوە، ڕابردوو ئەوە بوو کە بوو.
 
دەینوسین، دای ئەڕێژینەوە، بەردەوام ئاوڕی لێ دەدەینەوە، بەڵام ئەوەتا هاتین و هیچیش لە ڕێگەکەدا نەبو .. کاتێک شتێک ناگۆڕێت، بەڵام ئێمە هەر پێمانوایە ئەبێت بگۆڕێت! بە نمونە دادپەروەری و ستەم مێژوویەکی زۆر دوورو درێژی هەیە، جموجوڵ و ڕەوڕەوە هەزاران ساڵییەکان هەر هێناویانە، کاتێک کەس قسە لەسەر کۆتایی ئەم جیهانە ناکات و ناکرێت و ناگونجێت و ناشێت، کەواتە ئێمە هەر بەردەوامین.

شەڕی داعشە! شەڕی تیرۆرە، تەکنەلۆژیا دونیای گۆڕیوە، کورد هێزەکانی ڕێک نەخستووەتەوە، کورد کەی هێزەکانی ڕێک خستووتەوە؟ بە پێچەوانەوە ئێستای کوردستان و حکومەتی هەرێم گونجاوترین دۆخ و ڕێکخراوترین هێزی بوونی کوردە لە گۆڕەپانەکەدا، وە لە ناوچەکەدا، لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا جەنگی ساردی سۆڤیەت و ئەمریکا هەبووە، ئێستاش هەیە، لە شەست و حەفتاکاندا جەنگی گەرمی عەرەب - ئیسرائیل هەبووە ئێستا نەماوە یان هەر بوونێکی هەڵواسراوە، لە حەفتاکاندا «شا» لە ئێران دەڕوخێت و گۆڕانکاری ڕووئەدا لە ناوچەکەدا، ئێستاش بەزم و نەزمی ئێران هەر هەیە، لە حەفتاو هەشتاکان و نەوەتەکانیشدا تورکیا بەهۆی کودەتاو قەیرانی دارایی و گرفتی نێوان ئیسلامی سیاسیی و عیلمانی-ڕەگەزپەرستی-موتوربەکراوی خۆرئاواییەوە ئەیناڵاند، ئێستاش هەر وایە، لە هەموو تەمەنی سەد ساڵەی عێراقدا هەر شەڕو بێدادی و گێرەو بەرە بووە، ئێستاش هەروایە، مەلەکیەت هەر مەلەکیەتە لە سعودیە، ڕیالیزم و نیۆ-ریالیزم و لیبراڵیزم و نیۆ-لیبراڵیزم هەمان ئەو تیۆرانەن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ئەمریکاو ئەوروپا کاری لەسەر دەکەن.
 
وتەبێژی وڵاتان، هەموویان دەڵێن تیرۆر هەڕەشەیەکی گەورەیە،  وایە هەڕەشەیەکی گەورەیە، لە شەستەکانی سەدەی بیستەمیشدا جۆن-کەنەدی-John-F-Kennedy لەناو ئەمریکادا تیرۆرکراوە، لە دوو هەزارەکانیشدا ئەمە هەر هەیە. قەیرانی داراییە؟ لە کوێ قەیرانی دارایی نییە؟  یۆنان (٣٣٢) ملیار یۆرۆ و پرتوگال (٢٣٢) ملیار یۆرۆ و  تورکیا  سەروو (٤٠٠) ملیار دۆلار قەرزارە، چاودێران باس لەوە دەکەن ئەگەر ئەمریکا قەرزەکانی بداتەوە ئەوا پێویستی بە (٨٠٠) هەلیکۆپتەرە بۆ هەڵگرتنی ئەو پارانە!
 
چی ڕوودەدا!؟ چی ڕوویداوە؟ پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک یان ناگەڕێتەوە؟ پێشمەرگە کەی لە کەرکوکدا بووە، ئێستا ئەوەتا باس لە گەڕانەوەی دەکەین، کەواتە دۆخەکە تۆزێک باشتر بووە.

 شەڕ ئەبێت یان نابێت؟ جەنگ و ململانێ لە مێژوو دەربکەیت چی دەمێنێتەوە؟ شەڕ دەبێت بە دڵنیاییەوە شەڕ ئەبێت هەر ببێت، بە پێچەوانەوە ئاشتی تەنها پشوویەکی کورتی نێوان شەڕەکانە، ئەگەر شەڕ نەبووبێت چۆن کۆڵۆمبیەکان و دۆمینکایی و تشیلی و هیندۆراسیەکان بە زمانی ئیسپانی قسە ئەکەن! ئەوە ئیسپانیاو ئیمپراتۆریەتەکەیەتی شەڕی کردووە، بۆچی تونسی و ڕووانداو بەشێکی ئەفریکا بە فەڕەنسی قسە ئەکەن؟ بۆچی لە سلێمانییەوە لەگەڵ لەندەن و شیکاگۆ و قوبرس ئێمە بە زمانی ئینگلیزی و بە ئۆنلاین گفتوگۆ دەکەین؟ شەڕ ئەبێت ببێت، ئەبێت هەموکاتێک خۆمان بۆ شەڕ ئامادە بکەین، ئەی ئەوە نییە لەم کۆتایی (٢٠٢١) ەدا ئیمارات بۆندێکی بە بەهای (١٩) ملیار دۆلار بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی (ڕافال) لەگەڵ فەڕەنسا واژۆکردووە، ئەمریکاش لەهەمان کاتدا بایی (٦٥٠) ملیۆن دۆلاری بە سعودییە فرۆشت، بە نهێنی و بە ئاشکرا خۆیان داعش گروپە چەکدارەکانی ئەفریکاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاردەهێنن، بە هەلیکۆپتەر هەرجارەی لەناوچەیەکەوە ئەیانگوێزنەوە بۆ ناوچەیەکی تر.

دۆخەکە هەروایە … وا، کارل پۆپەر لە کتێبی هەژاریی مێژووگەرایی دا دەڵێت: ئێمە چاوەڕێ ناکەین بەهەشتێک لە گۆی زەوی دروست ببێت، تەنها ئەوەی کە هەیە کەمێک باشتری بکەین.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

سەرەتا