به‌هرۆز جه‌عفه‌ر 01/12/2024 211 جار خوێنراوەتەوە

وەرچەرخانێک لە "مێدیتریانە" ەوە

ئەسڵی مەقسەد ئەوەیە؛ دەمانەوێ بچینە سەر دەریای سپی ناوەڕاست "مێدیتریانە-Mediterranean "، سوریا، بەرەی نوسرە، ڕووسیا، تورکیا، ئێران و بەغدا ناهێڵن(بەڕێژەی جیا-جیا حەز ناکەن کورد توخنی ئەو ناوچەیە بکەوێتەوە). تەنانەت ئوردون ناکەوێتە سەر "مێدیتریانە؛ بەڵام لەنەخشەکەدا ئوردونیش لەسەر "مێدیتریانە" هەژمارکراوە؛ ئوردون ئەندامیشە لە لوتکەی گازیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (EMGF) و، لەشەراکەتی ناوچەی یۆرۆ و دەریای سپی.

سوریا کۆتا وڵاتە لە باشورەوە دەکەوێتە سەر دەریای سپی (سوریاو تورکیاو قوبرس و ئیسرائیل و لوبنان دەکەونە باشوری ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی)، لەوێ کورد خۆی لە عیفرینەوە لەسەر "مێدیتریانە" بوو، بەڵام خۆ-ئیتر بینیتان چی قەوما؟!. لە عێراقیش؛ ئێمە بەجۆرێک لە جۆرەکان لەسەر "مێدیتریانە" ین؛ مەگەر بەندەری جەیهان مێدیتریانە نەبوو؟ ئەوە بۆیەش ئێرانییەکان دەیانوت: پێویستە کورد لە پرسی وزە دووربکەوێتەوە. دانەیەکیان هاتبوو لە هەولێر دەیوت "کورد دەبێت بایەخ بە عیرفان بدات"! چاکی؟ تۆ بایەخ بە چەکی ئەتۆمی و جیۆپۆڵەتیک بدەی، کوردیش بایەخ بە "عیرفان" بدا؟!

چەند ساڵێکە زاراوەی مێدیتریانە و کەنداو زۆر گرینگتر دەرکەوتوە لە زاراوەی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست". بەتایبەتی کە "مێدیتریانە" ئەوەندە دەریایەکی ستراتیجی گەورەو گرینگە بەلای زلهێزەکانەوە؛ کە وێنەی دەگمەنە لە گرینگیدا: تێکڕا ٢٢ دەوڵەت لە سێ کیشوەری ئەفریقا- ئاسیاو ئەوروپا دەکەونە سەر ئەم ئاوە؛ ئەم ئاوە خاڵی سنوریی و بەریککەوتنی سێ کیشوەرە. لە ڕووی مێژووییەوە شارستانییەت لەم ناوچەیەوە بوەو، باز-بازێنیان کردوە؛ بەتایبەت یۆنان وڵاتێکی ڕەسەنی سەر مێدیتریانەیە، کە دواتر لەگەڵ شارستانییەتی ئیسلامیی دەبێتە ململانێ.. هەموویان؛ لە ڕۆمەکانەوە تا ئامدواییەی ئینگلیزەکان ئەگەر ئەم ناوچەیە نەبوایە نەیاندەتوانی هەنگاوی گەورە بنەن.

مێدیتریانە شوێنی گواستنەوەی نەوت و کاڵاکان و بەندەرە ستراتیجییەکانە، بەمدواییە لە ٢٠١٠ ەوە قوبرس و ئیسرائیل گازیان لە کەناری دەریا دۆزیوەتەوە (ئەوەندەی تر ناوچەکە گرینگ بوە)، گەرەکیانە گازی ئەم ناوچەیەو دەوروبەر بکەنە جێگرەوەی گازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا.

مێدیتریانە لە ڕووی ئەمنییەوە بۆ ئەوروپا زۆر گرینگە؛ بەتایبەت لە پرسی کۆچبەردا، ساڵانە لەم ئاوەوە سەدان هەزار کەس دەپەڕنەوە، خۆتان دەزانن ئەمە کێشەی جۆراوجۆری بۆ ئەوروپاو خۆرئاوا بەگشتی درووستکردوە.

پرسە ژینگەییەکان، کێشەی قوبرس، کێشەی دەستوەردانەکانی تورکیا لەناوچەکە، کێشەی سنوریی ئاویی لوبنان و ئیسرائیل، ناکۆکییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل- فەلەستین، قەیرانی سوریا و،،،زۆر کێشەی تر دەکەونە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستەوە.

کەواتە مێدیتریانە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بازاڕی ئابوریی وزە هەیە جیهاندا: ئێ (٩٠٪) ی نەوت و گاز دەکەوێتە ناوچە کوردییەکانەوە لە سوریا (باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا نەوت و گازە، لای ڕۆژئاوای سوریاش لە کۆنەوە هەر بۆ کشتوکاڵ بەکارهاتوە)، لە هەرێمی کوردستانیش کورد هەندێک نەوت و گازی هەیە، دەبوو باشتر مامەڵەی لەگەڵ بکرایە (جەڵدەهێنەرە ئەگەر تۆزێک ئاگاداری ئەم پرسە بیت). بەگشتی، وەرچەرخانە جیۆپۆڵەتیکییەکان لە "مێدێتریانە"ەوە دەبن. هەروەک لە زووشەوە بیستووتانە: کاریگەری شەپۆلی ئاووهەوای دەریای ناوەڕاست چەند گرینگ بوە. ئەم شەڕەی دەیان ساڵە ئێران بەناوچەکەی دەفرۆشێت لەسەر هەبوون و ئامادەییانە لەسەر "مێدیتریانە"، لە کۆنتردا ئەفگانستان و هیندستان ویستویانە لەسەر مێدیتریانە بن، ئێستا ئەوە چەندین ساڵە بۆ شێوەیەکی عەنتیکە ئاسا ئیماراتی عەرەبی بوەتە ئەندام لە یانەی مێدیتریانە کە بارەگاکەی لە میسرە؛ خەڵک لەو دوورەوە دەیانەوێ لەسەر مێدیتریانە بن، ئێمە خۆمان بەنیزیکەیی هەر لەسەر "مێدیتریانە" ین!

دەرئەنجامەکە؛ وەرچەرخانی جیۆپۆڵەتیکی -Geopolitical Shift" ە: چوونکە دوای ماوەیەکی زۆر تورکیاو میسر و ئیسرائیل کە سێ یاریزانە سەرەکییەکەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپین، دوانیان ماندوو بوە، یەکێکیان ماوە کە "ئیسرائیل"ە، بێگومان پاڵپشتی بێ چەندوچوونی ئەمریکاو ئەوروپای هەیەو، دەیەوێ فراوانخوازییەکی وەها بکات، کە ئیتر ئێران و تورکیاو میسر و ئەملاولای دیکە نەبنە مەترسیی ئەمنی بۆی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

سەرەتا