18/02/2022
491 جار خوێنراوەتەوە
قەتارەی نیگەرانی و لەبیر چوون
هێمن عەبدولقادر
پیربوونی دەستەکان، شتێکی حەتمییە هەر دەبێت روبدەن، ماسولکەکان چەندێک بەهێز بن، هەر دەبێت بپوکێنەوە، ژیری ئەگەر لە ئاستێکی فرە بەرزیشدا بێت، رۆژێک دێت زەهایمەر و بیرچونەوە بەرۆکی دەگرێت.
کاتژمێری (لم)ینی تەمەن، شوشەکەی لە مێژە هەڵگێڕدراوەتەوە و دەنک دەنک زیخی ژیان، قەتارەیان بەستووە بۆ تێپەڕبوون.
لە راستیدا نیگەرانی و ترس لەم شتانە لەجێگەی خۆیدا نییە، شاعیر و ڕۆماننوسی روسی (ئیڤان تورگینیف) دەڵێت:" ئامادەم تەواوی شاکار و کتێبەکانم لە دەسەت بدەم، بەڵام بەو مەرجەی کە لە شوێنێک،کەسێک بۆ من نیگەران بێت، ئایا بۆ نانخواردن شەو درەنگ دێمەوە یان زوو".
نیگەرانی و ترسی راستەقینە، کاتێک دەستپێدەکات، کە ئیدی درک بەوە دەکەیت تۆ بەلای هیچ کەسێکەوە گرنگ نیت، کەس بۆت نیگەران نییە، کەس چاوەڕوانت نییە.
پێڵوو و برژانگ و پێستی ساف، لە راستیدا سەرنجڕاکێش نین، ئەگەریش ببن تا ئەو کاتە سەرنجڕاکێشن کە هی تۆ نین، کە بوون بەهی تۆ، ئیتر بەشێکی زۆر لە سەرنجڕاکێشییەکەی لەدەست دەدات، بڕوانامە و تاج و نەجمە و پێگە و نووسین و شاکار و وەهمی بنەماڵە و پارە و دەسەڵات، لە راستیدا سەرنجڕاکێش نین، چونکە تێدەپەڕن یان ڕاستر ئێستا لە قۆناغی تێپەڕیندایە، سەرنجڕاکێش ئەو دۆخەیە کەسێک نیگەرانی خۆت بێت، نەک ئەو شتانەی کە تێدەپەڕن، سەرنجڕاکێش دۆخێکە کە کەسێک لە دڵەوە نیگەرانی هاتنەوەت، نیگەرانی درەنگکەوتنت، نیگەرانی نەخۆشکەوتنت، نیگەرانی قەرزاریییەکانت، نیگەرانی شکسەدڵ و دڵتەنگییەکان و گرفتەکانت بێت.
"من کە ئێستا لە سەر تەختی نەخۆشخانە کەوتوم و کۆتا چرکەکانی ژیانم بەڕێدەکەم، بەو شتانەی کە لەپاش خۆم جێیدەهێڵم، وەکو پارە و کارگە و ناوبانگ و براندەکانم، دەتوانم بۆ سەدان ساڵی تریش خەڵکی بەکرێ بگرم و پەرە بە سامانەکەم، بنەماڵەکەم، براندەکانم بدەن، بەڵام بە هەموو ئەو سەرمایەی کە هەمە ناتوانم تەنها یەک کەس بەکرێ بگرم، کە لەسەر ئەم تەختی نەخۆشخانەیە بکەوێت و لە بری من ئازار بچێژێت".
ئازار بابەتێکی تاکە کەسییە، مرۆڤ زۆر لەوە تەنها تر و کزۆڵەترە، کە لایەنی ماتریاڵی و سەرماییە ڕەمزییەکانی بتوانن کۆمەک بەو هەموو بۆشایی و کونەڕەشە گەردونیانەی ناو هەناوی بکەن.
هەر وەکو چۆن هیچ کتێب و نووسین و وتارێک ناتوانێت بەقەد ژەمە خواردنێکی باش، دیدی مرۆڤێکی برسی بۆ جیهان بگۆڕێت، هەر بەو چەشنە هیچ پەنسلین و ئازار شکێن و یاسا و ڕێسا و بڕوانامە و دەسەڵات و ناوبانگێک، ناتوانێت بە قەد نیگەران بوون و هاوسۆزی و گرنگی پێدانی ئەوانیتر، لە ئازارەکانی مرۆڤ کەم بکاتەوە.
حاجی قادر وتەنی: لە کوێرەدێیەک کە (کەیفی) تیا بێ فیردەوسە.
لە خێزانێکی بچوک و کەمدەست، لە نیشتیمانێکی گەمارۆدراو و یەکدەنگ، لە پەیوەندییەکی هاوسەرگیری دڵبەست، کە نیگەرانی یەک بن، خەمخۆری یەک بن، چاوەڕوانی یەک بن، کوێرە دێیەکی ڕوخاویش بێت، ئەو خێزانە ئەو نیشتیمانە، ئەو پەیوەندییە دەبێتە فیردەوس، هەر شوێنێک نیگەرانی و یادەوەری و هاودڵی تێدا نەما بۆخۆی هێدی هێدی، بەتێپەڕبوونی کات دەبێتە کەلاوە.
قەتار، واتا:
ڕیز، سەف، کۆمەڵێک چاوەڕێ بن بۆ بار، شەمەندەفەر کە فارگۆنەکانی بەدوای یەکدا دێن، ریزە دێراو کە بەدوای یەکدان، فیشەکدان و شوێنی فیشەک کە لەسەر جلی جوانکاری و سەربازی دەبەسترێت.
"قەتارێک هاتووە گەوهەر باریەتی
خورشیدی خاوەر سەرقەتاریەتی".
لە هۆنراوەکەی حاجی قادردا بەناوی (فەلەک بە تیرو کەوانی لە ئێمە چویتە کەمین)، شیوەنێک بۆ (کەیفی)ی شاعیر دەکات، حاجی قادر دەڵێت: ئەو لە بەر بێ تۆماری ناوی نەما و ونبوو، بەڵام لێرەدا (کەیفی) بە مانای شادی و بەمانای (کەیفی جوانڕۆیی)ش دێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە