13/09/2022
346 جار خوێنراوەتەوە
شاعيرانى كورد و قورئانى پیرۆز
حوجره‌ی مزگه‌وته‌كانی كوردستان پێش وێرانكردنیان له‌لایه‌ن دوژمنانه‌وه، له مێژووی پڕ سه‌روه‌ریی گه‌لی كورددا هه‌ریه‌كه‌یان ڕۆڵی زانكۆیه‌كی گه‌وره‌یان بینیوه، كه زۆر به‌شی تێدا بووه، بۆیه ئه‌وانه‌ی له‌و خوێندنگایانه‌دا ده‌رده‌چوون، ته‌نها زانای شه‌رعزان نه‌بوون، به‌ڵكو شۆڕشگێڕ‌و ئه‌دیب‌و مێژوونووس‌و شاعیر‌و خه‌مخۆری گه‌ل‌و وڵات بوون، دیاره هه‌موو زانا‌و ئه‌دیب‌و شاعیر‌و شۆڕشگێڕانی ئه‌م گه‌له‌ی ئێمه‌ش ده‌رچووی خوێندنگای مزگه‌وته‌كانن، هه‌ر له مه‌لا ئه‌بوبه‌كری موصه‌نیف‌و شێخ مارفی نۆ دێیی، تا ده‌گاته شێخ سه‌عیدی پیران‌و قازی موحه‌ممه‌د‌و شێخ مه‌حمود حه‌فیدو مه‌وله‌وی‌و نالی‌و مه‌حوی‌و بێسارانی‌و وه‌فایی‌و سافیی‌و بێخود‌و حاجی قادر‌و پیره‌مێردو حه‌مدی‌و ئه‌مین زه‌كی‌و حوزنی موكریانی‌و هه‌ژارو هێمن‌و ده‌یان‌و سه‌دانی تریش، بۆیه ده‌بینین هه‌موو به‌رهه‌می شیعر‌و ئه‌ده‌ب‌و نووسین‌و هه‌ڵوێست‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیان له‌سه‌ر بناغه‌ی باوه‌ڕو له‌به‌ر تیشكی شه‌ریعه‌تدا بووه.
شاعیرانی گه‌وره‌ی كورد زۆربه‌ی شیعره‌كانیان یان پاڕانه‌وه‌یه له په‌روه‌ردگار، یان سه‌ناو شایسته‌یان، یان باسی پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله علیه و سلم ) و خه‌لیفه‌كانی‌و هاوه‌ڵانی‌و ئال‌و به‌یته‌كه‌یه‌تی، له‌به‌ر تیشكی ئایه‌تێك، یان فه‌رمووده‌یه‌كدا هه‌ڵبه‌سته‌كه‌یان ڕێكخستووه، یان سووره‌تی كورتی قورئانیان له‌گه‌ڵدا تێكه‌ڵ كردووه، یان خه‌ڵكیان هانداوه بۆ دونیا به كه‌مگرتن‌و ڕوو له خوا كردن، به‌هه‌رحاڵا من لێره‌دا ناتوانم باسی ئه‌و هه‌موو مه‌سه‌له ئیسلامیانه بكه‌م، كه شاعیران لێی دواون، نموونه‌یان له‌سه‌ر بهێنمه‌وه، چونكه ژوانگه‌كه‌مان ڕووبه‌ره‌كه‌ی كه‌مه، به‌ڵام ته‌نها باسی سوره‌تی (الفاتحه) ده‌كه‌م، كه هه‌موو موسڵمانێك، خوێنده‌وارو نه‌خوێنده‌وار له‌به‌ریانه‌و سوره‌تێكی گه‌وره‌یه.
به (أم الكتاب) و(الحمد) و(الشفا‌و) و چه‌ند ناوێكی تر به‌ناوبانگه‌و ده‌رگای كردنه‌وه‌ی قورئان‌و بناغه‌ی نوێژه‌كانه.
بۆیه شاعیران له‌گه‌ڵا شیعره‌كانیاندا هۆنیویانه‌ته‌وه، تا ڕۆڵه‌كانی كورد هه‌م باش له‌به‌ری بكه‌ن‌و هه‌م چاك له مانا‌و مه‌به‌سته‌كانی حاڵی ببن، جا له ڕاستییدا ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم، ئه‌م سووره‌ته ڕه‌نگه به‌ناوهێنان له شیعردا هاتبێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ته‌واوی سوره‌ته‌كه داڕێژرابێ، له شیعری دوو شاعیردا دیومه، كه یه‌كێكیان حه‌مدی ساحێبقڕانه‌و دووه‌میشیان شێخ عیسا مه‌ددینی عه‌واڵانه.
یه‌كه‌م: حه‌مدی
حه‌مدی ناوی ئه‌حمه‌دی كوڕی فه‌تاح به‌گی حاجی ئیبراهیم به‌گی مه‌حمود به‌گی ساحێبقڕانه، له ساڵی 1293ك/ 1876ز له شاری سلێمانی چاوی به ژیان هه‌ڵهێناوه، مامۆستا عه‌لائه‌ددین سه‌جادی له مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیدا لاپه‌ڕه (256) ده‌ڵێت: (ئه‌حمه‌د به‌گ یه‌كێك بووه له دوانزه سواره‌ی مه‌ریوان، ـ كه سه‌رچاوه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ساحێبقڕان ئه‌حمه‌د به‌گی گه‌وره بووه ـ لاو چاك‌و سوارچاك بووه، ڕوویكردبێته هه‌ر مه‌یدانێك تۆپی هونه‌ری ده‌ركردووه، ڕووی كردبێته هه‌ر دو‌ژمنێك شكاندوویه‌تی، له‌مه‌وه ناویان ناوه ساحێبقڕان، واته خاوه‌ن نگین).
حه‌مدی له ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵیدا ده‌چێته قوتابخانه‌ی مه‌لا عه‌زیزی زه‌لزه‌له‌یی له سوله‌یمانی. قورئان‌و كتێبه ورده‌كانی له‌وێ خوێندووه، پاشان ده‌چێته حوجره‌ی مه‌لا سه‌عید خواجه‌فه‌نی، له مزگه‌وتی عه‌زیز ئاغا (مزگه‌وتی ناوبازاڕ) ئینجا چووه‌ته قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی تا گه‌شتووه‌ته پۆلی یه‌كه‌می ڕوشدیه، بۆ فێربوونی زانستی سه‌رعییش له حوجره‌ی مزكه‌وته‌كانی سلێمانیشدا خوێندوویه‌تی، به تایبه‌تی له خانه‌قای مه‌حویدا گه‌لێكی خوێندووه.
مامۆستا ڕه‌فیق حیلمی له به‌رگی یه‌كه‌می شیعر‌و ئه‌دیبانی كوردی لاپه‌ڕه (2)دا ده‌ڵێت: "ئه‌حمه‌د به‌گی كوڕی فتاح به‌گی ئه‌رازیه، له سلێمانی له‌دایكبووه‌و هه‌ر له سلێمانی خوێندوویه‌تی له حوجره‌ی مه‌لا عه‌زیز له‌گه‌ڵا ئه‌مین زه‌كیدا پێكه‌وه بوون، خزمی (كوردی)و (سالم)ه ـ كه دوو شاعیری به‌ناوبانگی كوردن ـ حه‌مدی به فارسی‌و كوردی شیعری زۆری داناوه، دیوانی شیعره‌كانی له ساڵی 1334 ڕۆمیدا له گرتنی سلێمانیدا سووتاوه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی دیسانه‌وه دیوانێكی شیعری تری نووسیوه"، هه‌روه‌ها مامۆستا ڕه‌فیق حیمی ده‌ڵێت: "ئه‌حمه‌د به‌گ (خوا لێی خۆشبێت) هه‌روه‌ك شاعیرێكی قه‌له‌نده‌ر مه‌شره‌ب بووه، پیاوێكی شۆخ‌و به نمود، سوارێكی باش، سیلاح شۆڕی ئازاش بووه، زۆر دڵته‌ڕو ده‌ست بڵاوو میوان په‌روه‌ر بووه، له هه‌ر مه‌جلیسێكدا دابنیشتایه به قسه‌ی خۆش‌و نوكته‌ی شیرینی مه‌جلیسه‌كه‌ی ده‌هێنایه نه‌شئه".
ئینجا مامۆستا حه‌مدی مرۆڤێكی خاوه‌ن بیروباوه‌ڕو موسڵمانێكی مولته‌زیم بووه، بۆ پاراستنی بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی خۆی هه‌موو ته‌نگ‌و چه‌ڵه‌مه‌یه‌كی چه‌شتووه، زۆر هه‌ڵوێستی مه‌ردانه‌ی بووه، به تایبه‌تیش كاتێك شێخ مه‌حمود له جه‌نگی ده‌ربه‌ندی بازیاندا به‌دیل گیراو به برینداری ڕه‌وانه‌ی به‌غداد كرا. لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌وه به بیری خوێنه‌ر بهێنمه‌وه كه مامۆستا ڕه‌فیق حیلمی ده‌ڵێت: له شه‌ڕی به‌رده‌قاره‌ماندا له ساڵی 1919 كاتێك به هۆی چه‌ند كوردێكی خۆفرۆشه‌وه شێخ ناسرایه‌وه‌و به‌دیل گیراو نێردرایه به‌غدا، له نه‌خۆشخانه چوومه لای شێخ به وێنه‌یه‌كی یه‌كجار به‌كول‌و تین ئازایانه‌وه ده‌یوت: ((نه‌ك مه‌حكه‌مه‌ی عه‌سكه‌ری ئینگلیز، به‌ڵكو هیچ مه‌حكه‌مه‌یه‌ك خاوه‌نی حه‌ق نییه مه‌حكه‌مه‌ی من بكات، چونكه به پێی حه‌قێكی شه‌رعیی شه‌ڕم له‌گه‌ڵا ئینگلیز كردووه، له ڕێی كورد‌و كوردستاندا خۆم به‌ختكردووه)).
ئینجا كاتێك شێخ به‌دیل گیرا ئه‌وانه‌ی سه‌ر به شێخ بوون هه‌ندێكیان گیران‌و هه‌ندێكیان خۆیان دا به‌ده‌سته‌وه، به‌ڵام حه‌مدی ڕووی كرده كه‌ژو كێوه‌كانی كوردستان‌و مه‌ردانه خێزانه‌كه‌ی شێخ مه‌حمودیشی ده‌ركردو به‌ماڵا‌و به گیان خزمه‌تی كردن‌و پاراستنی، ماوه‌ی سێ ساڵا به گه‌رماو سه‌رما به كێوانه‌وه، تا شه‌وی پێنجشه‌ممه 28/شه‌عبانی ساڵی 1355 به‌رامبه‌ر 12ی تشرینی دووه‌می 1936 به هۆی وه‌ستانی دڵه‌وه كۆچی دوایی ده‌كات.
دووه‌م: شێخ عیسامه‌ددینی عه‌واڵان
خوێندنگه‌ی عه‌واڵان كه شێخ ئیسماعیلی عه‌واڵان دایمه‌زراندووه تا سه‌رده‌می شێخ عیسامه‌ددینیش ڕۆڵی گه‌وره‌ی دیوه‌و ده‌یان زانای گه‌وره‌و لێهاتووی تێدا ده‌رچووه شێخ عیسامه‌ددین كه نه‌وه‌ی زانای گه‌وره شێخ ئیسماعیلی عه‌واڵانه‌و ده‌چێته‌وه سه‌ر زانای زاهیدو خواناسی مه‌شهور سه‌ید موحه‌ممه‌د ناسراو به‌پیر خدری شاهۆ.
شێخ عیسامه‌ددین له ساڵی (1857ز) له گوندی عه‌واڵان له‌دایكبووه له ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵیدا نێردراوه‌ته به‌ر خوێندن، یه‌كه‌مجار لای جه‌نابی باوكی‌و پاشان بۆ ته‌واوكردنی خوێندن لای مه‌لاكانی ناوچه‌كه‌و به‌تایبه‌تییش له سلێمانی خوێندویه‌تی له‌گه‌ڵ زانای گه‌وره مه‌لا حسێن په‌سكه‌ندی پێكه‌وه فه‌قێ بوون.
شێخ عیسامه‌ددین مه‌لایه‌كی گه‌وره‌و به‌لایه‌ق‌و قابیلدارو شێخێكی به‌هیمه‌ت‌و خزمه‌تگوزار بووه، شایانی باسه شێخ عیسامه‌ددین به‌هیچ جۆرێ ئیشوكارو فه‌رمانبه‌ری میری قبوڵ نه‌كردووه به‌كشتوكاڵ كردنه‌وه گوزه‌رانی خۆی‌و ته‌كیه‌و مه‌دره‌سه‌ی عه‌واڵان ـ كه هه‌میشه جمه‌یان هاتووه له گه‌وره پیاوان‌و ئه‌هلی عیلم‌و ته‌ریقه‌تدا ـ به‌ڕێوه بردووه.
هه‌روه‌ها شێخ عیسامه‌ددین پیاوێكی نیشتمانپه‌روه‌رو به‌هه‌ڵوێست بووه هه‌میشه هاوكاری شێخ مه‌حمود بووه له‌و پێناوه‌شدا تووشی ده‌رده‌سه‌ریی‌و ئاواره‌یی‌و چه‌ند جار سووتانی گوندی عه‌واڵان بووه، تا له‌ته‌مه‌نی (75) ساڵیداو له‌ساڵی (1932) كۆچی دوایی ده‌كات.
ئه‌م شاعیره هه‌رچه‌نده شاعیری مه‌شهور نه‌بووه ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ته‌نها له چه‌ند كتێب‌و چه‌ند گۆڤارێكدا باسی لێوه كراوه، ئه‌م شاعیره شیعری زۆربووه، كاتی خۆی شێخ حه‌سه‌نی عه‌واڵانی شاعیر (54) شیعری كۆده‌كاته‌وه، به‌ڵام به‌وه‌فاتی شێخ حه‌سه‌ن هاوسه‌رو منداڵه‌كانیشی نازانن شێخ حه‌سه‌ن لای كێ ئه‌و شیعرانه‌ی داناوه.
جا ئه‌م شاعیره شیعری له وه‌سفی پێغه‌مبه‌ردا هه‌یه، له‌شیعرێكیشدا ته‌فسیری سوڕه‌تی فاتیحه‌ی كردووه، كه به‌ڕای من له‌م شیعره‌دا هه‌م له ڕووی عه‌قیده‌ییه‌وه هه‌م له ڕووی داڕشتنه‌وه له شیعره‌كه‌ی حه‌مدی به‌هێز تره.
ده‌ڵێت:
ته‌مامه بێم به (بسم الله) له (الرحمن) داواكه‌م
(رحیم) ئه‌مڕۆ له بۆ صوحبه‌ی له جه‌ننه‌تا ته‌مه‌نناكه‌م
له‌سه‌ر ئه‌م به‌خشش‌و ڕه‌حمه خودایه (الحمد لله)
كه(رب العالمین) ڕێی داوه ئه‌م سوره‌ته مه‌عناكه‌م
به (الرحمن)ه ئومێدم هه‌تا هه‌م من له‌دنیادا
كه‌مردیشم (رحیم) بێ بۆم به‌شه‌رتێ ڕووم له‌مه‌ولاكه‌م
ئه‌ڵێم: (یارب) ئه‌تۆی (مالك یوم ا‌لدین) وه‌كو فه‌رمووت
اصح (ایاك نعبد) ئیتاعه‌ی غه‌یری تۆ ناكه‌م
(وایاك) به‌نوری (نستعین) دێین له‌بۆ طاعه‌ت
به‌له‌فزی (اهدنا) ڕێی (الصراط المستقیم) چاكه‌م
(صراط الذین)ی واكه (انعمت علیهم) بوون
به‌غه‌یری كۆمه‌ڵی گومڕا له (مغضوب) خۆم ته‌وه‌للاكه‌م
خودا نه‌مكه‌ی به‌مه‌رجه‌ع بۆ (علیهم) دوای (مغضوب)
به‌شه‌ددو مه‌ددی ته‌جویدی (ولاالضالین)گۆیا كه‌م
له‌پاش ئایه‌تی سه‌بعه‌ی فاتیحه لازم به(ئامین)ه
ته‌ڕه‌حوم به (عصام ا‌لدین) بكه بۆ هه‌ردوو دنیاكه‌م.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە