03/12/2022
544 جار خوێنراوەتەوە
ڕۆمانی شازاده و شاعیر یان باخێك له گوڵی ژاكاو
سه‌ڵاح سالار
شازاده و شاعیر ناوی نوێترین ڕۆمانی ئه‌ندازیار و نووسه‌ری دیاری گه‌له‌كه‌مان خوسره‌و جافه. ئه‌م ڕۆمانه 495 لاپه‌ڕه‌یه و وه‌ك نووسه‌ر خۆی ئاماژه‌ی پێداوه چوار ساڵ پێوه‌ی خه‌ریكبووه.
ته‌نانه‌ت له سلێمانی، یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد كۆڕێكیان بۆ سازدا، به‌نده به‌شداریی كۆڕه‌كه‌یم كرد، به‌ڵام ئه‌وكات ڕۆمانه‌كه‌م نه‌خوێندبووه‌وه، بۆیه هیچ قسه‌یه‌كم له‌سه‌ر نه‌كرد.
له‌وێش نووسه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی له پێشه‌كی ڕۆمانه‌كه‌دا نووسیویه‌تی باسی كرده‌وه و زۆر به ڕاشكاویی له‌سه‌ر شیعره‌كه‌ی مه‌ستووره قسه‌ی كرد و جه‌ختی ده‌كرده‌وه كه شیعری نالی نییه و هه‌ندێ به‌ڵگه‌ی عه‌قڵیی ده‌هێنایه‌وه كه له‌ناو رۆمانه‌كه‌شدا باسی كردووه، له‌وانه: نالی ئه‌و كاته ژنی نه‌هێناوه، ئیتر چۆن ئه‌وه‌نده شاره‌زایی له ئه‌ندامی زاوزێی ئافره‌ت هه‌یه تا ورد ورد باسی ده‌كات؟ دووه‌م: نالی ئوستادی شیعر و زمانه چۆن هه‌شت جار وشه‌ی قڵیشان له‌و شیعره‌دا به‌كار ده‌هێنێت.
باسێكی نووسینه كۆنه‌كانی تری خۆی كرد، كه كاتی خۆی به‌لێشاو به‌ر ڕه‌خنه دراوه، وتی: منیش له مه‌سعوود محه‌مه‌دم پرسی مامۆستا ئه‌وه بۆچی؟ ئه‌ویش و: له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌كه: یه‌كه‌م: ئه‌وانه‌ن به‌خیلن و به‌خیلییت پێ ده‌به‌ن. دووه‌م: ئه‌وانه‌ن خۆیان به‌تۆدا هه‌ڵده‌زنن تا ده‌ربكه‌ون. جا ئامۆژگارییت ده‌كه‌م وه‌ڵامی كه‌سیان مه‌ده‌ره‌وه. گوتی: ئیتر له‌وكاته‌وه كردووه‌مه به نه‌ریت وه‌ڵامی هیچ كه‌سم نه‌داوه‌ته‌وه كه له‌سه‌ریان نووسیوم.
بۆیه منیش چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی لێناكه‌م و ته‌نیا چاوه‌ڕێم له‌خه‌ڵكی تره كه سه‌رنجی خۆیان هه‌بێت و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕه‌خنه‌كانی من و ڕۆمانه‌كه‌ی نووسه‌ر بكه‌ن.
ناساندنی نالی
با كۆڕه‌كه‌ی به‌جێبهێڵین بچینه‌وه بۆ ناو كۆڵانه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌ی ڕۆمانه‌كه و سه‌رێك له‌و باڵه‌خانه به‌رز و زه‌ریفه بده‌ین له‌باخچه جوانه‌كه‌یدا گوڵه‌وه‌چنێیه‌ك بكه‌ین.
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بڵێین ئه‌م ڕۆمانه كارێكی جوان و به‌نرخه و وه‌ك نووسه‌ر خۆی ده‌ڵێت یه‌كجار زه‌ریفه. زانیاریی باشی تێدایه و جارێكی تر (نالی)ی مه‌زنمان پێده‌ناسێنێته‌وه و سه‌باره‌ت به خاكوخۆڵیش به‌رچاومان ڕوون ده‌كاته‌وه، كه ئه‌وكات خاكوخۆڵ گوند نه‌بووه و ته‌نیا هه‌وارگه‌یه‌كی جاف بووه.
سه‌باره‌ت به كه‌سوكاری نالی شتی نوێ ده‌بیستین، بۆ نموونه: باسی باب و باپیران و برا و خوشك و دایك و باوه‌ژن و زۆر شتی تر.
له پێشه‌كی ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت: (ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر نالییان نووسیوه له‌خۆیان نه‌پرسیوه ئه‌م خاكوخۆڵه له‌كوێدایه، دێیه، شاره‌دێیه، شارۆچكه‌یه؟ هیچ یه‌كێ له‌و براده‌رانه نه‌یانزانیوه خاكوخۆڵ ته‌نیا هه‌وارگه‌یه‌ك بووه و به‌س).
دواتر ده‌رباره‌ی باپیرانی نالی ده‌ڵێت: (باوكی نالی، ئه‌حمه‌دی كوڕی شاوه‌یسی كوڕی قه‌ره‌وه‌یسی، كوڕی مسته‌فابه‌گ، كوڕی وه‌یسی، كوڕی عه‌لی به‌گه. باوكی نالی ئه‌و ده‌م دوو هه‌زار و پێنج سه‌د سه‌ر مه‌ڕ و ماڵاتی هه‌بووه، جگه له به‌رزه وڵاخ و ڕه‌شه وڵاخ).
سه‌باره‌ت به دایك و براكانی نالی ده‌ڵێت: (دایكی نالی ناوی ئاڵتوون بووه، باوكی نالی ژنێكی تریشی هه‌بووه به‌ناوی مه‌ریه‌م. له‌و دوو ژنه ئه‌حمه‌دی شاوه‌یس شه‌ش منداڵی هه‌بوو، چوار كوڕ و دوو كچ، به‌م ناوانه: خدر، قادر، محه‌مه‌د، حسێن، له‌یلا، زڵێخا).
ئیتر نووسه‌ر ڕه‌خنه له‌وانه ده‌گرێت كه وتوویانه نالی كوڕه هه‌ژارێك بووه. ئه‌و ده‌ڵێت: باوكی نالی ده‌وڵه‌مه‌ند بووه و ئه‌و هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه‌ی هه‌بووه، بۆیه نالی وه‌ك فه‌قێی تر به ڕاتبه و پاره‌ی سه‌ده‌قه و نانی خه‌ڵك نه‌ژیاوه، به‌ڵكو باوكی شوێن به شوێن كه‌سێكی له‌گه‌ڵ ناردووه و ماڵی بۆ گرتووه و پاره و خه‌رجیی بۆ دابین كردووه.
ئه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئێمه بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه نووسه‌ر ده‌ڵێت: باوكی نالی ده‌وڵه‌مه‌ند بووه ڕاست ده‌كات، چونكه جاران هه‌ركێ مه‌ڕ و ماڵات و ده‌وڵه‌تی زۆری هه‌بوو بێت، ئه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، ئه‌وكاته پاره زۆر نه‌بوو، ده‌وڵه‌ت و كشتوكاڵ و به‌روبووم زیاتر هه‌بووه. ته‌نانه‌ت وشه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند له بنه‌ڕه‌تدا له وشه‌ی (ده‌وڵت‌مه‌ند)ه‌وه هاتووه، واتا ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی زۆربووه، ده‌وڵه‌تیش واتا مه‌ڕ و ماڵات.
ئه‌مه ناساندێكی باشه، به‌ڵام جگه له‌وه‌ی باسی باوكی نالی و قادری برا بچووكی نالی ده‌كات به كورتی و زۆر به كورتتریش ڕۆڵی دایكی نالی ده‌بینین، ئیتر باسی خوشك و براكانی له كووله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا ناكات، كه ده‌كرا شتێكی بۆ ئه‌وانیش ته‌رخان بكردبایه تاكو تام و چێژی زیاتر بداته ڕۆمانه‌كه‌ی.
نووسه‌ر پاشان ده‌ست ده‌كات به ڕۆمانه‌كه‌ی و له 50 به‌شدا كۆتایی پێده‌هێنێت. ڕۆمانه‌كه به گه‌ڕان به‌دوای ده‌ستنووس و به‌ڵگه‌نامه‌كانی نالییدا له توركیا ده‌ستپێده‌كات و به دۆزینه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی نالی له ماڵی نه‌وه‌ی هاوسه‌ری یه‌كه‌می نالی كه تورك بووه و ناوی خانم به‌هاری یه‌شارزاده‌یه، ئیتر ده‌روازه‌ی ڕۆمانه‌كه به‌گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی نالی ده‌ستپێده‌كات.
ئه‌م به‌شه سه‌ره‌كییه‌ی رۆمانه‌كه سه‌رجه‌می خه‌یاڵه و به كۆمه‌ڵێ زانیاری مێژوویی ناو هۆزی جاف و عه‌شیره‌تی میكایه‌ڵی و ئه‌ماره‌تی بابان و ئه‌رده‌ڵان و شاره‌كانی سلێمانی و سنه و زۆر كه‌سایه‌تی و شوێنی تر و ڕووداوی مێژوویی ڕۆمانه‌كه‌ی به‌جوانیی داڕشتووه و ده‌وڵه‌مه‌ندی كردووه.
خوسره‌وجاف هه‌ر له پێشه‌كییه‌دا پێمان ده‌ڵێت: (له‌بیری نه‌كه‌ی، من ڕۆماننووسم نه‌ك مێژوونووس، نووسینی ڕۆمانی مێژوویی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، ڕۆماننووس به‌پێی نیازی ته‌كنیكییه‌وه ده‌توانێ ده‌ستكاری له هه‌قیقه‌ته مێژووییه‌كاندا بكا و تا ڕاده‌یه‌ك گۆڕانكاری تیادا ئه‌نجام بدا).
به‌ڵام ئه‌م بیرخستنه‌وه‌یه نابێته پاساو بۆ كۆمه‌ڵێ هه‌ڵه‌ی مێژوویی كه ئاسمان و ڕێسمان جیاوازییان هه‌بێت.
هه‌ركه‌س هه‌ركام له ڕۆمانه‌كانی خوسره‌و جاف بخوێنێته‌وه سۆزدارییه‌كی زۆر بۆ جاف و به‌تایبه‌تیش به‌گزداه‌كانی جاف ده‌بینێت، ئه‌مه مافی خۆیه‌تی به‌و مه‌رجه‌ی پێچه‌وانه‌ی هه‌قیقه‌ته مێژووییه‌كان نه‌بێت. له ڕۆمانی (پاشایان كوشت)دا كه تایبه‌ته به ژیانی حه‌مه پاشای جاف كه باپیری خۆیه‌تی، جوان ڕۆمانه‌كه‌ی نووسیوه و داڕشتووه.
هه‌ر له‌و ڕۆمانه‌دا باسی خیانه‌تی عوسمان به‌گی بابان ده‌كات به‌رانبه‌ر جاف، كه شه‌ڕی بابان و ئه‌رده‌ڵان ڕوو ده‌دات، جاف به‌سه‌ركردایه‌تی كه‌یخوسره‌وبه‌گی جاف، كه سه‌رۆكی ئێلی جاف و باوكی حه‌مه‌پاشای جاف و كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری كورده لایه‌نگری بابان ده‌كه‌ن و سه‌ر ده‌كه‌ون، به‌ڵام عه‌بدوڵابه‌گی كوڕی بریندار ده‌بێت، به فیتی عوسمان به‌گی بابان برینه‌كه‌ی ژه‌هراوی ده‌كرێت و ده‌مرێت. له‌و ڕۆمانه‌دا ده‌ڵێت ته‌رمه‌كه‌یان له گردی سه‌یوان ناشت و به عاجزیی و نیگه‌رانییه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ شوێنی خۆیان.
به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا نووسه‌ر دوای ده‌ستكه‌وتنی به‌ڵگه و گه‌ڕانی زۆرتر بۆچوونی خۆی گۆڕی و گوتی: عه‌بدوڵا به‌گ له گردی سه‌یوان نه‌نێژراوه و هێنراوه‌ته‌وه بۆ گۆڕستانی سه‌یدسادق و له‌وێ به‌خاكسپێردراوه.
له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وه‌ی ڕاستكردووه‌ته‌وه، كه دیسانه‌وه باسی هه‌مان ڕووداو ده‌كات، ده‌ڵێت: (ته‌رمه‌كه‌یان برده‌وه بۆ شاره‌زوور).
مه‌به‌ستمه بڵێم ئه‌وه بابه‌تی ڕۆمانی مێژووییه و هه‌ر خۆی ڕاستی كردووه و ده‌ستبه‌رداری هه‌ڵه‌ی مێژوویی بووه. بۆیه ده‌كرێت هه‌ڵه مێژووییه‌كان ڕاست بكرێنه‌وه و نابێت به‌ناوی خه‌یاڵ و ڕۆمانی مێژووییه‌وه، نه‌ك كتێبی مێژوونووسین، ئیتر ده‌ستبه‌ردارییان ببین و په‌نجه نه‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه زۆر زه‌ق و كوشنده‌ن.
من ره‌نگه ئیتر بابه‌تی سۆز و خۆشه‌ویستی نووسه‌ر بۆ هۆزی جاف و باب و باپیرانی زه‌ق نه‌كه‌مه‌وه چونكه مافی خۆیه‌تی و جافیش هۆزێكی گه‌وره و به‌رچاوی كورده و خزمه‌تێكی زۆریان كردووه و نكووڵیی له گه‌وره‌یی و جوانییه‌كانی جاف وه‌ك نكووڵییه له تیشكی ئه‌ستێره، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م هۆزه‌ش وه‌ك ئه‌وانی تر سته‌م و خراپه و تاوانیشی هه‌یه، به‌ڵام من هه‌ڵسه‌نگاندنی هۆزه‌كان ناكه‌م تا بچمه نێو ئه‌و ته‌فاسیله‌وه، هه‌رچه‌نده له‌ناو ڕۆمانكه‌دا ده‌بینیت به زه‌قی ئه‌ماره‌تی بابان زه‌ربی سفر ده‌كات و ئێلی جاف و كه‌یخوسره‌وبه‌گ و حه‌مه‌پاشای جاف زۆر له‌وان گه‌وره‌تر ده‌كات و ئه‌وان ته‌واو ده‌شكێنێت، كه ئه‌مه ناڕه‌وایه و هه‌موو كه‌س ده‌زانێت بابان ئه‌ماره‌ته و جافیش هۆزه و توانا و لێهاتوویی و دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌م دوانه له مێژوودا به‌راورد ناكرێت و هاوشان نابنه‌وه، به‌ڵام جاف هه‌ر سه‌نگ و قورسایی خۆی هه‌یه وه‌ك پێشتر باسم كرد.
زمانی ڕۆمانه‌كه
نووسه‌ر تا ڕاده‌یه‌كی باش ڕۆمانه‌كه‌ی به زمانی جافی نووسیوه و وشه و ده‌سته‌واژه‌ی كۆنی خزاندووه‌ته ناو دێڕه‌كانه‌وه و كاره‌كه‌ی بۆ خوێنه‌ر خۆشتر و به‌چێژتر كردووه.
هه‌ندێ جار وشه‌ی جوان و نوێمان فێر ده‌كات كه نه‌وه‌ی ئێستا زۆرینه‌ی ڕه‌های نه‌یبیستووه، بۆ نموونه وشه‌ی (نه‌بیره)، كه ئێمه ته‌نیا باب و باپیر و باپیره گه‌وره ده‌زانین، به‌ڵام نه‌بیره واتا چوار پشت زیاتر و به‌روژووتر. زۆر وشه‌ی جوانترمان بیر ده‌خاته‌وه، یان فێرمان ده‌كات.
كه‌چی ئه‌م نووسه‌ره زمانپاراوه، هه‌ڵه‌ی زۆر زه‌قیش له زمانی دایكدا ده‌كات، بۆ نموونه له كوردیدا پیاو به برای هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێت (ژنبرا)، كه‌چی ئه‌م له زمانی نالییه‌وه ده‌ڵێت: نووسینه‌كانم سپاردووه به ئۆرخانه‌فه‌ندی براژنم. له‌كاتێكدا ئۆرخان ژنبرایه‌تی و برای هاوسه‌ره‌كه‌یه‌تی.
له‌شوێنیكی تردا ده‌ڵێت: (نامه‌كه‌ی عومه‌ری كوڕی عاس). له‌كاتێك ئه‌و كه‌سایه‌تییه ناوی عه‌مری كوڕی عاسه.
نه‌شاره‌زایی ئایینی
نووسه‌ر چونكه شاره‌زایی له ئایینی ئیسلام نییه هه‌ڵه‌ی زۆر زه‌قی كردووه، كه ئه‌مانه ناچنه خانه‌ی خه‌یاڵ و فه‌نتازیای ڕۆماننووسینه‌وه، بۆ نموونه نووسه‌ر نازانێت نوێژی جه‌ژن و هه‌ینی وه‌ك یه‌ك نین.
له سه‌ره‌تای به‌شی 9دا باسی نوێژی هه‌ینی مزگه‌وتی ئومه‌وی ده‌كات، ده‌ڵێت: (شێخ به‌رنوێژی ته‌واو كرد و هه‌ڵكشایه سه‌ر مینبه‌ر). ئه‌مه له‌كاتێكدا له نوێژی هه‌ینیدا وتاری هه‌ینی ته‌واو ده‌كرێت ئینجا نوێژ ده‌خوێنرێت. كه‌مێك پاشتر دیسانه‌وه دێته‌وه سه‌ر حه‌ماسه‌تی وتاری وتاربێژه‌كه و ده‌ڵێت: (شێخ به‌و زستانه شه‌ڵاڵی عاره‌ق بووبوو، له مینبه‌ره‌وه یه‌كڕاست به‌ره‌و لای من هات و له ته‌نیشتمه‌وه چوارمشقی لێی دانیشت). ئه‌مه‌ش هه‌ر هه‌مان هه‌ڵه‌ی پێشووه و به‌و حسابه بێت نوێژی هه‌ینییان هه‌ر نه‌كردووه، نووسه‌ر وه‌ك خۆی پابه‌ندی ئه‌ركه ئایینییه‌كان نییه شاره‌زاییشی لێی نییه و هه‌ڵه‌ی زه‌ق ده‌كات.
له به‌شی یازده‌شدا دیسانه‌وه ده‌ڵێته‌وه: (شێخ عه‌بدوڕه‌حمان وه‌ك هه‌میشه قامه‌تی دابه‌ست و لای به‌دواوه نه‌كرد تا بزانێ ڕیزبه‌ندی نوێژكه‌ران چه‌نده و چۆنه، به‌رنوێژی ته‌واو كرد و به مینبه‌ردا سه‌ركه‌وت، وه‌ك هه‌فته‌كانی پێشوو كه‌وته باسی ڕێزداری و پێگه و جێگه‌ی خه‌لیفه‌ی ئیسلام).
نه‌ده‌بوو نووسه‌ر ئه‌وه‌نده بێ ئاگا بێت له ئیسلام و چۆنیه‌تی نوێژ و وتاری هه‌ینی و ئاوا نه‌زانانه شانی نه‌داته به‌ر.
ئه‌م جۆره هه‌ڵانه هه‌ر ئه‌وه نییه، له كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌شدا كاتێك باسی ئه‌وه ده‌كات كه نالی سه‌ردانی مه‌ككه‌ی كردووه و ئه‌میری مه‌ككه ڕێزی گرتووه و خانووی بۆ دابین كردووه. لێره‌دا ئه‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه نووسه‌ر هیچ له باره‌ی مه‌ككه و مه‌دینه نازانێت.
ئینجا سه‌یر بكه بزانه ده‌ڵێت چی (هه‌ڵبه‌سته‌كه‌م ته‌واو كرد له مزگه‌وتی په‌یامبه‌ری خوداوه بانگی به‌یانم هاته گوێ).
له به‌شی 45ی ڕۆمانه‌كه‌دا دیسانه‌وه كه باسی له مانه‌وه‌ی نالی له شاری مه‌ككه‌ی پیرۆز ده‌كات، ده‌ڵێت: (من له نزیكی مه‌زاری په‌یامبه‌ری خوادا خۆم به غه‌ریب نازانم). له به‌شی 46یشدا دووجار هه‌مان هه‌ڵه ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێتك (ئه‌وه‌تا له‌بنده‌ستی مه‌زاری په‌یامبه‌ریشدا ئاسووده‌گیم به‌ده‌ست نه‌هێناوه). هه‌ر پاش په‌ره‌گرافێك دیسانه‌وه ده‌ڵێت: (هه‌ینی وه‌ك هه‌میشه به‌نده و شێخ محه‌مه‌د و شێخ شه‌هابودین له نوێژی هه‌ینیدا له مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر به‌شداریمان كرد و ئێواره‌كه‌ی له دیوانی ئه‌میردا كۆبووینه‌وه). وه‌ك وتم ئه‌و میوانی ئه‌میری مه‌ككه بووه. له لاپه‌ڕه 400 و 401 دیسانه‌وه ده‌كه‌وێته‌وه هه‌مان هه‌ڵه، ده‌ڵێت (ئه‌وه په‌یامبه‌ری خوایه وا ئێمه له مه‌زاره‌كه‌یه‌وه نزیكین) و جارێكی تر ده‌ڵێت (به‌رنامه‌یه‌كم بۆخۆم داڕشتبوو ده‌بوایه‌ئه‌نجامم بدابا، ئه‌ویش خواحافیزی له مه‌زاری په‌یامبه‌ر).
نووسه‌ر لێره‌دا هێنده نه‌شاره‌زایی خۆی دووپات ده‌كاته‌وه كه پاساوی هیچ شتێكی تێدا نییه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه به‌و پێیه نالی له مه‌ككه بووه، چونكه چه‌ند جارێك باسی ئه‌میری مه‌ككه و ماڵه‌كه‌ی نالی له‌وێ ده‌كات، به‌ڵام گۆڕی په‌یامبه‌ری ئیسلام (دروودی خوای له‌سه‌ر) له شاری مه‌دینه‌یه و مزگه‌وتی په‌یامبه‌ریش هه‌ر له مه‌دینه‌یه، ئه‌وه‌ی له مه‌ككه‌یه ڕووگه‌ی مسوڵمانانه نه‌ك مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر و ئارامگای په‌یامبه‌ر. ئه‌مه له‌كاتێكدا نێوانی مه‌ككه و مه‌دینه زۆر دووره و ئه‌گه‌ر نالی له سلێمانییه‌وه بڕۆشتبا بۆ شاری سنه و خوارتریش هێشتا ئه‌وه نزیكتر و ئاسانتره تا ئه‌وه‌ی نووسه‌ر نه‌زانێت ئه‌و دوو جێگه‌یه چه‌نده له یه‌كه‌وه دورن. له‌هه‌مووی ناخۆشتریش ئه‌وه‌یه ئه‌م ڕۆمانه به‌ناوی نالی خۆیه‌وه ده‌گێڕێته‌وه و گوایه ئه‌مه ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌كه‌ی نالیی مه‌زنه كه له ئه‌سته‌نبووڵ دۆزیویه‌ته‌وه. بۆیه هه‌ڵه قورسه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌یخاته سه‌ر شانی شاعیر و زانای گه‌وره‌ی ئه‌م دینه مامۆستا نالی گه‌وره و به‌ناوبانگ و هه‌ڵكه‌وتوو.
هه‌ڵه‌ی چاپ
جگه له هه‌ڵه‌ی مێژوویی و زانیاریی ناو ڕۆمانه‌كه، هه‌ڵه‌ی چاپیش گرفتێكی دیكه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌یه و هه‌ندێ جار مانای گۆڕیوه، ته‌نیا یه‌ك نموونه ده‌هێنمه‌وه، له لاپه‌ڕه 123 باسی سوڵتان مه‌حموودی دووه‌م ده‌كات و ده‌ڵێت: (سوڵتان مه‌حموودی دووهه‌م، سێهه‌م سوڵتانی عوسمانی). له‌كاتێك ئه‌و سیهه‌م سوڵتانی عوسمانییه نه‌ك سێهه‌م، ئه‌مه‌یان دیاره هه‌ڵه‌ی چاپه و سی كردووه به سێ.
هه‌ڵه‌ی چاپ له رۆمانه‌كه‌دا زۆره و ئه‌مه ته‌نیا یه‌ك نموونه‌یه.
هه‌ڵه‌ی مێژوویی
له‌م ڕۆمانه‌دا هه‌ڵه‌ی مێژوویی زۆر سه‌یر هه‌ن، كه نه‌ده‌بوو ئه‌ندازیار خوسره‌وجاف به‌و هه‌موو خوێنده‌واریی و نووسین و ئاستی هۆشیارییه‌ی به‌سه‌ر مێژووی كورد و هۆزه‌كاندا هه‌یه‌تی بكه‌وێته‌وه ناو هه‌ڵه‌ی ئاوا گه‌وره و بێ پاساو.
ڕه‌نگه تۆی خوێنه‌ر سه‌باره‌ت به هه‌ڵه‌كانی پێشتری نووسه‌ر سه‌باره‌ت به ئیسلام و هه‌ڵه ئایینییه‌كانه‌وه پاساوێكی له‌رزۆكی بۆ بێنیته‌وه و بڵێیت ئه‌و هیچ تێكه‌ڵییه‌كی به دینه‌وه نییه و ئه‌گونجێ هه‌ڵه‌ی وای كردبێت، كه من ئه‌و پاساوه‌ش قبووڵ ناكه‌م بۆ نووسه‌ر و كاری نووسین وه‌ك پێشتریش باسمكردووه.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌م هه‌ڵه زه‌قانه‌ی تر كه هی مێژووی كوردن چی ده‌ڵێیت؟
نووسه‌ر له ڕۆمانه‌كه‌یدا باسی فه‌قێكانی هاوڕێی نالی ده‌كات، یه‌كێ له‌وانه ناوی فه‌قێ (جه‌میل)ـه، ورده ورده پێمان ده‌ناسێنێت كه فه‌قێ جه‌میل و دواتریش مه‌لا جه‌میل كێیه، دیاره مه‌به‌ستی (جه‌میل سدقی زه‌هاوی) شاعیره، وه‌نه‌بێ ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌ی چاپ بێت چونكه له چه‌ند شوێنی جیاجا و به‌شی جیاجیا ناوی ده‌هێنێت و باسی شیعره‌كانی خۆی و ئه‌ویش ده‌كات. له به‌شی 20ی ڕۆمانه‌كه‌دا زۆر به زاڵییه‌وه ده‌ڵێت: به فه‌قێ جه‌میلم وت: كوڕی مام سدقی... هتد.
ته‌نانه‌ت له كۆتایی به‌شی 21دا له زمانی شێخ عه‌بدوڵای خه‌رپانییه‌وه كه مامۆستای نالی و محه‌مه‌د فه‌یزی زه‌هاوییه ـ نه‌ك جه‌میل سدقی زه‌هاوی ـ ده‌ڵێت: ئه‌م فه‌قێ جه‌میله خه‌ڵكی ناوچه‌ی زه‌هاوه، یه‌ك مانگی ماوه ببێته مه‌لا، ناوی باوكی سدیقه، جا داواكارم له ئێستاوه پێی بڵێن مه‌لا جه‌میل سدقی زه‌هاوی.
ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی زل و زه‌قه، چونكه ڕۆمانه‌كه له‌سه‌ر زمانی بیره‌وه‌رییه‌كانی نالییه‌وه ده‌گێڕێته‌وه و له‌سه‌ر زمانی مامۆستاكه‌ی نالییشه‌وه ئه‌م قسه بێ بنه‌مایه ده‌خاته ڕوو.
له‌كاتێكدا جه‌میل سدقی زه‌هاوی هاوته‌مه‌نی نالی نییه و ساڵی 1863 له‌دایكبووه و 1936 كۆچی دوایی كردووه. له‌وه‌ش خۆشتر ئه‌وه‌یه جه‌میل كوڕی مام سدقی و سدیق نییه، به‌ڵكو كوڕی محه‌مه‌د فه‌یزی زه‌هاوییه و سدقی نازناوی شیعریه‌تی. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ورده‌كاری زیاتریش بكه‌ین ئه‌وا خانه‌واده‌ی موفتی زه‌هاوی و جه‌میل سدقی به بنه‌چه بابانن، باوكی جه‌میل سدقی خه‌ڵكی سلێمانییه و له سلێمانی له‌دایكبووه و فه‌قێ و هاوڕێی سه‌رده‌می نالی بوو و دواتر له به‌غداش نیشته‌جێ بوون و جه‌میل سدقی هه‌ر له‌وێش له‌دایكبووه و مردووه، زه‌هاوی نازناوی بنه‌ماڵه‌كه‌یانه.
ئیتر نازانم كاك خوسره‌و ئه‌م هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌ی له‌كوێ هێناوه؟ ئه‌وه‌ی كه فه‌قێ و هاوڕێی نالی بووه موفتی زه‌هاوی بووه نه‌ك جه‌میل سدقی زه‌هاوی. جه‌میل سدقی نالی به‌چاویش نه‌دیووه و ته‌نیا وه‌ك من و تۆ ناوی بیستووه.
له شوێنێكی تر ده‌ڵێت: وه‌ڵه‌د به‌گی جاف هاتووه و داوای ئه‌سپه شێی قادری برای نالی ده‌كات بۆ سڵێمان به‌گی بابان. ده‌ڵێت: (وه‌ڵه‌د به‌گ وتی: سڵێمان به‌گ زاوامه و مێردی په‌ریزادی خوشكمه). له په‌ڕه‌ی دواتر باسی جێگره‌وه‌ی مه‌حموود پاشای بابان ده‌كات و ده‌ڵێت: (دوو كه‌س ده‌توانن ببنه جێگره‌وه‌ی مه‌حموود پاشا كه سڵێمان به‌گ و حه‌سه‌ن به‌گه، حه‌سه‌ن به‌گ دایكی جافه و خوشكی وه‌ڵه‌دبگه).
ئه‌مه نازانم چۆن ڕێككه‌وتێكه ئه‌م دووبرایه یه‌كێكیان كوڕی خوشكی وه‌ڵه‌دبه‌گ و ئه‌وی تریش مێردی خوشكی وه‌ڵه‌د به‌گه؟!
نالی و مه‌ستووره
ئه‌سڵی ڕۆمانه‌كه به‌ناوی ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه گه‌وره‌وه‌یه، نووسه‌ر هاتووه نالی كردووه‌ته‌وه مامۆستای مه‌ستووره‌ی كوردستانی، ئه‌مه بۆ فه‌نتازیا و بابه‌تی داڕشتن و خه‌یاڵی ناو ڕۆمان ده‌گونجێت و تا ڕاده‌یه‌كی كه‌م ئاساییه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو كه‌سه حه‌قیقه‌تن و شاعیری دیار و كه‌سایه‌تیی هه‌ڵكه‌وتوون ناڕاستی له‌ناو چیرۆكه‌كه‌دا خراپه و سه‌ر له خوێنه‌ری داهاتوو ده‌شێوێنێت.
هه‌موومان ده‌زانین نالی له سنه قوتابیی بووه و ده‌ر‌سی خوێندووه و مامۆستا نه‌بووه. سه‌باره‌ت به شیعره‌كه‌ی نالی بۆ مه‌ستووره خانم، كاك خوسره‌و هاتووه خه‌یاڵێكی زۆری داڕشتووه و بۆچوونی بێ بنه‌ما ده‌كاته پێوه‌ر و پیاوێكی له خه‌یاڵ دروستكردووه تا بیسه‌لمێنێت ئه‌م شیعره هی نالی نییه و هی ئه‌و مه‌لا مه‌قسووده‌یه.
ئه‌و ده‌یه‌وێت به‌ڵگه‌ی ئه‌وه بخاته ڕوو كه شیعره‌كه له مسته‌وای نالی‌دا نییه و چۆن ئه‌م شاعیره گه‌وره‌یه هه‌شت جار وشه‌ی قڵیشان له یه‌ك شیعردا به‌كار ده‌هێنێت؟ یان نالی كه ژنی نه‌بووه و پیاوێكی خواناس و پاكیزه بووه ئه‌م هه‌موو شاره‌زاییه‌وه‌ی له ئه‌ندامی زاوزێی ژن له‌كوێ بووه و چۆنی زانیوه؟
ده‌بێت كاك خوسره‌و ئه‌وه بزانێ له‌ناو زاناكانی زوودا بابه‌تی هۆشیاری سێكسی وه‌ك كتێب و كوڕاسه هه‌بووه و له‌ناو فه‌قێ و مه‌لاكانیشدا ئاسایی باسی ئه‌و بابه‌تانه كراوه و زانیاریی و هۆشیاریی زۆریشیان لێی هه‌بووه به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی زۆر خوێنده‌وار بووبێت شتی زیاتری دیوه و زانیوه و خوێندووه‌ته‌وه.
پاشان ئه‌م شیعره وه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێت: نالی شیعرێكی 49 به‌یتی هۆنیوه‌ته‌وه، بۆ جوانكردن و ڕازاندنه‌وه‌ی وه‌ستاییه‌كی یه‌كجار زۆری تێدا به‌خه‌رج داوه، كێش و قافیه‌ی هه‌ر 98 دێڕه‌كه‌ی وه‌كو یه‌ك داڕشتووه.
ئه‌وه‌ی ئه‌م شیعره بخوێنێته‌وه بڕوای زۆری هه‌یه كه هی نالییه، چونكه له ئاستێكی زۆر به‌رزی شیعرییدا نووسراوه، كه‌م شاعیره هه‌بووبێت بتوانێت وه‌ك نالی شیعر بنووسێت و شیعره‌كه‌ی له هی نالی بچێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌لا مه‌قسووده ئه‌وه‌نده شاعیربووه و توانیویه‌تی لاسایی نالی بكاته‌وه بۆ كه‌س باسی ناكات و بۆ به‌رهه‌می نالی ئاسای نییه. بۆیه‌م ئه‌م خه‌یاڵه له قسه‌یه‌كی پووچ زیاتر نییه.
سالم و كوردی
له‌م ڕۆمانه‌دا سالم وه‌ك هاوڕێی نالی ناوی هاتووه و ته‌نانه‌ت نووسه‌ر سالم ده‌باته شام و نالی ده‌بینێته‌وه و ژن بۆ سالم ده‌هێنێت و تێر و پڕیش پێكه‌وه سوكایه‌تی به میرانی بابان ده‌ڵێن، كه ئه‌مانه له‌وان به‌دووربووه، چونكه هه‌م تێكه‌ڵی پاشاكانی بابان بوون و هه‌م شیعریان بۆ پاشاكانی بابانیش نووسیوه، به‌خودی نالیشه‌وه. پاشان ئایا سالم ژنی هێناوه یا وه‌ك كوردی ئه‌ویش هه‌ر به سه‌ڵتی سه‌ری نایه‌وه؟ ئه‌م سێ شاعیره خۆشه‌ویستی زۆریان بۆ ئه‌ماره‌تی بابان هه‌بووه با له میرێك نزیك و له میرێك زویر بووبێتن. سالم یه‌ك دووجار ناوی هاتووه، به‌ڵام كوردی كه ئامۆزای سالمه و به هه‌رسێكیان ده‌وترێت سێكوچكه‌ی بابان له كووله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا ناوی نه‌هاتووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی نالی و كوردی خه‌ڵكی یه‌ك شار و یه‌ك سه‌رده‌م و هاوڕێی نزیكی یه‌كتر نه‌بن.
ته‌نانه‌ت حه‌بیبه‌ش زۆر به‌كه‌می ناوی هاتووه و ته‌نیا له په‌راوێزی ژیان و خه‌یاڵدانێكی نالییدا تارماییه‌كی هه‌یه و ئه‌و ناوه نییه كه خۆشه‌ویستی نمره یه‌كی نالی بووبێت.
چامه‌كه‌ی نالی
شتێكی تریش كه ده‌بوو له‌و ڕۆمانه‌دا له ترۆپكدا باسی بكربا چامه‌كه‌ی نالی و وه‌ڵامه‌كه‌ی سالم بوو، چامه به‌ناوبانگه‌كه‌ی نالی
قوربانی تۆزی ڕێگه‌تم ئه‌ی بادی خۆشمروور
ئه‌ی په‌یكی شاره‌زا به هه‌موو شاری شاره‌زوور.
زیاده‌ڕۆیی نییه كه بڵێم له هه‌موو شیعره‌كانی نالی زیاتر ناوبانگی هه‌یه و ده‌خوێنرێته‌وه و گرنگیی خۆی هه‌یه له‌سه‌ر دروونی خوێنه‌رانی دیوانی نالی. كه‌چی سه‌یر ده‌كه‌ین له‌م رۆمانه‌دا كه هه‌مووی باس له ژیانی غوربه‌تی نالییه و نالییش ئاگری غوربه‌ت هه‌ڵیقرچاندووه و ئه‌و شیعره‌ی ناردووه‌ته‌وه بۆ شاره ئازیزه‌كه‌ی خۆی، سلێمانی، كه‌چی نووسه‌ر هه‌ر بیریشی لێنه‌كردووه‌ته‌وه بیكاته به‌شێك له ڕۆمانه‌كه‌ی.
له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم ئه‌م ڕۆمانه كاری جوانی زۆر تیدایه و زمانی نووسینه‌كه‌ی خۆش و بێ گرێ و گۆڵه، نالی زۆر ده‌بات و ده‌هێنێت و تا ئه‌زهه‌ر و شیراز و شوێنانی تر ده‌بات و گه‌وره‌یی نالی پیشان ده‌دات، دیمه‌نی شارستانی سلێمانی و سنه و ئه‌سته‌مووڵ و شام و شارانی تر ده‌خاته‌وه به‌رچاومان.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ شاره‌زایی زۆری نووسه‌ر له ژیانی كۆن و نوێی كورد و ناوچه‌كانی بابان و ئه‌رده‌ڵان و جاف و گۆران، كه‌چی ئه‌و هه‌ڵه زه‌ق و زه‌به‌لاحانه‌ی به‌سه‌ردا رۆشتووه و ماوه‌ی چوار ساڵ كه كاری له‌م رۆمانه‌دا كردووه به‌رده‌وام بووه له‌سه‌ر داڕشتن له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی كوشنده. بۆ نووسه‌رێكی وه‌ك ئه‌ندازیار خوسره‌و جاف كه هه‌م نووسه‌رێكی دیار و هه‌م كوڕی ناو به‌گزاده‌ی جاف و ته‌مه‌نی نزیكه له پیاوه گه‌وره و شاره‌زاكانی ناو هۆزی جاف مایه‌ی سه‌رج و ڕامانه.
هیوادارم نووسه‌ر وه‌ك جافی سینه ساف له نووسینه‌كه‌م بڕوانێت و ڕه‌خنه‌كانیش به دیاری گوڵ وه‌ربگرێت.
ـ ئه‌م بابه‌ته له ژماره 29ی گۆڤاری خاڵ بڵاوكراوه‌ته‌وه.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە