19/07/2024 262 جار خوێنراوەتەوە

ئەمڕۆ چی ڕوویدا

ئەمڕۆ هەینی، کۆمپیوتەری چەندین کۆمپانیای (فڕۆکەوانی، بانک، نەخۆشخانە، دەزگای میدیایی) لەکارکەوتن و شاشەیەکی شینی پیشاندا کەپێی دەوترێت (شاشەی مردن)، ئەم شاشە کاتێک لەسەر کۆمپیوتەری ویندۆز دەردەکەوێت مانای ئەوەیە گرفتێک هەیەو کۆمپیوتەرەکە ناتوانێت کاربکات.

سەرچاوەی کێشەکە
کۆمپانیای کراودسترایک کۆمپانیایەکی پاراستنی ئەمەریکییەو بارەگاکەی لە ئۆستنی ویلایەتی تەکساسە، کاری ئەم کۆمپانیایە پاراستنی کۆمپیوتەری کۆمپانیاکانی دیکەیە لەهێرشی ئەلیکترۆنی و هاککردن کە بەشێوازێکی پێشکەوتوو و راستەوخۆ ئەم کارەدەکات.
خزمەگوزاری ئەم کۆمپانیایە بەپارەیەو تەنها ئەوانە سودی لێدەبینن کەخزمەتگوزاریەکانیان دەکڕن.

سەرەتای کێشەکە
کۆمپانیایەکە دەیەوێت سیستەمەکەی لەسەر کۆمپیوتەری ویندۆزی کڕیارەکانی نوێبکاتەوە کەسیستەمێکە پێی دەوترێت (Falcon Sensor) کەکاری ئەم بەشە بریتیە لەپاراستنی کۆمپیوتەر لەهەڕەشەو هێرشەکان و چەندین وردەکاری تری تایبەت بەپاراستن.

روودانی کێشەکە
لەکاتی نوێکردنەوەکەدا ئەم خزمەتگوزارییەی کراودسترایک بەشێوەی ١٠٠% میمۆری کۆمپیوتەرەکان داگیردەکات و دەبێتە هۆی دروستبونی کێشەیەک لە (Kernel Driver)ی ویندۆز کەئەم بەشە لەویندۆزدا زۆر هەستیارەو بەرپرسە لەپەیوەندی نێوان بەرنامەکان و ویندۆز، لەدوای ئەم گرفتەش ویندۆز توشی گرفتێکی دیکە دەبێتەوە بەناوی (Driver_Overran_Stack_Buffer) کە وردەکاری تەکنیکی هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەم گرفتە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی کۆمپیوتەرەکەو دەرکەوتنی ئەو شاشە شینە.

راگەیاندنی کێشەکە
کۆمپانیای کراودسترایک کەهۆکاری کێشەکە بوو لەبەیاننامەیەکدا راگیەیاندو وتی کێشەکە بەهۆی نوێکردنەوەوە بوەو بەهیچ شێوەیەک هاک و هێرشی ئەلیکترۆنی نیە، هەروەها چارەسەرێکی بەشێوەیەکی کاتی بڵاوکردەوەو لەهەمانکاتیشدا ستافەکەی یارمەتی کۆمپانیاکانیا زەرەرمەندەکانیاندا بۆ چارەسەری کێشەکە.
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت کەئەویش زەرەرمەندی گەورەیە لەم کێشەدا بەیاننامەی دەرکردو لۆمەی کۆمپانیای کراودسترایکی کردو وتی هەڵەی ئەوانە ئەم گرفتە رویداوەو لەگەڵ ئەوەشدا ڕێنمایی بۆ چارەسەری کاتی گرفتەکە بڵاوکردەوە تا ئەوکاتەی بەتەواوی چاککدەکرێت.

ئایا ئەم کێشە بڵاودەبێتەوە؟
ئەم گرفتە تەنها توشی ئەو کۆمپانیایانە دەبێت کەئەو خزمەتگوزاریەیان هەیەو ئەمە ڤایرۆسێک نیە تا بترسین ئێمەش توشی کێشەبکات.

ئەوەی زیانی بەرنەکەوتوە بەهۆی بەهێزییەوە بوە؟
سەرەتا ئەم رووداوە ئەوە دەردەخات ئەو کۆمپانیایانەی کەتوشی ئەم گرفتە بوون پاراستنی کۆمپیوتەر و زانیاری خۆیان زۆر بەلاوە گرنگەو ئامادەبوون پارە خەرج بکەن لەپێناو سەلامەتیدا.
ئەوەشی کەتوش نەبوە مانای وانیە کە بەهێزە تەنها ئەوەیە کە ئەو خزمەتگوزارییەی کۆمپانیای کراودسترایک بەکارنەهێناوە، بەتایبەت لەکوردستان کە ئەم شتانە لەمەحاڵەوە نزیکەو کۆمپانیاو دەزگاکان پارە بەویندۆز نادەن چ جای بگات بە خزمەتگوزاری کراودسترایک.

دوای ئەم گرفتە چی دەگۆڕێت؟
کۆمپانیای کراودسترایک زەرەرمەندی گەورەیەو پێشبینی دەکرێت کاریگەری درێژخایەن لەسەری دروست بکات و چەندین کۆمپانیا خزمەتگوزاریەکانی ڕابگرن.
مایکرۆسۆفت بەشێوازی کورتخایەن زەرەرمەندە بەڵام بەهۆی گەورەیی و بەهێزییەوە کاریگەری درێژخایەنی لەسەر دروست ناکات.
دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لەشێوازی نوێکردنەوەی سیستەمەکان و ئاگادارکردنەوەی سەرجەم کۆمپانیا تەکنۆلۆژیەکان بۆ رێگری لەم جۆرە کێشانە.
کۆستن ڕایۆ خەبیرێکی ئەم بوارەیەو بۆ ماوەی ٢٣ ساڵ لەکۆمپانیای کاسپەرسکی روسی هەمان کاریکردوەو دوای رودانی ئەم گرفتە وتی ئێمە لەکاسپەرسکی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک ئەم نوێکردنەوانەمان لەسەر ویندۆز تێست دەکرد پاشان دەماننارد بۆ کڕیارەکانمان و هەر ئەمڕۆ کاسپەرسکی وەک توانجێک نوسیویەتی “لەگەڵ ئێمە هەرگیز توشی ئەم کێشانە نابیت.”

سەردەشت عەزیز

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 13/04/2025

    ئه‌مریكا هاورده‌ی ئه‌لیكترۆنی و مۆبایلی زیره‌ك له‌ چینه‌وه‌ له‌ پێناسی گومرگبی نوێ ده‌به‌خشێت

  • 11/04/2025

    پێشبینی دەكرێت نرخی هەر ئایفۆنێك لەسەدا 90 بەرز ببێتەوە

  • 05/04/2025

    حكومەتی عێراق داوای قەدەغەكردنی تیكتۆكی پێشكەش بە پەڕلەمان كردووە

  • 03/03/2025

    لە وڵاتی چین ڕۆبۆتێك لە كۆنترۆڵ دەرچوو و پەلاماری خەڵكى دا

  • 19/01/2025

    تیکتۆک لە ئەمریکادا لەکارکەوت

  • 31/12/2024

    وه‌زاره‌تی‌ گه‌نجینه‌ی‌ ئه‌مریكا: هاككه‌ره‌ چینییه‌كان به‌شێك له‌ ماڵپه‌ڕه‌كانیان هاك كردووه‌

  • 14/12/2024

    كۆنگرێس تیكتۆكی له‌ به‌رنامه‌كانی ئه‌پڵ و گووگڵ قه‌ده‌غه‌ كرد

  • 11/12/2024

    "مەترسە هاک نەکراویت، فەیسبووک خۆى کێشەى تێدایە"

سەرەتا