3 کاتژمێر پێش ئێستا 81 جار خوێنراوەتەوە

درۆنی سەربازیی چۆن دەتوانێت لەئاسماندا شاراوە بێت؟

بەهۆی سروشتی ئەرکەکەیەوە کە چاودێری و سیخوڕی و هێرشبردنە، درۆنی سەربازیی دەبێت لەئاسماندا شاراوە بێت و توانای بینین و گوێبیستبوونی، ئەستەم یان زۆر کەم بێت.
یەکەم: بینین
چەندین تەکنیکی جیاواز بەکاردەهێنرێت بۆ شاردنەوەی درۆن لەئاسماندا، لەو ماددانەوەی کە درۆنەکەی پێدروست دەکرێت، شێوازی دیزاینکردن و رەنگ و تەنانەت میکانیکیش:
١. قەبارەو بەرزی فڕین:
درۆنە سەربازییەکان بەشێکیان بەهۆی بچوکی قەبارە و بەرزی فڕینیانەوە شاراوە دەبن.
٢. بڵاوەپێکردنی شەپۆلی ڕادار:
ئەرکی سەرەکی ڕادار ناردنی شەپۆلی ڕادیۆییە بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا کە ئەم شەپۆلانە بەر تەنێک دەکەون و پاشان دەگەڕێنەوە بۆ سیستەمی ڕادارەکە. درۆنی شاراوە لەبری ڕووی خڕ، ڕووی تەختی کەم و لێواری تیژیان هەیە کە شەپۆلی ڕادار بڵاوە پێدەکات و نایداتەوە بەڕادارەکە تابیدۆزێتەوە.
٣. هەڵمژینی شەپۆلی ڕادار:
لەدروستکردنی درۆنەکاندا چەند جۆرە ماددەیەک بەکاردەهێنن کە شەپۆلەکانی ڕادار وەردەگرن و دەیگۆڕن بۆ گەرمییەکی زۆر کەم، بەمەش شەپۆلەکە ناداتەوە بەڕادارەکە بۆ دۆزینەوەی.
٤. ساردکردنەوە:
بۆ ڕێگرتن لەدۆزینەوەی درۆن لەڕێگەی ئەو گەرمییەی بزوێنەری درۆنەکە دەریدەدات، چەندین تەکنیک بەکاردەهێنن بۆ نەهێشتنی ئەو گەرمییە، وەک: ساردکردنەوەی گازە دەردراوەکانی درۆن پێش چونە ناو هەوا، یاخود شاردنەوەی بزوێنەرەکە لەناو هەناوی درۆنەکەدا بۆ ئەوەی کەمترین بەرکەوتەی گەرمی هەبێت.
٥. ڕەنگ:
درۆنەکە بەپێی ئەرکەکەی رەنگ دەکەن بۆ نمونە بەکارهێنانی ڕەنگی (شین، خۆڵەمیشی، سپی)، یاخود ئەگەر ئەم درۆنە بۆ بیابان یان دارستان بەکارهێنرا ئەوا بەپێی ژینگەکە ڕەنگی دەکەن بۆ ئەوەی تێکەڵ بەژینگەکە ببێت و بەئاسانی نەبینرێت.
دووەم: دەنگ
درۆنەکان بەپێی ئەرک و قەبارەیان جیاوازن بۆیە تەکنیکی جیاوازیش بەکاردەهێنرێت بۆ بێدەنگکردنیان:
١. بزوێنەری کارەبایی:
ئەو درۆنانەی کە بۆ چاودێری و سیخوڕی بەکاردەهێنرێن بەهۆی بچوکیانەوە بزوێنەری کارەباییان بۆ بەکاردەهێنرێت کە ئەمەش وادەکات دەنگیان کەمبێت.
٢. دژە دەنگ:
لەدرۆنە جەنگیی و شەڕ کەرەکانیشدا کە بزوێنەری بەهێزو گەورەیان هەیە توانراوە تا ڕادەیەکی زۆر دەنگیان کەمبکەنەوە، هەروەها ماددەی دژە دەنگیش بەکاردەهێنرێت بۆ بێدەنگکردنیان.
٣. هەڵبژاردنی ڕێگا:
تەنانەت لەهەڵبژاردنی ڕێگای چوون و گەڕانەوەیان درۆنەکان هەوڵدەدەن ئەو شوێنانە هەڵبژێرن کەخۆیان ڕێژەی دەنگە دەنگیان بەرزە وەک شارە قەرەباڵغەکان و ناوچە پیشەسازییەکان بەمەش دەنگی درۆنەکە لەناو ژاوەژاودا ون دەبێت.
٤. دیزاینی باڵەکان:
درۆنی سەربازیی پەڕەکانی (باڵەکانی) لەماددەی سوک و ڕەق دروستدەکرێن و هەروەها بە شێوەیەک دیزاین دەکرێن کاتێک بەر هەوا دەکەون کەمترین دەنگ دروست دەکەن، بۆ نمونە پەڕەکانی زۆرتر دەکەن و هێواشتر دەسوڕێنەوە کەئەمەش دەنگ کەمتر دروستدەکات.
٥. بەرزیی فڕین:
درۆن هەتا بەرزتر بفڕێت دەنگەکەی لەهەوادا زیاتر بڵاودەبێتەوە و ناگاتە سەر زەوی.
"جەنگ بەهۆی درۆنەوە گۆڕاوە"
بەهۆی ئەم هەموو وردەکارییە تەکنۆلۆژی و تەکنیکانەی لەدرۆنی سەربازیدا دەکرێت، ئەم ئامێرە بووە بە بەشێکی گرنگی سەربازیی و یەکلاکردنەوەی ململانێ سەربازییەکان.
جەنەڕاڵ (ڕاندی جۆرج)ـی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمەریکا کە بەرزترین پلەی سەربازییە لەسوپادا، دەڵێت : "جەنگ بەهۆی درۆنەوە گۆڕاوە."
ئەو بۆ پشتگیری ئەم قسەیەشی دەڵێت: "ئێمە لەمەیدانی جەنگەوە فێردەبین بەتایبەتی لەجەنگی (ئۆکرانیا- روسیا) کە چاودێریی ئاسمانی (سیخوڕی لەئاسمانەوە) بە شێوەیەکی تەواوی گۆڕاوە."
مەبەستی جەنەڕاڵ جۆرج ئەوەیە پێشوتر سیخوڕیی و چاودێریی لەڕێگەی فڕۆکەی گرانبەها و مانگی دەستکردەوە دەکرا، بەڵام ئێستا درۆنێک دەتوانێت زۆر بەباشی ئەو کارە ئەنجام بدات.

سەردەشت عەزیز

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 3 کاتژمێر پێش ئێستا

    درۆنی سەربازیی چۆن دەتوانێت لەئاسماندا شاراوە بێت؟

  • پێش 2 هەفتە

    بە تۆمەتی هاندان بۆ خۆكوشتن، سكاڵا دژی كۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای تۆماركراوە

  • 14/09/2025

    له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوه‌وه‌ هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت ده‌كرێن به‌ كێبڵی فایبه‌ر ئۆپتیك

  • 08/09/2025

    ئاسیاسێڵ بۆ یەکەمجار لە عێراق خزمەتگوزاری پەیوەندیی دەنگی دەخاتە بەردەست

  • 28/08/2025

    وەزارەتی گواستنەوەی عێراق سەرجەم هێڵەكانی ئینتەرنێت دەكات بە كێبڵ (فایبەر ئۆپتیك)

  • 13/04/2025

    ئه‌مریكا هاورده‌ی ئه‌لیكترۆنی و مۆبایلی زیره‌ك له‌ چینه‌وه‌ له‌ پێناسی گومرگبی نوێ ده‌به‌خشێت

  • 11/04/2025

    پێشبینی دەكرێت نرخی هەر ئایفۆنێك لەسەدا 90 بەرز ببێتەوە

  • 05/04/2025

    حكومەتی عێراق داوای قەدەغەكردنی تیكتۆكی پێشكەش بە پەڕلەمان كردووە

سەرەتا