5 کاتژمێر پێش ئێستا
151 جار خوێنراوەتەوە
گازی میسان لە ئەشكەوتێكی هەرێم هەشت سەربازی توركیاى خنکاند
پەیام
بەهۆی بەركەوتنی غازی كیمیایی لە یەكێك لە ئەشكەوتەكانی هەرێمی كوردستان، هێزێكی توركیا تووشی خنكان دەبن و بەهۆیەوە هەشت سەرباز گیانیان لەدەست دا.
لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی بەرگری توركیا بڵاوی كردەوە، لە كاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكدا بۆ گەڕان بە شوێن تەرمی ئەفسەرێك بە ناوی (نوری مەلیح بۆزكوت) كە لە 28ی ئایاری 2022دا لە ناوچەی كلو لۆك كوژرا و بەهۆی قورسی شەڕەكەوە نەتوانرا تەرمەكەی ڕزگار بكرێت، ڕووداوەكە ڕوویداوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوەكە دوێنێ شەشی تەمووز لە ئەشكەوتێكدا كە بەرزیەكەی 852 مەترە لە ناوچەی كلو لۆك كە پێشتر وەك نەخۆشخانە لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە بەكار هێنراوە ، 19 سەرباز لە كاتی چوونە نێو ئەشكەوتەكەدا، غازی میسانیان هەڵمژیوە.
ڕاشیگەیاند: سەرەڕای ئەوەی سەربازەكان فریاگوزاریان بۆكرا و گەیەندرانە نەخۆشخانە بەڵام پێنجیان گیانیان لەدەست دا.
ئەمڕۆش وەزارەتی بەرگریی توركیا ڕایگەیاند: سێ سەربازی دیكەیان كە دوێنێ لە ئەشكەوتەكە ژەهراوی بوون، گیانیان لەدەست داوە، بەمجۆرەش ژمارەی ئەو سەربازانەی گیانیان لەدەست داوە بۆ هەشت كەس بەرز بووەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە