4 کاتژمێر پێش ئێستا
82 جار خوێنراوەتەوە
ئیسپانیا داوای ڕاگرتنى دەستبەجێی هاوكارییەكانی نێوان یەكێتیی ئەورووپا و ئیسرائیل دەكات
پەیام
ئیسپانیا داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ڕێككەوتننامەی هاوبەشیی نێوان یەكێتیی ئەورووپا و قەوارەی زایۆنی دەكات.
لە چوارچێوەی ئەنجامدانی كۆمەڵكوژییەكانی دژی هاووڵاتیانی كەرتی غەزە، پیدرۆ سانچێز سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی ڕەخنەی لە بنیامین نەتنیاهوو سەرۆكوەزیرانی قەوارەی زایۆنی گرت بەوەی كە ناوبراو بەندی دووەمی لە ڕێككەوتننامەی هاوبەشیی نێوان قەوارەكە و یەكێتیی ئەورووپای پێشێل كردووە كە تایبەتە بە ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ، ئەوەیش بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێكی كایا كاڵاس نوێنەری یەكێتی ئەورووپا بۆ كاروباری ئاسایش و دەرەوە.
سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیا داوایشی لە یەكێتی ئەورووپا کرد دەستبەجێ ڕێككەوتننامەی هاوكاری نێوان یەكێتییەكە و قەوارەكە هەڵپەسێرن و جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی لەگەڵ ئیرلەندا لە مانگی شوباتی 2024دا داوای لە یەكێتی ئەورووپا كردبوو هەڵسەنگاندن بۆ پابەندی قەوارەی زایۆنی بە ڕێككەوتنەكەوە بكەن.
ڕەخنەیشی لە یەكێتییەكە گرت كە تا ئێستا هیچ ڕێكارێكیان دژی قەوارەكە نەگرتووەتە بەر و وتی: ناكرێت ئەوەی كە بنەماكانی یەکێتی ئەوروپا پێشێل بكات و برسێتی وەك چەكێك بۆ كۆنترۆڵكردنی وڵاتێكی یاسایی بەكاربهێنێت، هاوبەش بێت لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا.
پیدرۆ سانچێز دووپاتی كردەوە كارەكانی بنیامین نەتەنیاهوو وەك یەكێك لە لاپەڕە ڕەشەكانی سەدەی 21 دەمێنێتەوە.
ڕێككەوتنننامەی هاوكاری نێوان یەكێتیی ئەورووپا و قەوارەی زایۆنی لە 20ی تشرینی دووەمی 1995 لە برۆكسل واژو كراوە و لە مانگی نیوەی دووەمی ساڵی 2000یشەوە چووەتە بواری جێبەجێ كردنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە