6 کاتژمێر پێش ئێستا
99 جار خوێنراوەتەوە
خامنەیی: ئێران دەتوانێت دەستى بگاتە پێگە گرنگەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە
پەیام
ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەڵێت: دەتوانین بگەینە پێگەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە، وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش دان بەوەدا دەنێت لە دوایین هێرشی ئێراندا بنكەی عەدید زیانی بەر كەوتووە.
عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە، ئێران زللەیەكی دا لە ئەمریكا، كاتێك هێرشی كردە سەر یەكێك لە بنكە گرنگەكانی لە ناوچەكەدا و زیانی پێگەیاند.
خامنەیی هەروەها دەڵێت: ئێران دەتوانێت بگاتە پێگە گرنگەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە هەركات پێی وابوو گونجاو پێویستە. جەختیشی كردووەتەوە: بەئامانجگرتنی بنكەی سەربازیی عەدید لە قەتەڕ، ڕووداوێكی بچووك نەبوو بەڵكو گەورە بوو و دەكرێ دووبارە بكرێتەوە.
ئەم قسانەی ڕێبەری ئێران دوای ئەوە هاتن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا "پنتاگۆن" دانی بەوەدا نا لە دوایین هێرشی ئێراندا بۆ سەر بنكەی عەدید لە قەتەڕ مووشەكێكی بالیستیی ئێرانی بەر بنكەكە كەوتووە.
لای خۆیەوە ئاژانسی ئەسۆشتید پرێس وێنەی بنكەكەی لە ڕێگەی مانگی دەستكردەوە بڵاو كردەوە كە مووشەكی ئێرانی زیانی پێ گەیاندووە و گومەزێك كە كەرەستەی پەیوەندیی ئەمنیی ئەمریكییەكانی تێدا بووە، بەهۆی هێرشەكەوە تێك شكاوە.
بنكەی عەدید لە نزیك دەوحەیە و گەورەترین بنكەی سەربازیی ئەمریكایە لە دەرەوەی وڵات، زیاتر لە 10 هەزار ئەفسەرو سەرباز و سەدان فڕۆكە و هەلیكۆپتەر و ئامێر و كەرەستە و چەكوچۆڵی دیكەی جەنگیی تێدایە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە