21 کاتژمێر پێش ئێستا
218 جار خوێنراوەتەوە
بۆ ڕێگری لە هێرشی سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم داوای بلۆك كردنی پارەی عێراق دەكرێت
پەیام
كۆنگرێسمانێكی ئەمریكا داوا دەكات بۆ ڕێگری لە هێرشی گرووپە چەكدارەكان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان و كۆمپانیا ئەمریكیەكان لە هەرێمی كوردستان، پارەكانی عێراق بلۆك بكرێن.
جۆ ویڵسن كۆنگرێسمان، لە نوسینێكدا لەسەر تۆڕی ئێكس، ڕایگەیاند: هێرشی میلیشیا عێراقییەكانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا و كۆمپانیا نەوتییەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان قبوڵ ناكرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد "نابێت چی دیكە پارەی نەوتی عێراق لە یەدەگی فیدڕاڵیدا بەكاربهێنرێت و دەبێت محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕێكاری یەكلاكەرەوە بگرێتە بەر، ئەگەر نا خۆی دەخاتە بەردەم لێكەوتەی خراپ.
بەپێی بڕیاری ژمارە هەزار و 483ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 2023دا، داهاتی هەناردەكردنی نەوتی عێراق لە هەژمارێكی تایبەتدا لە یەدەگی فیدراڵی ئەمریكا لە ژێر ناوی "سندوقی گەشەپێدان بۆ عێراق" دادەنرێت.
لەلایەكی دیكەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە توندی ئیدانەی هێرشی سەر دامەزراوە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ئارامی عێراق و داهاتووی ئابووری ئەم وڵاتە زانی.
لە ماوەی ڕابردووی ئەم مانگەدا چەندین هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كراوەتە سەر كێڵگە و كۆمپانیا نەوتییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە