8 کاتژمێر پێش ئێستا 110 جار خوێنراوەتەوە

پیاوێکی ١٠٣ ساڵەی قەزای سەیدسادق، ٧٠ ساڵە خزمەتی مزگەوت دەکات

پەیام

لە گوندێکی دێرینی قەزای سەیدسادق سەربە پارێزگای سلێمانی، پیاوێکی بەتەمەن هەڵکەوتووە کە تەمەنی سەروو سەد ساڵە، بەڵام هێشتا بەو پەڕی توانا و خۆشەویستییەوە خزمەتی ماڵی خودا (مزگەوت) دەکات.

عەبدوڵڵا ئەحمەد حەسەن (١٠٣ ساڵ) ناسراو بە حاجی عەبدوڵڵا، دانیشتووی گوندی حاجی نامیق، بەشێکی زۆری تەمەنی لە خزمەت مزگەوت بەسەر بردووە.

حاجی عەبدوڵڵا وەک خۆی باسی دەکات هەرچەندە بەپێی تۆماری ناسنامە تەمەنی ١٠٣ ساڵە، بەڵام تەمەنی ڕاستەقینەی ١١٠ ساڵە، ئەو بەتەمەنترین کەسی گوندەکەیەتی و هاوتەمەنەکانی لە ژیاندا نەماون.

سەرباری تەمەنی زۆر و لاوازبوونی جەستە و بینایی، حاجی عەبدوڵڵا هەردەم ڕێکپۆش و سیمایەکی گەشاوە و جوانی هەیە، وەک خۆی دەڵێت ٧٠ ساڵە لە خزمەت ماڵی خودادایە و بانگبێژی مزگەوتە.

حاجی عەبدوڵڵا باس لەوە دەکات کە لە بنەڕەتدا ئاژەڵدار بوون و گەرمیان و کوێستانیان کردووە و، لە تەمەنی هەرزەکارییەوە دەستی بە نوێژکردن کردووە و هەمیشە لە هەر شوێنێک بووبێت، ئەگەر گوێی لە بانگ نەبووبێت، خۆی بانگی داوە و یادی نوێژەکانی کردووەتەوە.

ئەو گوندەی حاجی عەبدوڵڵای تێدا نیشتەجێیە، ئێستا بەهۆی فراوانبوونی قەزای سەیدسادقەوە کەوتووەتە سنووری قەزاکەوە و بووەتە یەکێک لە گەڕەکەکانی قەزاکە و، دانیشتووانەکەی شایەتی ئەو خۆشەویستییە زۆرەی حاجی عەبدوڵڵا بۆ مزگەوت دەدەن.

حاجی عەبدوڵڵا بە شێوەیەک شەیدای مزگەوتە ئاواتی ئەوە بووە بتوانێت مزگەوت و حوجرە بکاتەوە و، ساڵانێکە ئاواتەکەی هاتووەتە دی و ئێستا لە مزگەوتەکەیدا کە خۆی زەویەکەی دابین کردووە، حوجرە هەیە و بەردەوام فەقێکان وانەی تێدا دەخوێنن.

حاجی عەبدوڵڵا هەرچەندە تەمەنێکی زۆری هەیە و توانای جووڵە و بیستنی لاواز بووە، بەڵام بەردەوام لە مزگەوت نوێژەکانی بە کۆمەڵ ئەنجام دەدات. بەهێزی ئیمانی لاوازیی جەستەییەکەی شاردووەتەوە و تەواوی نوێژە فەرزەکان لە ڕیزی یەکەمی نوێژخوێناندا بە پێوە دەکات، بەڵام نوێژ سووننەتەکانی لەسەر کورسی و بە دانیشتنەوە ئەنجام دەدات.

تیمێکی ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی مزگەوتەکەی حاجی عەبدوڵڵای کرد و، لە نزیکەوە دیمانەیەکی لەگەڵ ئەنجام دا. حاجی عەبدوڵڵا باسی لە ژیانی خۆی کرد و یادەوەرییەکانی دەیان ساڵ لەمەوبەری بیرماوە، ئەو زەمانەی کە ئەسپ سوار و ڕاوچییەکی بەتوانابووە.

حاجی عەبدوڵڵا دەڵێت: "من خۆم ڕانەمەڕم هەبوو و خۆم بەخێوم دەکردن تا کوڕەکەم گەورە بوو و یارمەتی دەدام. ئاژەڵم زۆر بوو".

لە قسەکانیدا حاجی عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد کە باش ئەو سەردەمەی بیرە کاتێک ئینگلیزەکان وڵاتیان داگیرکردووە و، ئەمان بۆ خۆ پاراستن ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە.

حاجی عەبدوڵڵا لە ژیانیدا دووجار چووەتە حەج، وەک خۆی باسی دەکات یەکەمجار کە چووە بۆ حەج بەپێ ڕۆیشتووە و، دووهەم جار بە فڕۆکە چووە بۆ حەج.

گوتیشی: "کاتێک دەچووم بۆ مەککە و مەدینە خۆم بۆ خۆم بانگم دەدا. هەردەم سەڵاواتم داوە. یەکەم حەجم بە پێ چووم، دووهەم حەجم بە فڕۆکە چووم".

حاجی عەبدوڵڵا باسی لە ژیانی باوکی ڕەحمەتی کرد کە ئەویش هەردەم بەرماڵی پێ بووە، هەر کات بانگی بدایە لە کاتی خۆیدا نوێژەکانی کردووە، گوتیشی: ''باوکم هەردەم بەرماڵێکی بە کۆڵەوە بوو، کاتێک بانگی دەدا، بەرماڵەکەی دادەخست و نوێژەکەی دەکرد''.

حاجی عەبدوڵڵا هەمیشە یادی خودا دەکات و دوعای خێر بۆ هەموو کەس دەکات. لە کاتی دیمانەکەشدا دوعای بۆ سەرجەم موسڵمانان کرد و، گوتی: "تەمەنم ١١٠ ساڵە، سوپاس بۆ خوا لە کاتی خۆیدا نوێژەکانم کردووە. خودایە هەرچی موسڵمانی مردووە جێگەی بەهەشت بێت و ئەوانەشی کە ماون، خودا تەمەنیان درێژ بکات و عیبادەتیان قبوڵ بکات. ئامین".

ئەوەی بووەتە جێی سەرنج، حاجی عەبدوڵڵا سەرەڕای ئەوەی ساڵانێکە هاوسەرەکەی کۆچی دوایی کردووە، هێشتا یادی دەکات و لە نزای ناو نوێژ و دوعاکانیدا ناوی دەهێنێت و داوای لێخۆشبوونی بۆ دەکات.

لەو بارەیەوە حاجی عەبدوڵلا گوتی: "خێزانم نایەتە خەوم، دوعا دەکەم بێتە خەوم. تەنیا یەک جار هاتووە خەوم. حەزدەکەم زۆر بێتە خەوم. هەمیشە لە نوێژەکانمدا دوعای بۆ دەکەم، دەڵێم خودایە بەهەشتی بکەیتە جێگەی و لە منداڵەکانی خۆش ببیت".

جەزا کوڕی حاجی عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد کە باوکی دوو برا و خوشکێکی هەبووە و کۆچی دواییان کردووە و، ئێستا هاوتەمەنەکانی لە ژیاندا نەماون.

حاجی عەبدوڵڵا بە ئیمان و خۆشەویستییەوە بەردەوامە لە خزمەتکردنی ماڵی خودا، بووەتە نموونەیەک بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت تەمەنی خۆیان لە خزمەت کردن بە ماڵی خودا و ڕێگەی چاکەدا بەسەر بەرن.

 

A.A

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 8 کاتژمێر پێش ئێستا

    لە بەریتانیا (محەمەد) یەكەم ناوە بۆ منداڵان و ناوى (یەحیا)ش هەڵكشاوە

  • 8 کاتژمێر پێش ئێستا

    پیاوێکی ١٠٣ ساڵەی قەزای سەیدسادق، ٧٠ ساڵە خزمەتی مزگەوت دەکات

  • 5 رۆژ پێش ئێستا

    جووتیارێكی خورماڵ قەڵەمی تووتڕكی چاندووە و بیرۆکەکەى سەرکەوتوو بووە

  • پێش 1 هەفتە

    ئامێرێك پەرەپێدراوە كە لە وشكترین بیابانەكانیشدا ئاو لە هەواوە بەرهەم دەهێنێت

  • پێش 2 هەفتە

    دوای 20 ساڵ مانەوەى بەبێهۆشی، شازادەکەى سعودیە کۆچی دوایی کرد

  • 27/06/2025

    چین.. درۆنێك بە قەبارەی مێشێك دروستكرا و كامێرای بچووكی تێدایە

  • 03/06/2025

    ئەگەر نوێژى هەینى و جەژن کەوتە یەک ڕۆژ چى بکەین؟

  • 26/05/2025

    سەیدسادق.. لەبەر پەڕەسێلكە خاوەن دووکانێک دەستبەردارى نۆژەنکردنەوەى دووکانەکەى دەبێت

سەرەتا