1 کاتژمێر پێش ئێستا
125 جار خوێنراوەتەوە
نزیکەى 50 كەس لە بیابانەكانی نەیجەر بەهۆی تینوێتییەوە خنکان
پەیام
دوای ئەوەی بارهەڵگرەكەیان لە ناوچەیەكی دوورەدەست و گەرم پەكیكەوتك 49 كەس لە بیابانەكانی نەیجەر بەهۆی تینوێتییەوە گیانیان لەدەست دا.
دەسەڵاتدارانی خۆجێی لە باكووری نەیجەر ڕایانگەیاند، 49 كەس لە ناوچەیەكی بیابانیی دوورەدەست لە نزیك سنوورەكانی جەزائیر و مالی بەهۆی تینوێتییەوە گیانیان لەدەست داوە، ڕووداوەكە دوای ئەوە هات كە بارهەڵگرەكەیان لە كاتی گەڕانەوەیان لە وڵاتی مالی پەكی كەوتووە.
سەرنشینەكان و شۆفێرەكە هەوڵی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلەكەیان داوە، بەڵام بەهۆی بەرزیی پلەی گەرما و نەبوونی ئاو، زۆربەیان گیانیان لەدەست داوە و دواتر لە گۆڕێكی بەكۆمەڵدا نێژراون.
لەم ڕووداوەدا تەنیا دوو كەس ڕزگاریان بووە، كە دوای بڕینی پەنجا كیلۆمەتر بە پێ، گەیشتوونەتە سەرچاوەیەكی ئاو و دەسەڵاتدارانیان ئاگادار كردووەتەوە. هەر لە كاتی گەڕان بەدوای قوربانییەكاندا، هێزە ئەمنییەكان بارهەڵگرێكی تریان دۆزیوەتەوە كە زیاتر لە 60 كەسی تێدابووە و سێ ڕۆژ بووە لە بیاباندا بەهۆی پەككەوتنی پاترییەوە گیریان خواردبوو، بەڵام توانرا ڕزگار بكرێن.
ئەم ناوچە بیابانییە یەكێكە لە مەترسیدارترین ڕێڕەوەكانی كۆچبەران لە ئەفریقا كە ساڵانە قوربانی زۆری لێ دەكەوێتەوە.
كۆماری نەیجەر وڵاتێكی دەورەدراوی ڕۆژئاوای ئەفریقایە، دەكەوێتە نێوان بیابانی گەورە و ناوچەكانی باشوور. زۆربەی خاكەكەی بە لمی وشك و بیابان داپۆشراوە و كەشوهەوایەكی زۆر گەرمی هەیە. تەنیا لە باشووریدا دارستانی ساڤانا و لە باكووریشیدا بەرزایی هەیە. ئەم وڵاتە ناوچەیەكی جیاكەرەوەی جوگرافییە لە كیشوەرەكەدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە