4 کاتژمێر پێش ئێستا
76 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا دوو ژێردەریایی لە ناوچەكانی نزیك لە ڕووسیا بڵاو دەكاتەوە
پەیام
دوابەدوای هەڕەشەیەكی جێگری سەرۆكی پێشووی ڕووسیا، سەرۆكی ئەمریكا فەرمانی بە ناردنی دوو ژێردەریایی ئەتۆمیی لە ناوچەكانی نزیك ڕووسیا دا.
لە نووسینێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروسی تایبەت بە خۆی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا نووسی: پاڵپشت بە لێدوانە گەمژەیی و گێچەڵاوییەكانی میدڤیدیڤ و وەك ئامادەكاریی بۆ هەر ئەگەرێكی ئەو لێدوانە، بڕیارم دا بە ناردنی دوو ژێردەریایی بۆ ناوچە گونجاوەكان.
ترەمپ نووسیویشیەتی: ئەو لێدوانانە زۆر گرنگن، بەزۆریی دەبنە هۆی پێشهاتی بێ مەبەست، هیوادارم ئەمە لەو جۆرانە نەبێت.
لە نوێترین پێشهاتیشدا هەر لەوبارەوە، ترەمپ لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: میدڤیدیڤ باسی لە چەكی ئەتۆمی كردووە، كە باس لە چەكی ئەتۆمی دەكەین، دەبێت ئامادە بین، ئێمە لەوپەڕی ئامادەییداین.
پێشتر دیمیتری میدڤیدیڤ جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایش و جێگری سەرۆكی پێشووی ڕووسیا لە ئەژماری خۆی لە تیلیگرام نووسیبووی: دیارییكردنی ماوەیەك بۆ مۆسكۆ لەلایەن ترەمپەوە بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆكرانیا، ئەوە بە مانای هەڕەشە و هەنگاوێكە بەرەو جەنگ.
لە نووسینەكەیدا میدیڤدیڤ ئاماژەی بە "دەستی مردوو" كردووە كە ئاماژەیە بە سیستمی فەرماندەیی ئەتۆمیی ڕووسیا كە ڕێ بە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی دەدات ئەگەر ڕووبەڕووی هێرشی كتوپڕ ببێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە