3 رۆژ پێش ئێستا
176 جار خوێنراوەتەوە
هۆڵەندا.. كەنیسەكانی پرۆتستانت داوای داننان بە فەڵەستین لە حكومەتی وڵاتەكەیان دەكەن
پەیام
ژمارەیەك كەنیسەی مەسیحیی پڕۆتستانتی لە هۆڵەندا داوای داننان بە فەڵەستین و ڕاگرتنی ناردنی چەك بۆ قەوارەی زایۆنی لە حكومەتی وڵاتەكەیان دەكەن.
لە ڕاپۆرتێكیدا، ڕۆژنامەی (تراو)ی هۆڵەندی بانگەوازێكی 73 كەنیسەی هۆڵەندیی بڵاوكردەوە كە لەلایەن قەشە پڕۆتستانتییەكانەوە پێشكەشكراوە و تێیدا داوا لە حكومەتی وڵاتەكەیان دەكەن "ناردنی چەك و تەقەمەنی بۆ قەوارەی زایۆنی ڕابگرێت و دانیش بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت".
ئەو قەشانە داوایان لە حكومەتی كاتیی هۆڵەندا كردووە فشار بخاتە سەر قەوارەی زایۆنی بۆ سەپاندنی ئاگربەست و پێشكەشكردنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ فەڵەستینییەكانی غەززە، هەروەها ڕاگرتنی توندوتیژی لە كەناری خۆراوا و ئاڵوگۆڕی دیل و زیندانییەكان.
ڕۆژنامەكە لە زاری كارۆلین جیسپێرز خاوەنی دەستپێشخەرییەكەوە بڵاویكردووەتەوە: داننانی هۆڵەندا بە دەوڵەتی فەڵەستین تەنیا دۆسیەیەكی سیاسی نییە، بەڵكو دۆسیەیەكی مرۆییە، بوونی وڵاتێكی سەربەخۆ مەرجێكی گرنگە بۆ فەڵەستینییەكان تا ژیانێكی ئارامیان هەبێت.
ئەمەو بڕیار وایە مانگی داهاتوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك كۆبوونەوەیەك لەبارەی فەڵەستینەوە بەڕێوەبچێت، هەریەك لە بەریتانیا، فەڕەنسا و ئوستوڕالیاش ڕایانگەیاندووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستیندا دەنێن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە