17 کاتژمێر پێش ئێستا
61 جار خوێنراوەتەوە
سووریا: تا مانگی 12 لەگەڵ هەسەدە نەگەینە رێککەوتن، تورکیا ئۆپراسیۆنیان لە دژ ئەنجام دەدات
پەیام
ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند، هێزەکانى هەسەدە تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ تێکەڵ بە سوپای سووریا نەبێتەوە، ئەوا تورکیا ئۆپەراسیۆنیان لە دژ ئەنجام دەدات.
سەرۆکی سووریا دوێنێ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی میللەتی تورکیا وتی: هەسەدە، بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی (پەکەکە)ـی بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی پشتگوێ خستووە، هەروەها بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا و عێراق.
ئاماژەى بەوەشدا، ئەنقەرە پێشتر لەبەر هەوڵەکانی سووریا خۆی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هەسەدە بە دوور گرتووە، بەڵام لەوانەیە ئارامگرتنی تورکیا تا کۆتایی ساڵ نەخایەنێت و ئۆپەراسیۆنیان لە دژ ئەنجام بدات، ئەگەر ئەو هێزانە لەگەڵ سوپای سووریا تێکەڵ نەبنەوە.
هەروەها شەرع داواکارییەکانی هەسەدەی بۆ لامەرکەزییەت ڕەتکردەوە و ڕوونیکردەوە کە یاسای ژمارە 107ی تایبەت بە پارێزگاکانی سووریا خۆی 90%ی لامەرکەزیی ئیداری دابینکردووە، بەڵام داواکاری هەسەدە تەنیا ویستێکە بۆ جیابوونەوە.
سەرۆکی سووریا باسی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد و وتی، لە کۆبوونەوەم دا بە فەرماندەی گشتی هەسەدەم وت، ئەگەر هاتووی داوای مافی کورد بکەیت، ئەوا پێویست ناکات، چونکە کورد هاووڵاتیی یەکسانی سووریایە و من لە تۆ زیاتر پەرۆشی مافەکانیانم".
جەختیشی لەوە کردەوە، ڕێککەوتنی 10ـی ئازار، یەکەم ڕێککەوتنی حکوومەتی دیمەشق و کوردە کە ئەمەریکا و تورکیا پشتیوانی دەکەن، بەڵام هەندێک باڵ لەناو هەسەدە و (پەکەکە) هەوڵی ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەن.
لە 10ـی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە حکوومەتی نوێی سووریا، ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، لەو کاتەوە چەندین دانیشتنی دانوستاندن لەنێوان هەردوولا بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لەم بارەوە نەهاتووەتە دی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە