3 کاتژمێر پێش ئێستا
40 جار خوێنراوەتەوە
دوای هێرشەكان بۆ سەر خاكەكەی بۆ یەكەمجار قەتەر سكاڵاى لە دژی ئیسرائیل تۆمارکرد
پەیام
لە دوای هێرشە ئاسمانییەكانی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر دەوحەی پایتەخت، وڵاتی قەتەر یەكەم سكاڵای خۆی لەوبارەوە فەڕمی ڕادەستی ڕێكخراوی فڕۆكەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی كرد.
عیسا عەبدوڵڵا مالیكی نوێنەری هەمیشەیی وڵاتی قەتەر لە ڕێكخراوی فڕۆكەوانی مەدەنیی نێودەوڵەتی، نامەیەكی فەڕمی لەبارەی هێرشەكەوە ڕادەستی سەرۆكی ئەنجومەنی ڕێكخراوەكە كرد و لە نامەكەدا ڕوون كراوەتەوە: ئەو هێرشە بە پێشێلكردنێكی ئاشكرای سەروەری قەتەر و ڕێككەوتننامەی شیكاگۆ بۆ فڕۆكەوانی مەدەنیی نێودەوڵەتی دادەنرێت.
نامەكەی قەتەر جەخت لە مافی ئەو دەوڵەتە بۆ تەواوی مافەكانی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكاتەوە.
دووشەممەی ڕابردووش وڵاتی قەتەر لە دەوحەی پایتەخت میوانداری لە لوتكەی نائاسایی عەرەبی ئیسلامیی كرد بۆ تاوتوێی گەشەسەندنەكانی ناوچەكە و هێرشەكانی قەوارەی زایۆنی.
لە نۆی ئەم مانگە، فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای زایۆنی هێرشێكی ئاسمانیبان بۆ سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر ئەنجام دا و ناوچەی كەتارایان كردە ئامانج كە بارەگای بزووتنەوەی بەرەنگاریی ئیسلامیی فەڵەستین (حەماس)ی تێدایە و شاندی گفتوگۆكان بۆ تاوتوێی پێشنیازەكانی دانوستان تێیدا كۆ بوونەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە