17 کاتژمێر پێش ئێستا
104 جار خوێنراوەتەوە
لاریجانی: سزاكان كارا بكرێنەوە، ئێران هاووكارییەكانی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم ڕادەگرێت
پەیام
بەر لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر سزاكانی سەر وڵاتەكەی كارا بكرێنەوە، هاوكارییەكانیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم ڕادەگرن.
لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی پی بی ئێسی ئەمریكی، عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ڕایگەیاند ئەگەر میكانیزمی ماشە یاخود سناپ باك كە كاراكردنەوەی سزاكانی سەر ئێرانە، بكەوێتەوە كار، ئەوا هاوكارییەكانیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی بۆ وزەی ئەتۆم بەشێوەیەكی تەواوەتی كۆتایی پێ دەهێنن.
وتیشی لە دانوستانەكانی قاهیرە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم، ڕێككەوتن لەسەر بەسەركردنەوەی بنكە سەلامەتەكان، بەڵام بنكە ئەتۆمییە زیانبەركەوتووەكان پێویستی بە ڕێگا و بەرنامەی نوێ هەیە.
لاریجانی لەو دیدارەدا، كە یەكەمجارە لەدوای وەرگرتنی پۆستی ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە لەگەڵ میدیایەكی بیانی ئەنجامی دەدات، ئاماژەی بەوە كردووە، ئێران تەواوی ڕێگەكانی بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە تاقیكردووەتەوە، بە ئاماژەدان بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایش وتی هێرشكردنە سەر وڵاتەكەی بێ ئەنجام دەبێت و ئێران هەرگیز ڕادەست نابێت.
ناوبراو لەبارەی زیانی بەرنامە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەیەوە باسی لەوە كرد، قابیلی لەناوچوون نییە و وتی، كاتێك زانستێك بەدەست بێنیت، ناتوانرێت لێت بسەنرێت، وەك ئەوە وایە ئۆتۆمبێلێك دروست بكەیت و پاشان لێت بدزن، چونكە دروستی دەكەیتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە