16 کاتژمێر پێش ئێستا
116 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا.. هێرشكرایە سەر كڵێسایەك و 13 کەس كوژران و برینداربوون
پەیام
لە ئەنجامی هێرشكردنە سەر كڵێسایەك لە ئەمریكا پێنج كەس كوژران و هەشتی دیكەش بریندار بوون، بەپێی زانیارییەكانیش تەقەكەرەكە پێشتر لە ڕیزی هێزە دەریارییەكانی ئەمریكا خزمەتی كردووە.
بەپێی ئەوەی پۆلیسی ئەمریكا بڵاوی كردووەتەوە: ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە، هاووڵاتییەكی ئەمریكی هێرشی كردووەتە سەر كڵێسایەك لە شاری (گراند بلانك) لە ویلایەتی میشیگان، لە ئەنجامدا بەپێی نوێترین ئامار پێنج كەس كوژراون و هەشتی دیكەش بریندار بوون.
پۆلیسی ویلایەتەكە ڕایگەیاندووە: لە ئەنجامی تەقەكردنەكان، ئاگرێكی گەورە لە كڵێساكە بەرز بووەتەوە، بەڵام دواتر كۆنتڕۆڵ كراوە.
پۆلیس ڕایشیگەیاند: دوای هەشت خولەك لە ڕووداوەكە پۆلیس لە گەراجی كڵێساكە تەقەكەرەكەی كوشتووە.
دوناڵد تڕەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لەسەر ڕووداوەكە ڕایگەیاند: ڕووداوەكە بەشێكە لە دەردی توندوتیژیی كە بەرۆكی وڵاتەكەمانی گرتووە و پێویستە بەزوویی كۆتایی پێ بێت.
هاوكات، چەند كاتژمێرێك دوای ڕووداوەكە پۆلیسی ئەمریكا ناسنامەی تەقەكەرەكەی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: هێرشبەرەكە، ناوی تۆماس جاكوب سانفوردە، تەمەنی 40 ساڵ بووە.
تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی نیوزیش زانیاری زیاتری بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: سانفورد پێشتر لە ڕیزی هێزە دەریاییەكان خزمەتی كردووە و پلەی ڕەقیب بووە "كە هاوئاستی پلەی عەریفە لە سوپای عێراقدا" و بۆ ماوەی ساڵێكیش لەنێوان 2007 بۆ 2008 لە عێراق خزمەتی كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە