2 کاتژمێر پێش ئێستا
98 جار خوێنراوەتەوە
كۆبوونەوەی سوننەكان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستى سەرۆكی پەرلەمانى عێراق دواخرا
پەیام
كۆبوونەوەی یەكلاییكەرەوەی سوننەكان بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.
هاوپەیمانی عەزم ڕایگەیاند؛ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی سوننەكان كە بڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ لە ماڵی سابت عەباسی ئەنجام بدرێت، بەهۆی پابەندیی هونەرییەوە بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو دواخرا.
سەلاح مەڕعاوی، ئەندامی هاوپەیمانێتییەكە ئاشكرایكرد ئامانج لە كۆبوونەوەكە یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، كە ئێستا ململانێكە لەنێوان محەمەد حەلبوسی و موسەننا سامەڕاییدا چڕبووەتەوە و ئەستەمە بە یەك ناو بەشداری بكەن، بۆیە ئەگەر هەیە بە دوو پاڵێوراو بچنە پەرلەمان.
هاوكات ئەوراس مەشهەدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم ڕایگەیاند، سامەڕایی خۆی یەكلایی كردووەتەوە، بەڵام بەهۆی ڤیتۆی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، پێدەچێت حەلبوسی ناوی محەمەد تەمیم یان كەسێكی تر وەك جێگرەوە پێشكەش بكات.
ناوبراو نهێنییەكی ئاشكرا كرد، كە لە كۆبوونەوەی پێشوودا حەلبوسی ڕازی بووە سامەڕایی ببێتە سەرۆك بەرانبەر وەرگرتنی هەر شەش وەزارەتەكەی سوننە بۆ تەقەدوم، بەڵام حزبی جەماهیر و لایەنەكان بەتوندی ڕەتیانكردووەتەوە.
پێشبینیش دەكرێت كۆبوونەوەكە بەهۆی ململانێكانەوە گرژ بێت، بەڵام ناوەكان یەكلایی دەكاتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە