18 کاتژمێر پێش ئێستا
156 جار خوێنراوەتەوە
رۆبیۆ: گیان لهدهستدانی سهربازێكمان له عێراق ڕووداوێكی نهخوازراو بووه
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کوژرانی سەربازەکەیان لە عێراق ڕووداوێکی نەخوازراو بووە. هاوکات جەختی لە کراوەیی واشنتن بۆ چارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران کردەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی (سی ئێن ئێن)، مارکۆ ڕوبیۆ ئاشکرای کرد کە گیانلەدەستدانی ئەو سەربازە ئەمریکییە لە عێراق بە هەڵە بووە و لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تێکشکێنراوی ئێرانی ڕوویداوە. هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە ڕۆژی هەینی تەنها یەک مووشەکی ئێرانی توانیویەتی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ئوردن تێپەڕێنێت.
سەبارەت بە گورزە سەربازییەکانی ئەمریکاش، ڕوونی کردەوە کە ئەو هێرشانە وەڵامێکن بۆ ڕەفتارەکانی ئێران لە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی پێ کرد کە واشنتن کراوەیە بۆ دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە کە ئێران پابەند بێت پێوەی. ڕوبیۆ باسی لەوە کرد کە لە چەندین کەناڵەوە پەیامی ئەوەیان پێگەیشتووە کە تاران بۆ دانوستان ئامادەیە، بەڵام ناکۆکییەکی قووڵ لەناو ڕژێمی ئێراندا هەیە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران بەدەست داڕمانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت و ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان شکست بهێنن، دۆخەکە لە بەرژەوەندیی ئەواندا نابێت، رۆبیۆ وتیشی، زاڵبوونی باڵی بەرەی دانوستان لە تاران بە پێشهاتێکی ئەرێنی دەژمێردرێت کە تا ئێستا نەهاتووەتە دی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕوبیۆ ڕەخنەی لە هەڵوێستەکانی تاران گرت و ڕایگەیاند چاوەڕوان دەکرا ئێران کرانەوەی گەرووی هورمز ڕابگەیەنێت، بەڵام لەبری ئەوە پەلاماری کەشتییەکانی دا. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمریکا باری قورسی پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لەو گەرووەدا هەڵگرتووە، لە کاتێکدا زۆربەی ئەو کەشتییانە ئاڵای ئەمریکایان بەسەرەوە نییە، بۆیە داوای لە وڵاتانی دیکە کرد کە بەشدار بن لە هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە