2 کاتژمێر پێش ئێستا
73 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆكوەزیرانی پێشووی مالیزیا بە تۆمەتی گەندەڵی 15 ساڵ زیندانی دەکرێت
پەیام
سەرۆكوەزیرانی پێشووی مالیزیا لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دارایی چەند ملیار دۆلاریی حكومەت 15 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
دوای حەوت ساڵ لە لێكۆڵینەوە ئەمڕۆ دادگای پوتراجیایا پایتەختی ئیداری مالیزیا لە دووەمین دانیشتنیدا لەسەر دۆسیەی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و پارەسپیكردنەوە و بە ئامادەبوونی 76 شایەتحاڵ، سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەر نەجیب ڕەزاق سەرۆكوەزیرانی پێشووی مالیزیادا سەپاند.
دادوەری دۆسیەكە، ڕەزاقی بە چوار دۆسەی خراپبەكارهێنانی دەسەڵات و 21 دۆسیەی پارەسپیكردنەوەی نزیكەی 469 ملۆن دۆلار لە سندوقی سامانی نیشتمانی تاوانبار كردووە.
لێكۆڵەران خەمڵاندوویانە كە زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری سندوقی سامانی نیشتمانی چووەتە گیرفانی كەسانێكی تایبەتەوە لە نێویاندا نەجیب ڕەزاق و پارێزەرانی ناوبراویش هۆكارەكەی بۆ خراپی ڕاوێژكارەكانی دەگەڕێننەوە.
بەپێی یاساكانی مالیزیایش بڕیارەكەی دادگا دژی سەرۆكوەزیرانی پێشوو بەشێوەی دەستبەجێ جێبەجێ دەكرێت.
لەبەرانبەردا نەجیب ڕەزاق خۆی وەك قوربانی ناوزەد دەكات و دەیان هەزار لە هەودارانیشی ئەمڕۆ لەبەردەم دادگا خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و داوای ئازادبوونیان كرد.
ئەمە و نەجیبە ڕەزاقی تەمەن 72 ساڵ لە ساڵی 2009وە تا 2018 لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی مالیزیا بووە دوای شكستی لە هەڵبژاردندا و هاتنەخواری حزبەكەی لە دەسەڵات لە دوای 58 ساڵ چەندین دۆسیەی لەسەر جوڵێنراوە و سزای وەرگرتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە