16 کاتژمێر پێش ئێستا
162 جار خوێنراوەتەوە
لە 2025دا ئیسرائیل 256 وێرانكاریی لە خۆرهەڵاتی شاری قودس ئەنجامداوە
پەیام
زانیارییە نێودەوڵەتییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ساڵی 2025 بەرفراوانترین پرۆسەكانی وێرانكاریی ماڵ و دامەزراوەكانی شاری قودسی لەسەر دەستی قەوارەی زایۆنی بەخۆیەوە بینیوە.
نووسینگەی هەماهەنگیی كاروباری مرۆیی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو بەڵگانەی تۆمار كردووە كە دەریدەخەن ماوەی نێوان سەرەتای ساڵی 2011 بۆ سەرەتای ئەمساڵ قەوارەی زایۆنی لە خۆرهەڵاتی شاری قودس 2 هەزار و 307 دامەزراوەی وێران كردووە، كە بەوهۆیەشەوە 4 هەزار و 659 فەڵەستینی ئاوارە بوون و 61 هەزار و 936 ی دیكەش زیانیان بەركەوتووە.
بەپێی ئامارەكان زۆرینەی وێرانكارییەكانی قەوارەی جولەكە لە قودس شارەكانی جەبەل موكبیر، سەلوان، بەیت حەنینا، عیسەوییە، سور باهیر، وەلجە و تووڕ و تەواوی شارەكانی دیكەی بە ژمارەی كەمتر گرتووەتەوە.
بەپێی ئەو ئامارانە لەنێوان 15 ساڵی ڕابردوودا قەوارەی زایۆنی لە ساڵی 2025 زۆرترین وێرانكاریی ئەنجام داوە كە 256 وێرانكارییە، دوای ئەویش ساڵی 2023 و 2024 دێن بە 229و 219 وێرانكاری.
ئاماری وێرانكارییەكانی قودس ئەو گوندانەشی نەگرتووەتەوە كە دەكەونە خۆراوای قودس و فەڵەستینییەكان بە بەشێك لە شاری قودسی دادەنێن، بەڵام ئێستا بەهۆی دیواری جیاكەرەوەوە سەربە شاری ڕامەڵایە.
تەواوی ئامارەكانیش ئەوە دەخەنە ڕوو كە تا ئێستا 823 خانووی ئاوەدان و 431 خانووی چۆڵ و 376 دامەزراوەی كشتوكاڵی و 442 دامەزراوەی بازرگانی لەسەر دەستی قەوارەی زایۆنی تەنها لەو شارە وێران كراون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە