14 کاتژمێر پێش ئێستا
1251 جار خوێنراوەتەوە
گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب: لەناوچەكانمان دەمێنینەوە و پێشنیازەكەی حكومەت ڕەتدەكەینەوە
پەیام
ئەنجوومەنی گشتیی گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب پێشنیازەكەی حكومەتی سووریا ڕەتدەكاتەوە و بە داوای ڕادەستبوون ناو دەبات، جەخت لە مانەوە لە ناوچەكانیشیان دەكەن.
ئەنجوومەنی گشتیی گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی كوردنشین لە حەلەب ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی ئاڵۆزییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ناوچەكانیان بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، كە لە شەشی كانوونی دووەمەوە بە پشتیوانی توركیا بە چەكی قورس لەلایەن حكومەتی كاتییەوە بۆردومان دەكرێن و ئامانجەكانیش مزگەوت و قوتابخانە و ماڵی مەدەنیی و شوێنە گشتییەكان بووە و تا ئێستایش بەردەوامی هەیە.
وتیشی: ئامانج لە بۆردومانەكان كۆچپێكردنی خەڵك و دەستكاریی دیمۆرگرافیای ئەو گەڕەكانەیە، دژی بنەماكانی ڕێككەوتننی 10ی ئادار و یەكی نیسانی ساڵی ڕابردوویشە.
ئەنجوومەنەكە ئاماژەی بەوە كردووە، كە لە هێرشەكاندا ژن و منداڵ كوژراون و بریندار بوون و نەخۆشخانە بەئامانج گیراوە، كەواتە تاوانی جەنگ ئەنجام دراوە و سەركۆنەی بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییشی كرد بەرانبەر بە ڕووداوەكان و وتی ئەوەی بەسەر ئەواندا دێت هەمان ئەوەیە كە بەسەر عەلەوی و درووزەكاندا هاتووە.
لەبارەی پێشنیازی حكومەتی كاتی سووریا بۆ كۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەكان ئەنجوومەنەكە ئەوەی بە داوای خۆڕادەستكردن ناو هێنا و جەختی لە مانەوە و بەرگرییكردن كردەوە و ڕەتی كردەوە لەژێر فشاردا پێشنیازی لەوشێوەی پەسەند بكەن.
هۆكارەكەیشی بۆ نەبوونی متمانە بە دیمەشق گەڕانەوە و داوای لە خەڵكەیش كرد بۆ بەرگریی هاوشانیان بووەستن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە