13 کاتژمێر پێش ئێستا
1552 جار خوێنراوەتەوە
سەدر كۆتاییهاتنی سڕكردنی سەرایا سەلام-ی لە بەسرە و كوت راگەیاند
پەیام
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە كۆتاییهاتنی سڕكردنی چالاكییەكانی سەرایا سەلام، باڵی سەربازیی رەوتەكەی لە پارێزگاكانی بەسرە و كوت راگەیاند.
لە پەیامێكدا كە لە نوێژی هەینی یەكگرتوودا لە پارێزگای میسان خوێندرایەوە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە رایگەیاند، "هیچ سڕكردنێك بۆ سەرایا سەلام و هیچ جومگەیەكی دیكە لە ئارادا نابێت، كۆتایی بە سڕكردنی سەرایا سەلام لە كوت و بەسرە هات."
سەدر داوای بەدواداچوونی لێكۆڵینەوەكانیشی كرد و داوای لە دەسەڵاتی دادوەری كرد "بە دادپەروەرییەوە مافی هەمووان بدات."
ئەم بڕیارە دوای چەند رۆژێك دێت لە كوژرانی یەكێك لە سەركردە دیارەكانی گرووپی چەكداریی سەرایای سەلامی سەر بە رەوتی سەدر، لە گەڕەكێكی پارێزگای میسان لە باشووری عێراق، كە لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە كوژرا.
پێشتریش سەدر داوای لە تەحسین حەمیداوی، سەركردە لە رەوتەكە كردبوو، چالاكییەكانی سەرایا سەلام سڕ بكات و بارەگاكانیان لە بەسرە و كوت بۆ ماوەی شەش مانگ دابخات، بەهۆی "پێشێلكاری و سووكایەتییە دووبارەكان كە ناوبانگی سەرایا دەشێوێنن."
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە