2 کاتژمێر پێش ئێستا
266 جار خوێنراوەتەوە
لەبەر مەترسیی جەنگ داواى یەكخستنی هەر دوو سوپاى ئێران دەکرێت
پەیام
ڕۆژنامەیەكی ئێرانی بەهۆی قەیرانی ئابووری و مەترسیی جەنگەوە، داوای یەكخستنی سوپای ئێران و سوپای پاسداران دەكات.
ڕۆژنامەی "جمهوری ئیسلامی" ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێكی شیكارییدا داوای كرد سوپای ئێران و سوپای پاسداران بكرێنە یەك دامەزراوە، ئەوەش بە مەبەستی یەكخستنی هێزە چەكدارەكان لە سایەی قەیرانە قووڵەكان و پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن.
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە "كۆبوونەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە و هەڕەشە ئەمنییەكان، هاوتەریب لەگەڵ ئەو فشارە ئابوورییە قورسەی لەسەر كۆمەڵگەی ئێرانە، وایكردووە پرسی "هەماهەنگی و یەكگرتوویی" لە پێكهاتەی بەرگریی وڵاتدا ببێتە پێویستییەكی ستراتیژیی و هەنووكەیی".
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە: پاش كۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئێران و عێراق، هەوڵی جددی درا بۆ یەكخستنی دامەزراوە بەرگرییەكان، بەڵام عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕش دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، پڕۆژەی یەكخستنی سوپا و پاسدارانی ڕاگرت و بڕیاری دا وەك دوو باڵی سەربازیی جیاواز بمێننەوە كە بە جیا كار بكەن.
ڕۆژنامەی "جمهوری ئیسلامی" گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی بەشێكی زۆری قەیرانەكانی ئێستای ئێران، لە سیاسەتی دەرەوەوە بگرە تا ئابووری، نیشانەی تێكچوونی دابەشكاریی ڕۆڵەكانە، نووسیویەتی: گەڕانەوە بۆ لۆژیكی یاسا و یەكخستنی هەردوو سوپاكە، دەبێتە هۆی بەهێزكردنی ئاسایشی نیشتمانی و كەمكردنەوەی ئەو بارگرانییە دارایی و سیاسییەی لەسەر شانی گەلی ئێرانە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە