2 کاتژمێر پێش ئێستا
90 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: تواناى داخستنی گەرووی هورمزمان هەیە
پەیام
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، ڕایگەیاند کە هێزەکانیان ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ کۆنترۆڵکردن یان داخستنی گەرووی هورمز لە "کەمترین کاتدا" ئەگەر فەرمانی فەرمییان پێ بگات.
دوای کۆتاییهاتنی مانۆڕێکی دەریایی هاوبەش کە بە بەشداریی ڕووسیا و چین بەڕێوەچوو، عەلی ڕەزا تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە چاودێریی گەرووەکە بە شێوەی 24 کاتژمێری لە ئاسمان و دەریا و ژێر ئاوەوە بەردەوامە.
هەروەها ڕایگەیاند کە لە میانی مانۆڕەکەدا مەشقی چڕ لەسەر بەکارهێنانی مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و جەنگی ئەلیکترۆنی کراوە بۆ پاراستنی سەروەریی ناوچەکە.
ئەم نمایشە سەربازییەی ئێران لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن ڕوو لە هەڵکشانە و هاوکاتیش گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە جنێف لە ئارادایە.
گەرووی هورمز یەکێکە لە ستراتیژیترین ڕێڕەوە ئاوییەکان و نزیکەی سەدا 20ی بازرگانی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، تاران دەڵێت لە ئەگەری هەر شەڕێکدا ئاسایشی ئەم ڕێڕەوە ئاویە دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە