1 کاتژمێر پێش ئێستا
129 جار خوێنراوەتەوە
ترەمپ لە ئامادەباشیی سوپا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئاگادار کراوەتەوە
بەپێی سەرچاوەیەکی هەواڵی ئەمریکی، بەرپرسانی باڵای ئەمنیی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپیان لە ئامادەباشیی سوپا بۆ دەستپێکردنی هێرشی سەر ئێران ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بڕیاری کۆتایی بۆ ئەنجامدانی دەرنەچووە.
تۆڕی «سی بی ئێس نیوز» لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاشکرای کردووە کە بەرپرسانی ئەنجومەنی نەتەوەییی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپیان ئاگادار کردووەتەوە کە سوپا لە ڕووی تەکنیکییەوە ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دژی ئێران کە ڕەنگە لە ڕۆژی شەممەوە دەست پێ بکات، بەڵام جەختیان کردووەتەوە کە ترەمپ تا ئێستا بڕیاری یەکلاکەرەوەی نەداوە، کە ئەگەر دەست پێ بکات تا دوای کۆتاییی هەفتەی ئایندە درێژەی دەبێت.
سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە کە گفتوگۆکان لەناو کۆشکی سپی بەردەوامن و بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان و دەرئەنجامە سیاسی و سەربازییەکان دەکرێت، جا چ بڕیاری هێرشکردن بدرێت یان نا.
هاوکات (پێنتاگۆن) لە سێ ڕۆژی داهاتوودا وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی، ژمارەیەک لە کارمەندە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەورووپا و ناوخۆی ئەمریکا دەگوازێتەوە بۆ پاراستنیان لە هەر هێرشێکی پێچەوانەی ئێران.
لە لایەکی دیکەوە کارۆلاین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە بژاردەی یەکەمی سەرۆک ترەمپ هەمیشە دیپلۆماسییە و «کارێکی زۆر ژیرانەیە ئەگەر ئێران لەگەڵیان بگاتە ڕێککەوتن».
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە