2 کاتژمێر پێش ئێستا
139 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: سێ کەشتی نەوتگوێزەرەوەمان پێکاوە و كەشتیی فڕۆكەهەڵگری ئەمریکاشمان پاشەكشە پێكردووە
پەیام
سوپای پاسداران ڕایدەگەیەنێت تا ئێستا 560 سەربازی ئەمریكایان كوشتووە و كەشتیی فڕۆكەهەڵگریشیان پاشەكشەی كردووە، جگەلەوەش سێ کەشتی نەوتگوێزەرەوەمان پێکاوە، واشنتۆنیش ڕەتی دەكاتەوە،
سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەنراوێكی فەرمیدا ئاماژەی بەوە دا، لە هەشت شەپۆلی ئۆپراسیۆنەكانی وەعدەی سادقی چواردا تا ئێستا 560 سەربازی ئەمریكی كوژراون.
هاوكات وتەبێژی سوپای پاسداران ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی شەپۆلی نۆیەمی ئۆپراسیۆنی "وەعدەی سادق 4" ـدا چوار مووشەكی كروزیان ئاڕاستەی كەشتیی فڕۆكەهەڵگری ئەمریكیی "ئەبراهام لینكۆڵن" كردووە و توانیویانە كەشتیەكە لە شوێنی خۆی بە ئاڕاستەی زەریای هیندی پاشەكشە پێ بكەن.
لەبەرانبەردا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا "سێنتكۆم" ڕەتی كردەوە 560 سەربازیان كوژرابێت و ڕایگەیاند: ئەو بانگەشانەی ئێران ڕاست نین و تەنیا پڕوپاگەندەی میدیایین.
لەبارەی هێرشكردنە سەر كەشتییە فڕۆكە هەڵگرەكەشەوە سێنتكۆم دەڵێت: مووشەكەكانی ئێران تەنانەت لە كەشتییەكەشمان نزیك نەبوونەتەوە.
لەلایەكی دیكەوە سوپای پاسداران جەختی لەوە كردووەتەوە، بنكەی سەربازیی ئەمریكییەكان لە كوەیت بەناوی سالم، بە تەواوی لە خزمەت چووەتە دەرەوە و پەكی كەوتووە. هەروەها سێ ژێرخانیان لە بنكەی "محەمەد ئەحمەد" لە كوەیت خاپوور كردووە. هاوكات بنكەی دەریایی ئەمریكی "سەلمان" لە كەناراوەكانی بەحرەین بەئامانج گرتووە و زیانی گەورەی بەركەوتووە.
ڕاشیگەیاندووە: سێ كەشتیی نەوتگوێزەرەوە لە گەرووی هورمز بەئامانج گرتوون بەهۆی ئەوەی گوێیان بە هۆشدارییەكانی ئێران نەداوە و ویستوویانە تێ بپەڕن، كەشتییەكان تا ئێستاش دوكەڵیان لێ بەرز دەبێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە