7 کاتژمێر پێش ئێستا
151 جار خوێنراوەتەوە
هیومان رایتس وۆچ: ئیسرائیل چەكی قەدەغەكراوی لە لوبنان بەكارهێناوە
پەیام
ڕێكخراوی «هیومان ڕایتس وۆچ» لە ڕاپۆرتێكی نوێدا ئاشكرای دەكات كە سوپای قەوارەی زایۆنی ماددەی «فۆسفۆری سپی»ی سووتێنەری لە هێرشەكانیدا بۆ سەر شارۆچكەی «یحمەر» لە باشووری لوبنان بەكار هێناوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، ئەم هێرشە لە چوارچێوەی ئەو جەنگەدا بووە كە لە هەفتەی ڕابردووەوە لەگەڵ حزبوڵا دەستی پێ كردووە، تێیدا ماڵی هاووڵاتییان لەو ناوچەیە كراونەتە ئامانج؛ ئەمەش وەك كارێكی نایاسایی لەلایەن ڕێكخراوەكەوە وەسف كراوە.
ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە لەڕێگەی حەوت وێنەی پشتڕاستكراوەوە، تەقینەوەی ئەم ماددەیەی لە ئاسمانی ناوچەیەكی نیشتەجێبووندا بەدی كردووە كە بووەتە هۆی ئاگركەوتنەوە لە چەند ماڵ و ئۆتۆمبێلێكدا.
ئەمە یەكەم جار نییە كە قەوارەی زایۆنی بە بەكارهێنانی ئەم ماددەیە تۆمەتبار دەكرێت؛ حكوومەتی لوبنان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پێشتریش چەندین جار ئاماژەیان بەوە كردووە كە بەكارهێنانی فۆسفۆری سپی زیانی گەورەی بە ژینگە و تەندروستیی دانیشتووانی باشووری لوبنان گەیاندووە.
لە لایەكی تریشەوە، ئاژانسی نیشتمانیی لوبنان ڕایگەیاندووە كە گوندەكانی «تەل نەحاس» و «خیام» لە نزیك سنوورەكان، لەلایەن سوپای قەوارەی زایۆنییەوە بە تۆپخانە و فۆسفۆر بۆردومان كراون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە