10 کاتژمێر پێش ئێستا
201 جار خوێنراوەتەوە
ئێران..دواى بەیعەتدان بە (ڕێبەری نوێ)، هێرشێکى نوێ کرایە سەر ئیسرائیل
پەیام
بەرپرسانی باڵا و هێزە چەكدارەكانی ئێران بەیعەتیان بە ڕێبەری نوێی وڵات دا و ڕاستەوخۆ یەكەم گوژمەی مووشەكییان ئاڕاستەی قەوارەی زایۆنی كرد.
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران دیاریكردنی موجتەبا خامنەیی وەك ڕێبەری باڵا ڕاگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران جەختی كردەوە، ئامادەن بۆ گوێڕایەڵیی تەواوەتی و قوربانیدان لەپێناو فەرمانەكانی ڕێبەری نوێ.
هەروەها عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەن باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند سوپاسی ئەنجوومەنی شارەزایانی كرد كە لەم دۆخەدا و لەژێر هەڕەشە و بۆردوماندا توانیان ڕێبەری نوێ هەڵبژێرن، ڕاشیگەیاند: هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی بژاردەیەكی دروست بووە.
هاوكات محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ڕأیگەیاند: بڕیاری هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەك ڕێبەری نوێ ورد و دروست و تەواو و دڵنیاكەرەوەیە. ئەو دەڵێت: ئێستا گەلی ئێران سەركردەیەكی ئیماندار، شۆڕشگێڕ، ئازا، خاكی، بەڕێوەبەر، ڕێكخەر، هۆشیار بە سەردەمەكەی و شارەزا بە دوژمنی هەیە.
جێی باسە دوای دیاریكردنی خامنەیی كوڕ وەك ڕێبەر، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند: ڕێژنەیەكی نوێی مووشەكیان گرتە قەوارەی زایۆنی كە شەپۆلی 30هەمی مووشەكەكانی ئۆپراسیۆنی وەعدی سادق بوو. هەروەها یەكەم هێرش بوو لەژێر فەرمانی ڕێبەری نوێ.
میدیاكانی قەوارەی زایۆنیش دانیان بەوەدا ناوە، بەهۆی هێرشە مووشەكییەكە و كەوتنەخوارەوەی پارچەی تێكشكاوەوە زیان بەر چەند شارێك كەوتوون و چەند كەسێكیش بریندار بوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە