2 کاتژمێر پێش ئێستا
153 جار خوێنراوەتەوە
ترەمپ: نزیكەی 90%ـی مووشەكەكانی ئێرانمان لەناوبردووە
پەیام
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕایگەیاند، هێزەكانیان توانیویانە نزیكەی 90%ـی توانای مووشەكیی ئێران لەناو ببەن. هاوكات جەخت لەوە دەكاتەوە كە زۆر لە پێش خشتەی كاتیی پلانەكانیانەوەن بۆ لێدان و لەناوبردنی درۆن و مووشەكەكانی ئەو وڵاتە.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی فۆكس نیوز، ترەمپ ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونە سەربازییەكانی ئەمریكا كرد بەرامبەر تاران و وتی: "ئێمە زۆر لە پێش خشتەی كاتیی دیاریكراوی خۆمانەوەین و هەرگیز بە خەیاڵماندا نەدەهات بتوانین ئەم بڕە زۆرە لە پێشكەوتن بەدەست بهێنین."
سەرۆكی ئەمریكا ڕوونیشیكردەوە كە تا ئێستا زۆرێك لە بنكە و پێگەكانی دروستكردنی مووشەكی ئێرانیان خاپوور كردووە و بەردەوامیش دەبن لە وەشاندنی گورزی زۆر قورستر.
ئەوەشی خستەڕوو، كە لە ئێستادا تەواوی سەرنجیان لەسەر لێدانی گورزی كەمەرشكێن و وێرانكەرە بۆ سەر مووشەك و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران و سەركردایەتیی ئەو وڵاتە، دۆناڵد ترەمپ پێیوایە كە ڕێبەری نوێی ئێران لە هێرشەكاندا زیانی بەركەوتووە، بەڵام بە ئەگەرێكی زۆرەوە هێشتا لە ژیاندا ماوە.
لە كۆتایی قسەكانیدا ستایشی وڵاتانی كەنداوی كرد و وتی: "ئەو وڵاتانە كارێكی نایاب دەكەن لە پاراستنی خۆیاندا."
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە