2 کاتژمێر پێش ئێستا
58 جار خوێنراوەتەوە
گەشتەكانی فڕۆكەخانەی دوبەی بە شێوەیەكی پلەبەندی دەستیان پێكردووەتەوە
پەیام
ئەمڕۆ لە ئیمارات كەسێك لە هێرشی مووشەكیی ئێراندا گیانی لەدەست دا، هاوكات گەشتەكانی فڕۆكەخانەی دوبەی بە شێوەیەكی پلەبەندی دەستیان پێكردووەتەوە.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی فەڕمی ئیمارات، ناوچەی ئەلبەحییەی ئەبوزەبیی پایتەخت، مووشەكێك بەر ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی كەوتووە. بەو هۆیەوە كەسێكی فەلەستینی گیانی لەدەست داوە.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد دەنگی ئەو تەقینەوانەی لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات بیستراون، بەهۆی تێكشكاندنی ئەو مووشەكە بالیستی و فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە بووە لەلایەن سیستمەكانی بەرگریی ئاسمانیی و فڕۆكە جەنگییەكانەوە.
هاوكات میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاویكردەوە، ئەو گەشتانەی بە شێوەیەكی كاتیی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی دوبەی ڕاگیرابوون، بۆ هەندێك شوێن بە شێوەیەكی پلەبەندی دەستیان پێكردووەتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە هات، دوێنێ شەو حكومەتی دوبەی ڕایگەیاند، فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشی كردووەتە سەر پێگەیەكی نزیك لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی، بەو هۆیەشەوە ئاگر لە تانكییەكی سووتەمەنی كەوتەوە و سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكان بە شێوەیەكی كاتیی ڕاگیران.
لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی بەرگریی سعوودیە، ڕایگەیاند: سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دیكە كە ئاراستەی ڕۆژهەڵاتی سعودییە كرابوون، لە ئاسماندا ڕێگرییان لێكراوە و تێك شكێنراون، بەمەش ژمارەی ئەو درۆنانەی تەنیا ئەمشەو ئاڕاستەی سعودییە كراون و خراونە خوارەوە، گەیشتە 38 دانە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە