1 کاتژمێر پێش ئێستا
132 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: بۆ بەرگرییەكی درێژخایەن ئامادەین
پەیام
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئامادەین بۆ بەرگرییەكی درێژخایەن و هیچ هۆكارێكیش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا نابینن.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "سی بی ئێس"ی ئەمریكی ڕەتی كردەوە وڵاتەكەی هیچ داواكارییەكی بۆ ئاگربەست، یان دەسپێكردنی دانوستان پێشكەش كردبێت و جەختی لەوەش كردەوە كە ئێران ئامادەیی بۆ بەرگرییەكی درێژخایەن لە خۆی هەیە.
عەراقچی ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەوان بەردەوام دەبن لە بەرگری تا ئەو كاتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دەگاتە ئەو قەناعەتەی شەڕ كارێكی نایاساییە و هیچ سەركەوتنێكی تێدا بەدی نایەت، هەروەها ڕایگەیاند: لە ئێستادا هیچ هۆكارێكی لۆژیكی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنی ئەمریكی نابینین.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایشیگەیاند: چەندین بەڵگەمان لەبەردەستە كە خاكی وڵاتانی كەنداو بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكار هێنراوە، بەڵام جەختی كردەوە كە سوپای وڵاتەكەی تەنیا بنكە و دامەزراوە سەربازییەكانی ئەمریكا دەكاتە ئامانج و هێرش ناكاتە سەر دراوسێكانی.
سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتی كردەوە ڕێڕەوەكەیان داخستبێت و هۆكاری تێكچوونی ئاسایشی دەریاوانیشی بۆ "دەستدرێژییەكانی ئەمریكا" گەڕاندەوە، وتیشی: چەند وڵاتێكیش داوای دابینكردنی ڕێڕەوی ئارامیان بۆ كەشتییەكانیان كردووە، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەو بارەیەوە لە دەستی هێزە سەربازییەكانی ئێراندایە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە