2 کاتژمێر پێش ئێستا
164 جار خوێنراوەتەوە
عێراق: بەبێ تێپەڕبوون بە هەرێمدا لەماوەی هەفتەیەكدا نەوت هەناردە دەكەین
پەیام
حەیان عەبدولغەنی ڕایگەیاند، بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە هەناردەی نەوتی عێراق پەكیكەوتووە؛ ئێستاش بەغدا كار بۆ كاراكردنەوەی هێڵە وشكانییەكانی سووریا و توركیا دەكات وەك جێگرەوەیەك بۆ داخستنی گەرووی هورمز.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێكی نوێدا رایگەیاندوووە، كە داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی ڕاگرتنی تەواوەتیی هەناردەی نەوتی وڵاتەكەی لە ڕێگەی بەندەرەكانەوە.
لە بارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، وەزیری نەوت ئاشكرای كرد كە هەوڵەكان بۆ هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر بەكارهێنانی هێڵی بۆری كەركووك-جەیهان، بەڵام لە ئەركی بەردەوامداین بۆ ئەوەی هێڵی دیكە بەكاربهێنین بۆ هەناردەكردنی نەوت.
عەبدولغەنی ئاماژەی بە هەماهەنگییەكی باڵا لەگەڵ حكومەتی سووریا كرد بۆ هەناردەكردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی هێڵی بۆری عێراق-سووریاوە، راشیگەیاند، چاوەڕوان دەكرێت ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامی هەبێت و ببێتە دەرچەیەكی نوێ بۆ دەربازبوون لەو گەمارۆ ناڕاستەوخۆیەی كە بەهۆی جەنگەوە دروستبووە.
عەبدولغەنی وتیشی، وەزارەتی نەوت كار لەسەر پرۆژەیەكی تەكنیكی دەكات بۆ بەكارهێنانی هێڵی بۆری توركیا-عێراق، كە پێویستی بە وردبینی و نۆژەنكردنەوەی نزیكەی 100 كیلۆمەتر هەیە، بەپێی پلانەكان، ئەم هێڵە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا بەردەست دەبێت و ڕێگە دەدات نەوتی عێراق بگاتە خاكی توركیا بەبێ ئەوەی بە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە