2 کاتژمێر پێش ئێستا
127 جار خوێنراوەتەوە
عهراقچی: كوشتنی لاریجانی سهقامگیری ئێران تێك نادات
پهیام
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند کە کوشتنی عەلی لاریجانی لەلایەن سوپای زایۆنییەوە نابێتە هۆی پەکخستنی دەسەڵات، چونکە کۆماری ئیسلامی خاوەنی دامەزراوەیەکی سیاسیی بەهێزە و پشت بە تاکە کەس نابەستێت.
عەراقچی، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی تیرۆرکردنی عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی لەلایەن قەوارەی زایۆنییەوە، ناتوانێت گورزێکی کوشندە لە سەرکردایەتی وڵاتەکەی بوەشێنێت. عەراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە نە ئەمریکا و نە قەوارەی زایۆنی هێشتا لەوە تێنەگەیشتوون کە حکوومەتی ئێران لەسەر بنەمای دامەزراوەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی تۆکمە دامەزراوە و بونیادەکەی تەنیا لەسەر کەسایەتییەکی دیاریکراو نەوەستاوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕونیکردەوە کە هەرچەندە ڕۆڵی تاکەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا کاریگەرە، بەڵام نەبوونی کەسێک کاریگەری لەسەر سەقامگیری گشتیی دەسەڵات نابێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە سیستەمی سیاسی لە ئێران خاوەنی بنەمایەکی زۆر ڕەق و پارێزراوە، بە جۆرێک کە گۆڕانکاری لە پۆستەکان یان لەدەستدانی بەرپرسە باڵاکان نابێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی لە دەسەڵاتدا، چونکە دامەزراوەکان بەردەوامن لە کارەکانیان و بە خێرایی جێگرەوە بۆ هەر پۆستێک دیاری دەکرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە