2 کاتژمێر پێش ئێستا
108 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆى جەنگی سەر ئێران؛ فەرماندەى هێزى دژە تیرۆرى ئەمریکا دەستى لەکار کێشایەوە
پەیام
بەرپرسێکی باڵای هێزی دژەتیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەهۆی ناڕەزایەتی بەرامبەر سیاسەتەکانی واشنتۆن لە هەمبەر ئێران و "خەڵەتاندنی" تڕەمپ لەلایەن قەوارەی زایۆنییەوە بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ، بە فەرمی دەستی لەکار کێشایەوە.
گەبرێل نۆرۆنها، کە پێشتر ڕاوێژکاری باڵا بوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا پەردەی لەسەر نهێنییەک لادا و، ئاماژەی بەوە کردووە کە قەوارەی زایۆنی و هەندێک لە بەرپرسانی ناو ئیدارەی پێشووی ئەمریکا، زانیاریی هەواڵگریی چەواشەکارییان داوەتە دۆناڵد تڕەمپ تاوەکو پاڵ بە ئەمریکاوە بنێن بۆ بەرەوڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران.
ئەم بەرپرسە ئاشکرای کردووە کە ستراتیژیی "ئەوپەڕی فشار" کە دژی ئێران پەیڕەو دەکرا، لە ڕاستیدا لەژێر کاریگەریی ڕاوێژە چەواشەکارییەکانی سوپای زایۆنی و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو قەوارەیە بووە، هەروەها نۆرۆنها جەخت دەکاتەوە کە زیاتر لە ساڵێکە هۆشداری دەدات لەوەی کە ئەم جۆرە جووڵانە دەبنە هۆی تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگێکی وێرانکەر کە تەنها لە بەرژەوەندیی ئەجێنداکانی تەلئەبیبە و هیچ سوودێکی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا نییە.
ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی پێوانەیی و باس لەوە دەکرێت کە قەوارەی زایۆنی بەردەوامە لە گوشارەکانی بۆ سەر ئیدارە نوێیەکانی ئەمریکاش تا هەمان ڕێچکەی ئێستا دژ بە ئێران بەردەوام بێت. نۆرۆنها هۆشداری دەدات کە ئەگەر واشنتۆن بەخۆیدا نەچێتەوە، ڕەنگە تێچووی ئەم "خەڵەتاندنە" بۆ ئەمریکا بە ملیارەها دۆلار و گیانی هەزاران سەرباز بشکێتەوە، تەنها لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەو قەوارەیە لە ناوچەکەدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە