2 کاتژمێر پێش ئێستا
137 جار خوێنراوەتەوە
یابان لێكۆڵینەوە لە ناردنی هێز بۆ پاككردنەوەیی مین لە گەرووی هورمز دەكات
پەیام
وەزیری دەرەوەیی یابان ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە هێزە سەربازییەكانیان بۆ پاككردنەوەیی مین لە گەرووی هورمز ڕەوانە بكەن.
تۆشیمیتسوو مۆتێگی لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژە بەوە كرد ئەگەر ئاگربەست لە جەنگی ئێستای نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێراندا بێتە ئاراوە، ئامادەن هەستن بە پاككردنەوەی گەرووی هورمز لە مین و تەقەمەنیی چێندراو.
مۆتێگی ئاماژەی بەوە كرد، كە ئەم بابەتە لە ئێستادا تەنیا گریمانەیەكی تیۆرییە، بەڵام ئەگەر مینە دەریایییەكان ببنە ڕێگرێكی جیددی لەبەردەم كەشتیڕانیدا، ئەوا لای ئەوان شایانی لێكۆڵینەوەیە.
یابان نزیكەی لەسەدا 90ی نەوتی پێویستی خۆی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هاوردە دەكات، كە بە شاڕەگی گرنگی ئابووریی و وزەی جیهانی دادەنرێت.
بەپێی دەستووری ئاشتیخوازیی یابان، چالاكییە سەربازییەكان سنووردارن، بەڵام یاسایەكی ساڵی 2015 ڕێگە دەدات هێز لە دەرەوە بەكاربهێنرێت ئەگەر هەڕەشە لەسەر مانەوەی وڵاتەكە هەبێت.
تۆكیۆ جەخت دەكاتەوە، كە دابینكردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ هاتوچۆی كەشتییەكان لەم ڕێڕەوەدا گرنگییەكی باڵای هەیە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە