2 کاتژمێر پێش ئێستا
149 جار خوێنراوەتەوە
لە دواى هێرشێکى نوێ، پێشمەرگە داوا لە عێراق دەکات سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانە دابنێت
پەیام
وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ ڕایگەیاند، یەکێک لە بارەگاکانی لە قەزای چەمچەماڵ سەر بە پارێزگای سلێمانی، ڕووبەڕووی هێرشێکی نوێ بووەتەوە و داواش لە عێراق دەکات سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانە دابنێت.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا، ئاماژەی بەوەشکردووە: "شەوی ڕابردوو گروپە تیرۆریستییە لەیاسا دەرچووەکان جارێکی دیکە دەستیان داوەتە کارێکی تێکدەرانە و لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە سنووری قەزای چەمچەماڵ کردووەتە ئامانج."
ڕاشیگەیاندووە: "ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکەین کە ئامانجی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە"، جەختیشی کردووەتەوە کە "دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە گشتی بە قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت."
وەزارەتی پێشمەرگە جارێکی دیکە داوای لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد کە سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێ پاساوانە دابنێت کە بارەگاکانی پێشمەرگە دەکەنە ئامانج.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە