1 کاتژمێر پێش ئێستا
141 جار خوێنراوەتەوە
عێراق یاداشتنامەی ناڕەزایەتی لهسهر ھێرشەکانی سهر حەشد و پێشمەرگە ئاڕاستەی ئەمریکا و ئێران دەکات
ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند کە بڕیاریداوە ھەریەک لە باڵیۆزی ئێران و ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بکرێن، بۆ ئەوەی یاداشتنامەیەکی ناڕەزایەتی سەبارەت بە ھێرشەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و بارەگاکانی پێشمەرگە لە ھەولێر ئاراستەیان بکرێت.
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، سەباح نوعمان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت کراوەتە لەسەر ئەوەی کە تەنھا دەوڵەت بە دەسەڵاتەکانی و بەپێی دەستوور مافی بڕیاردانی لەبارەی شەڕ و ئاشتی ھەیە و ھەر لایەنێک پێچەوانەی ئەوە کاربکات، ئەوە ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.
ھەروەھا سەباح نوعمان ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاریدراوە دەسەڵات بدرێت بە ھێزە ئەمنییەکان و ھێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ھێرشە سەربازییانەی کە بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن دەکرێنە سەر بارەگاکانیان، ئەوەش لەسەر بنەمای مافی وەڵامدانەوە و بەرگریی لەخۆکردن.
ھەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاسپێردراوە، سکاڵا پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژی ھەر دەستدرێژییەک کە دەکرێتە سەر عێراق، ھەروەھا باڵیۆزی ئێران و ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بانگھێشت بکات بۆ ئەوەی یاداشتنامەیەکی تووندی ناڕەزایەتیان ئاراستە بکات سەبارەت بەو ھێرشانەی کە کراونەتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەکانی دیکە و بارەگاکانی پێشمەرگە لە ھەولێر.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە