2 کاتژمێر پێش ئێستا
109 جار خوێنراوەتەوە
عێراق دهیهوێت سكاڵا تۆمار بكات
عێراق دەست بە ڕێکارە یاساییەکان بۆ پێشکەشکردنى سکاڵا دژى بۆردومانکردنى بارەگاکانی حەشدی شەعبی و دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە دەکات.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: حکومەتی فیدراڵ دەستی بە ڕێکارە یاساییەکان بۆ پێشکەشکردنی سکاڵا دژی ئەو لایەنانەی لە پشت بۆردومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی و دامەزراوە ئەمنییەکانی ترەوەن کردووە.
هادی عامریش، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە ئەنجوومەنى نوێنەران و حکومەتى فیدراڵ کرد، هەڵوێستی جدییان لەبەرانبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی هەبێت، بەتایبەت کە ئامارەکان ئاماژە بە زیاتر لە ٦٠ کوژراو و ١٠٠ بریندار دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە، زولفەقار حەیدەر قائیمقامی قەزای دووزخورماتوو ڕایگەیاند: یەکێک لە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری قەزاکە، کە "کەمپی شەهیدان" ە و بارەگای یەکێک لە لیواکانی حەشدە، کراوەتە ئامانج و زیانی ماددی بەرکەوتووە، وتیشى: خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لە بۆردومانکردنی بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە ڕۆژهەڵاتی مووسڵ کەسێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون، لەبەرانبەریشدا حکومەت جەخت لەوە دەکاتەوە لە ڕێگەی کەناڵە یاساییەکانەوە سزای ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە دەدات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە