1 کاتژمێر پێش ئێستا
89 جار خوێنراوەتەوە
ترەمپ: تا گەیشتن بە ڕێككەوتنێکى نوێ هێرشەكانی سەر ئێران بەردەوام دەبێت
پەیام
دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند، هێرشە سەربازییەكانیان بۆ سەر تاران تا كاتی گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی نوێ بەردەوام دەبێت و جەختی كردەوە، كە تەنیا (4) بۆ (6) هەفتەیان ماوە بۆ كۆتاییهێنان بە تەواوی ئەركە جەنگییەكانیان.
سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كرد، توانا مووشەكی و درۆنییەكانی ئێرانیان بە شێوەیەكی بێوێنە سڕیوەتەوە و ئێستا ئاسمانی ئێران بە تەواوی لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانیاندایە. ڕاشیگەیاند: هاوپەیمانی ناتۆ هیچ ڕۆڵێكی لەم جەنگەدا نییە و هاوشێوەی "پڵنگی كارتۆنی"ییە. ئەو وڵاتانە لە ترسی تێوەگلان نەیانویست هاوكاریی واشنتن بكەن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی كرد: من لە ئێران ناپاڕیمەوە بەڵكو ئێستا بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لێمان دەپاڕێنەوە"، بەڵام هۆشداریی دا ئەگەر تاران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەكەی نەبێت، دەبنە "خراپترین مۆتەكە" بۆیان.
ترەمپ دەڵێت: ئەگەر هێرشی فڕۆكەی بی-(2) نەبوایە، تاران تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا دەبووە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
سەبارەت بە گەرووی هورمز، سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، نابێت ئێران هیچ باجێك لەسەر هاتوچۆی كەشتییەكان دابنێت. ڕاشیگەیاند: هێرشە سەربازییەكانیان بۆ سەر تاران تا كاتی گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی نوێ بەردەوام دەبێت.
هاوكات جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند كە تاران ماوەی (47) ساڵە هێرش دەكاتە سەر بەرژەوەندییەكانیان، بۆیە هەموو ئامرازەكان بۆ نەهێشتنی مەترسییە ئەتۆمییەكان بەكار دەهێنن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە